Foto: Jonas Ekströmer/Scanpix

پێشنیازەبودجەی پایزەی حوکوومەت پێشکەش بە پەرلەمان کرا

شرۆڤەی پێشنیازەبودجەکە
4:49 min

پێشنیازەبودجەی پایزەی حوکوومەت ئەمڕۆ بەیانی لە کۆنفرانسێکی چاپەمەنیدا لەلایەن ئاندێرش بۆری وەزیری دارایی سویدەوە پێشکەش کرا. لە پێشەکیی ئەم بودجەیەدا کە بە بودجەی جانتای باغەڵیش ناوی دەرکردووە باسکراوە کە قەیرانی دارایی و بێبرەوەیی ئابووریی جیهان، هەروا بەری بە گەشەی دارایی سوید داوە و حوکوومەت هەرچەند هەوڵیش بدات ئەوا ناتوانێ تا ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەی بێکاریی وڵات دابەزێنێتە ژێر هەشت لەسەد.

لە پێشەکیی ئەم بودجەیەدا کە بە بودجەی جانتای باغەڵیش ناوی دەرکردووە باسکراوە کە قەیرانی دارایی و بێبرەوەیی ئابووریی جیهان، هەروا بەری بە گەشەی دارایی سوید گرتووە و حوکوومەت هەرچەند هەوڵیش بدات ئەوا ناتوانێ تا ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەی بێکاریی وڵات دابەزێنێتە ژێر هەشت لەسەد.

لەم پێشنیازەبودجەیەدا زوربەی پارەکان بۆ ئەوە دەچن کە خولی پێنجەمی داشکاندنی باج بۆ ئەو کەسانەی کار دەکەن دەستپێبکرێ، هەروەها ئاستی زێدەباجدانی دەوڵەتی هەڵکشێ. بەڵام بودجە بۆ پەروەردە و باشترکردنی هاوگونجیش لەبەرچاو گیراوە.

ئاندێرش بۆری وەزیری دارایی دەڵێ بەو گەشە لاوازە نێونەتەوەییەی هەبووە، ئەمە بە ڕێچارەیەکی شیاو دەزانین کە ئابووریی خۆماڵی هان بدەین. بۆری هەروەها دەڵێ بێبرەوەییەکی درێژماوەی بازاڕ لە ئاستی جیهانیدا هەبووە و سویدی ئێمەش وڵاتێکە زۆرتر بە هەناردە دەژی. لەم بارودۆخەدا زۆر سروشتی دەنوێنێ کە بە هاندانی ئابووریی خۆماڵی، هەوڵی پاراستنی کار بدەین.

نزیکەی ٢١ میلیارد کرۆن لەو ٢٥ میلیارد کرۆنە زیادییەی حوکوومەت بۆ بودجەی ئەمجارە لەبەرجاوی گرتووە بۆ بەهێزکردنی ئابووریی بنەماڵەکان تەرخان دەکرێ. نیوەی ئەویش بۆ داشکاندنی خولی پێنجەمی باجی سەر داهات سەرف دەکرێ و سێ میلیاردی دیکەش بۆ ئەوەی کەسانێکی کەمتر مەجبوور بن باجی زێدە بدەنە دەوڵەت، جگە لەو باجەی هەموو کەس دەیداتە کۆمۆنەکان. تا ئێستا ئەو کەسانەی ٣٦ هەزار کرۆنیان داهاتی مانگانە هەبوو، ئەم باجە زێدەیە دەدەن بەڵام بە دوای پەسندکرانی ئەم پێشنیازەبودجەیە، ئەوا ئاستی زێدەباجدان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مانگانە ٣٧٤٠٠ کرۆن مووچە وەردەگرن. هەڵبەت ئەوە وا دەکا کە گشت ئەوانەی کار دەکەن، باجێکی کەمتر بدەن. کارمەندێک کە مانگانە ٢٨١٠٠ کرۆن معاش وەردەگرێ، مانگانە ٢٧٣ کرۆن کەمتر باج دەدات. ئەوەش کە ٣٧٤٠٠ کرۆن وەردەگرێ باجەکەی بە ڕێژەی ٦٠٠ کرۆن لە مانگدا دادەشکێ.

بۆ خانەنشینانیش باج بە ڕێژەی سەد و چەند کرۆنێک لە مانگدا کەم دەبێتەوە. دەرچوویەکی‌ گەورەی دیکەیش خەرجی ئەندامەتی لە سندووقی بیمەی بێکاریی هاووڵاتیاندایە کە حوکوومەت خۆی لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٦دا خستییە بواری جێبەجێکردنەوە، بەو مانایە کە کارمەندانی ئەو کەرتانەی بێکارییان تێدا زۆرە، دەبێ ئەندامەتیی زیاتریش بدەن. بەڵام هەر لە هەمووان زیاتر کارمەندانی ڕیستوورانەکانن سوود لەم خاڵەی پێشنیازەبودجەکە دەکەن و خەرجی ئەندامەتیی سندووقی بیمەی بیكارییان بە ڕێژەی ٢٥٥ کرۆن کەم دەبێتەوە.

 کەچی ئەم چاکسازییەی حوکوومەت لە بودجەدا بە هیچ جۆرێک بە سوودی بێکاران و نەخٶشان ناشکێتەوە. ئەوە نەبێ یارمەتیی حوکوومەت بۆ کرێخانووی ئەو بنەماڵانەی منداڵیان زۆرە و ئابوورییان خراپە، بەرز دەبێتەوە. مانگێ ٢٠٠ کرۆن زێدەتر بۆ هەر منداڵە و دەبێتە ١٥٠٠ کرۆن لە مانگدا. بۆ دوو منداڵ بە ڕێژەی ٢٥٠ کرۆن کە دەبێتە سەرجەم ٢٠٠٠ کرۆن. بێت و بنەماڵەکە سێ منداڵ یا زۆرتریان هەبێ ئەوا سەرجەم ٣٠٠ کرۆنیان بۆ زێدە دەبێ و دەبێتە ٢٦٥٠ کرۆن لە مانگدا.

جگە لەوانەش پارەیەک بۆ یارمەتیی کاتی ئازاد ناودێر بە (fritidspeng) بۆ ئەو بنەماڵە منداڵدارانە لەبەرچاو دەگیرێ کە لە سەر سوسیال دەژین. ئەویش ٣٠٠٠ کرۆن لە ساڵدا بۆ هەر منداڵێکی قوتابیی پۆلیی چوار تا نۆیە. ئەو پارەیە دەبێ مەعلووم بێ کە بۆ چالاکییەکی کاتی ئازاد تەرخان کراوە.

ئاندێرش بۆری وەزیری دارایی پێی وایە کە ئەم چاکسازییانە لە باجدا و داشکاندنەکەی دەتوانێ ببیتە هۆی پەیدابوونی ١٣ هەزار کاری نوێ.

لە ناو پێشنیازەکراوەکاندا باسی چاکسازیی دیکەش کراوە کە ڕێ بۆ گەنجان خۆشتر دەکا بێنە ناو بازاڕی کارەوە. ئەویش بە ڕێی زیادکردنی پشتگیری لە شیرکەتان تا گەنجێکی زۆرتر بۆ کارفێربوون قەبووڵ بکەن. هەروەها دامەزرانی گەنجانی ژێر ٢٣ ساڵیش بۆ شیرکەتان کەمخەرجتر دەکاتەوە.

لە بواری فێرگەدا مامۆستا نوێیەکان و بەتایبەت ئەوانەی پسپۆڕییان هەیە، پێنج هەزار کرۆن زیاتریان مانگانە دەدرێتێ، هەڵبەت لە چاو مامۆستایانی‌تر. هەروەها بۆ باشترکردنی هاوگونجیش حوکوومەت دەیەوێ بۆ قوتابیانی بیانیی تازەهاتووی پۆلی سێ تا پێنج، لەهەفتەدا سێ سەعات زیاتر وانەی سویدی دابنێ. ئەو کۆمۆنانەش کە زیاتر پەنابەری تازەهاتوو وەردەگرن، یارمەتییەکی زیاتریان بۆ هەر سەرە و دەدرێتێ، دیارە ئەویش لە چاو ئەو کۆمۆنانەی پەنابەری تازەهاتووی کەمتر وەردەگرن.

وەک وردەکاریی زێدەتر: باجی سەر ئاڵکۆڵ زیاد بووە و هەر شووشە شەراب یا خواردنەوەی بەهێز دوو کرۆن گرانتر بووە و قوتووە بیرەیەکیش ٣٠ تا ٤٠ ئوێرە گرانتر دەبێت. ئەوانە سەرجەم وا دەکا کە کەسریی بودجەی وڵات بگاتە ٥٠ میلیارد کرۆن و قەرزی دەوڵەت زیاد کات.

بەڵام وەزیری دارایی ئاندێرش بۆری دەڵێ زەمەنەکە زەحمەتە هەرچەند بودجەکە جەند رەهەندی جۆراوجۆری هەیە.

ـ "بە واتایەک پێشنیازەبودجەکە نەرێتییە چون ئێمە بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی جیهان هانی ئابووریی خۆمان دەدەین و ئێمە پشتی کار دەگرین. شێواز و ڕەوتی کارکردی بازاڕی کار بەهێز دەکەین و ئامرازێک بەکار دێنین کە لە درێژماوەدا بە داشکاندنی ئاستی بێکاری دەشکێتەوە. پێشنیازەکە بەواتایەکیش چاوی لە داهاتوویە چون سەرمایەگوزاری بۆ فێرگەکان دەکا و هێزی ڕکەبەری و باشترکردنی کەشی شیرکەتان."

لە بەرنامەی سبەینێی زایەڵەدا شرۆڤەی ئەم پێشنیازەبودجەیە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەکەین کە لەگەڵ ئەوەی حوکوومەت جیاوازیی هەیە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".