Foto: Anders Wiklund /TT

شیرکەتی هێڵی ئاسنی سوید ٤٠٠ کەس لە کار دەردەکات

کۆمپانیای هێڵی ئاسنی سوید (SJ) بەتەمایە یەک میلیارد کرۆن پاشەکەوت بکا و هاوکات لەگەڵ پێشکەشکردنی بەستەی پاشکەوتکردنی خۆی ئەم بەیانییەش کارمەندانی لە ئالوگۆڕەکانی ناو ڕێکخستنەکەی ئاگادارکردەوە. بەپێی ئەو زانیارییەی تلەڤزیۆنی سوید درکاندوویەتی لە ئەنجامی ئەو پاشکەوتکردنانەدا ٤٠٠ کەس لە بەشی ئیداری و فرۆشدا لە کار دەردەکرێن.

هۆکاری پاشکەوتکردنەکە بەر لە هەموو شت ئەو ڕکابەرییە زۆرەیە کە لە بواری هێڵی ئاسندا هەیە. بۆنموونە ئەم پاییزەی بێت یەکێ لە ڕکابەرانی ئەم کۆمپانیایە دەست بە ئاژووتنی قیتار لەنێوان ستۆکهۆڵم و یۆتێبۆریدا دەکات کە لەڕاستیدا ئەم هێڵە بە سەرچاوەی یەکەمی داهاتی کۆمپانیای ئێس‌یی لە قەڵەمدەدرێ.

پارتی ژینگە دەور و بەرپرسێتیی سەرەکیی ئەم دەستپێوەگرتنە دەخاتە پاڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هاوپەیمانی ڕاست و لە ڕاگەیاندنێکی چاپەمەنیدا دەڵێ ئەمە سیاسەتی حوکوومەتە وای کردووە کە ئێس‌یی لە هێڵی هەرەپڕداهاتی خۆیدا ڕکابەری وا بەهێزی لێ پەیدابێ کە لەئەنجامدا مەجبووربێ ئەوەندە کارمەندە دەرکات.

پارتی ژینگە پێیوایە وا باشترە کە مەرجی سووددەربوونی ئێس‌یی دەبێ هەڵگیرێ و بەرپرسییە سەرەکییەکەی لە ترافیکی نەتەوەییدا بۆ بگەڕێنرێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو ئێس‌یی بەرنامەی سەرمایەگوزارییەکی سێ و نیو میلیاردکرۆنیی بۆ نووژەنکردنەوە و بواری تەکنیکیی قیتارەکان ڕاگەیاند.

هەروەها جێی ئاماژەیە کە بێژین ئەمڕۆ هەروەها ڕاگەیەنرا شیرکەتی قیتاری بارهەڵگری گرین کارگۆ کە ئەویش سەر بە دەوڵەتە، ٦٠٠ کەس لە کارمەندانی تا ساڵی ٢٠١٦ لە کار دەردەکات.  ئەم شیرکەتە ٢٣٠٠ کارمەندی هەیە و یەک لە چوار کارمەندی دەبێ لە کار باوێژێ!

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".