ئامینە کاکەباوە، وێنە: لە فەیسبوک وەرگیراوە

"بۆ دەبێ پارتی چەپ تەنیا لەبەر ژنبوون کەسێک بپاڵێوێ؟"

کۆنگرەی پارتی چەپ
7:05 min

پارتی چەپ لە کۆنگرەی دوایی خۆی کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بەڕێوەچوو زۆر بەئاشکرا باسی لەوە کردەوە کە پرسەکانی بواری ریفاە و خوشگوزەرانیی سوید نابێ ببنە شتێک کە سوودی مادییان لێبکەوێتەوە. هەر ئەمەش وەک خاڵێکی گرنگی قسەو باسەکانی ئەم پارتییە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەبن. هەرچەند بۆچوونێک هەبوو کە دەیگوت با قەدەغەی تەواو لەسەر هەموو بابەتە ریفاهیانە داندرێن کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەنابرێن بەڵام کۆنگرە بریاری دا کە دژی بەشی ئەهلیی ریفاە نەوەستێتەوە بەڵام بێت و بە سوودەوە گرێدراو بێ، ئەوا قەبووڵی نەکا. ئەم پرسەش لەکاتی هەڵبژاردندا لەلایەن پارتییەکەوە بە گەرمی دێتەوە گۆڕێ.

پارتی چەپ بڕیاری دا کە یەک لەسەدی بودجەی وڵات بۆ کولتوور تەرخان کرێ و بوون و مانەوەی رادیۆ و تلەڤزیۆنی پابلیک سێرڤیس لە دەستووری وڵاتدا دەستەبەر بکرێ.

پارتی چەپی سوید لە کۆنگرەی خۆیدا لیستی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپای دیارکرد. پێشنیازی کومیتەی ئامادەکار بۆ هەڵبژێردرانەوەی میکاییل گوستاڤسۆن نوێنەری ئێستای حیزبەکە لە سەرووی لیستەکەدا قەبووڵ نەکرا و باسەکە بوو بەوە کە کێ فیمینیستی باشترە. بە ١٠٦ دەنگ لەبەرامبەر ١٠٤دەنگدا سەرەنجام ئەم بۆچوونە قەبووڵ کرا کە پارتییەکی فیمینیستی وەک چەپ دەبێ ژنێکی لە ڕیزی یەکەمی لیستەکەی دانێ. ئەو کەسە‌ش مالین بیۆرکە کارمەند و ئەندامی گرووپی چەپ لە پەرلەمانی ئەورووپادا لە بروکسێل. گوستافسۆنیش بوو بە کەسی دووەم.

لە کۆنگرەی پارتییەکەدا ڕەخنە لەوەش گیرا کە لەوەتەی یووناس خوێستێدی پیاو بۆتە سەرۆکی پارتییەکە، ئەوا سکرتێرێکی پیاوی هەڵبژاردووە کە ئارۆن ئێتزلر بێ، سەرۆکگرووپەکەی لە پەرلەماندا هانس لیندەیە کە پیاوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە دەگوترێ ئەم حیزبە تەنیا بە قسە باسی فیمینیزم ناکا بەڵکوو لە کردەوەشدا ئەم فیمینیستبوونە دەسەلمێنێ کەچی هیچ ژنێکی لە ئاستی بەرزی سەرۆکایەتیدا دانەناوە.  

مالین بیۆرک کە ئێستا پاڵێوراوی یەکەمی ئەم حیزبەیە بۆ ئەندامێتی لە پەرلەمانی ئەورووپادا دەڵێ پارتییەکە وا باشترە کە دەرەنجامگریش بێت و سیاسەتی فیمینیستبوونی پارتییەکە لە کردەوەشدا دەرکەوێ. من ئەوەم هیچ پێ سەیر نییە کە وابێ!

هەروەک چاوەڕوانیش دەکرا یووناس خوێستێدا جارێکی تر وەک سەرۆکی پارتی چەپ هەڵبژێردرایەوە و ئەمە دوور لە چاوەروانی نەبوو. ئەو لە وتاری کۆتاییدا دژی حوکوومەت و پارتی دیموکراتەکانی سوید قسەی کرد و گوتی حیزبی چەپ ئەرکی سەرشانێتی کە کاتێکی زۆر بۆ ئەم پارتییە تەرخان کات. بێت و ڕووی دەرەوەی زۆربەی دیموکراتەکانی سوید داڕووشی ئەوا نەژادپەرستی و نەفرتەکەیان دەردەکەوێ. ییمی ئۆکێسۆن تەنیا رەگەزپەرست نییە بەڵکوو بەشێکیشە لە کەرەسەی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی بورژوای وڵات.

خویستێد گوتی ییمی ئۆکێسۆن کێیە؟ گەنجێکی پێشتر مودێرات کە لە لوند زانستی کۆمەڵایەتی خوێندبوو. قەت کارێکی جیددیی نەبوو وەک ئەوەی ئێستا پیشەکەی سیاسەتە. ئەو بەشێکە لە کەرەسەی سیاسەت. هەروەها بێت و کەسێک دەنگی پێبدا ئەوا کارل بیلد و فرێدریک ڕاینفێڵدیشی لەگەڵ دەکڕێ.

خاڵێکی دیکەی کۆنگرەکە ئەوەیە کە لەبەر نەبوونی کات، سەرۆکایەتیی پارتی چەپ لە کۆنگرەی خۆیدا نەپەرژایە سەر پرسە گرنگەکانی جێموناقەشەی یەکێتیی ئەورووپا.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".