وەزیری ژینگەی سوید و نوێنەری سوید لە کۆبونەوەی کەشوهەوا لە وەرشەو / Foto: Leif R Jansson/TT.

کۆبوونەوەی وەرشەو بەردی بناغەی ڕێککەوتنی جیهانیی کەشوهەوا

ئەمڕۆ نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی جیهانیی کەشوهەوا لە سەر ئەرکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەرشەو دەست پێدەکات.  هەرچەند ئەسڵی کۆبوونەوەکە ساڵی ٢٠١٥ لە پاریس دەکرێ بەڵام بە پێی قسەی لێنا ئێک وەزیری ژینگەی سوید وا بڕیاردراوە کە سەرەتا ڕێککەوتنێکی جیهانی لە بواری کەشوهەوادا بکرێ و بۆیەش ئەم کۆبوونەوەیەی وەرشەو بۆ خێراکردنی ڕەوتی دانوستاندنەکان و بوونە بنەمایەک بۆ وەها ڕێککەوتنێک دەورێکی گرنگ دەگێڕێ.

کۆبوونەوەی وەرشەو بە "ئیزگەیەک بەرەو پاریس، دوو ساڵی تر" ناودێرکراوە و نزیکەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت. بناغەی ڕێککەوتنە گەورە جیهانییەکەش لێرە دادەنرێ. ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی ٢٠٠٩ لە کۆپنهاگ بە ئەنجام نەگەیشت و زۆر کەسی هیوابڕاو کرد، ئەوا بڕیارە لە ساڵی ٢٠١٥دا لە پاریس وێکبهێنرێتەوە.

لێنا ئێک دەڵێ بەر لە هەموو شت، ئەوە گرنگە کە گەڵاڵەیەک بۆ چۆنەتیی کارکردن لەم پێناوەدا دیاریی بکرێ.

ـ "هیوادارم کە هەر لێرە گەڵاڵەیەک بۆ ئەم مەبەستە دیاری بکەین تا بزانین چۆن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی جیهانی لە سەر کەشوهەوا تێبکوشین و تا ساڵی ٢٠١٥ بە تەواوی ئامادەی بکەین. واتا ڕەشنووسی دەقەکە لە مانگی مەی ساڵی ٢٠١٥دا حازر بێ و ئەم ماوەیە بەڕاستی کورتە و لە مێژووی دانوستاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەرگیز ماوەیەکی وەها کورت بۆ ڕێککەوتن نەبووە. ئەمە کارێکی یەکجار زۆری گەرەکە!"

سوید لەم ناوەدا وڵاتێکی نموونەییە و پێشانی داوە کە دەتوانێ کەمکردنەوەی ڕێژەی دەردانی گازی گوڵخانەیی بە گەشەی ئابوورییەوە گرێ بدا و ڕێکیان خات. بەڵام دەوری هەرەگرنگتری وڵاتی سوید بە وتەی نوێنەر و سەرۆکی دانوستانکارانی سوید لە کۆبوونەوەی کەشوهەوا لە وەرشەو ئەوە دەبێ کە هەوڵ بدات پرد لە نێوان وڵاتانی جیاوازدا لێبدات کە ڕوانگەکانیان لە دانوستاندنەکاندا زۆر دوور لە یەکن.

ئاننا لیندستێد دەڵێ بڕوایەکی زۆر بە سوید و وڵاتانی سکاندیناڤیا هەیە. بە بڕوای من لێرەدایە کە ئێمە دەتوانین یارمەتیدەر بین. ئەویش بە ئەندامەتی لە هاوپەیمانیی وڵاتانی پێشکەوتوودا، هەروەها لە ڕێی قسەکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لە دەرەوەی ئەم بازنەیە وەستاون. بە شێوەیەکی کلاسیکی دروستکردنی ئەو پردانەی پێویستن لێبدرێن. ئەوەش بۆ دژدەرکەوتن لە بەرامبەر ناکۆکی و خراپلێکگەیشتنەکان کە دیارە لە هەموو دانوستاندنێکدا ئاسایی دەنوێنن.  

بابەتی گرنگی ئامادەسازیی ڕێککەوتننامەی کەشوهەوا، بڕیاردانە لە سەر ڕێسای گشتگری نێونەتەوەیی بۆ ئەندازەگرتن و کۆنترۆڵی ڕێژەی بڵاوبوونەوەی گازی گوڵخانەیی و دابینکردنی پارەی پێویست بۆ وەها خەرجێکی زۆر لە ڕێی فۆندێکی تایبەت بە کەشوهەوا. ساڵی ٢٠٠٩ کە کۆبوونەوەی کۆپنهاگدا بڕیار لە سەر ئەوە درا کە فۆندێکی سەوز بۆ ئەم مەبەستە پێکبێ کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە هەموو ساڵێ نزیکەی ٧٠٠ میلیارد کرۆن  بداتە ئەو وڵاتە پێشکەوتووانەی یارمەتیی کەمبوونەوەی ڕێژەی دەردە و ئاوەڕۆ و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا دەدەن. بۆ ئەم فۆندەش سوید ٣٠٠ میلیۆن کرۆنی بۆ ساڵی داهاتوو پەسند کردووە. هاوکاتیش باس لە چۆنەتیی گواستنەوەی ئەم تەکنیکەیە و ئەوەی کە چۆن ڕاپۆرتی ئەو دردە و ئاوەڕۆیە بدرێ.

پێشتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردبۆوە کە تێیدا جەختکرابووە سەر دەوری مرۆڤەکان لە گەرمبوونی زەویدا و تێیدا بۆ نموونە هاتووە کە دەبێ هەرچی زووتر بۆ بەرگرتن بە بڵاوبوونەوەی زیاتری گازی گوڵخانەیی لە زەویدا کاری پێویست ئەنجام بدرێ. ئاننا لیندستێد نوێنەری سوید لەم کۆبوونەوەیەدا پێی وایە کە ئێستا لە چاو چوار ساڵ لەوەپێش شانسیکی زۆرتر بۆ سەرکەوتن لەم پێناوەدا هەیە، بۆنموونە دوو وڵاتی ئەمریکا و چین کە لە کۆبوونەوەی کۆپنهاگدا زیاتریان لەمپەریان خستبووە سەر ڕێی دانوستاندنەکان، ڕوانگەکانی خۆیان گۆڕیوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".