پارتی چەپ گەڵاڵەی شەش سەعات کار لە ڕۆژدا پێشکەش دەکات

پارتی چەپی سوید، ڤێنستر پارتیێت، گەڵاڵەیەکی ئامادە کردووە کە چۆن دەتوانرێ لە ماوەی دە ساڵدا، بەرنامەی شەش سەعات کار لە رۆژدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام سەرۆکایەتیی ئەم پارتییە نایەوێ جارێ و تا بەر لە هەڵبژاردنی وڵات لە مانگی سێپتەمبردا ئەم گەڵاڵەیە بخاتە ڕوو.

بە گوێرەی ئەم پێشنیارە، ڕادەی کار لە نێوان ٣٠ تا ٣٥ سەعات لە هەفتەدا دەبێ و هەر هەمان مووچەش وەردەگرن. ئەم ئاڵوگۆڕەش هەموو ساڵێ لە نێوان ١١ تا ١٢ میلیارد کرۆنی تێدەچێ.

ئارۆن ئێتزلر سکرتێری ئەم پارتییە دەڵێ سەرۆکایەتیی نوێی پارتییە کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەڵدەبژێردرێ بڕیار لە سەر ئەمە دەدات کە چۆن لە پێناو ئەم سیاسەتەدا هەنگاوهەڵێنێتەوە.