ڕێژەی ئەوانەی خۆ نەخۆشنووس دەکەن زیاتر بووە

لەوەتەی ساڵی ٢٠١٠وە ژمارەی ئەو کەسانەی خۆ بە نەخۆش دەنووسن یەکجار زۆر بووەە و تەنیا لەماوەی یەک ساڵدا ئەم ڕێژەیە لە ١٥٠ هەزار کەسەوە بۆ ١٧٠ هەزار کەس بەرزبۆوە. ئەوەش لە کردەوەدا یانی خەرجیی سندووقی بیمە (Försäkringskassan) بۆ قەرەبووی نەخۆشی، یەکجار زیادی کردووە.

ئولف کریسترسۆنی مودێرات کە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی یە دەڵێ ئەم زێدەبوونە جێی نیگەرانییە چون گەلێ نەخۆشیی کورتماوەش دەتوانن ببن بە گەلێ نەخۆشیی درێژماوە. ئەمەش ئاستێکی تەواو جیاوازە لە چاو ئەوەی پێشتر بە خراپ دادەنرا. بۆیە دەبێ بە جیددی بگیرێ.

ساڵی رابردوو ڕێژەیەکی وەها زۆر لە دایک و باوکیان لەبەر نەخۆشی منداڵەکانیان لە ماڵ مانەوە کە هەرگیز نموونەی نەبووە. دەزگای سندووقی بیمە لە ڕاگەیاندنێکی چاپەمەنیدا باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠١٢ دا هەر منداڵە و سێ ڕۆژ و نیو لەبەر نەخۆشی لەلایەن دایکوباوکەوە لە ماڵەوە چاوەدێرییان لێدەکرا ـ بە سویدی vabbdagar ـ کەچی ساڵی پار بوو بە چوار ڕۆژ. واتا دانەڕۆژێک بۆ هەر منداڵە و زیادی کردووە. هۆکارەکەشی لە گوێن لێکدانەوەی ئەم دەزگایە بڵاوبوونەوەی بەرچاوی ڤایرووسێک بوو کە منداڵانی تووشی نەخۆشی کرد، هەروەها ئەوەش کە داواکردنی قەرەبووی ئاگاداری لە منداڵی نەخۆش لە پێشوو ئاسانتر بۆتەوە. بۆ نموونە ناردنی بەڵگەی سەلمێنەری ئەم ئاگادارییە چیدی پێویست ناکا.

لە پاییزی ڕابردوودا وەزیری ئابووری ئاندێرش بۆریی مۆدێرات، شەش میلیارد کرۆنی تریشی دا بەم سندووقە تا بتوانێ خەرجیە زۆربووەکانی لێوەی بدات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".