Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/

خوێندکاران لە سەر تویتەر ڕای خۆیان سەبارەت بە فێرگەکان دەردەبڕن

"هیوادارم لە باسەکان سەبارەت بە فێرگەکان ڕای خوێندکاران لە بەرچاو بگرن"
5:46 min
Olivia Onwuta skapade hashtaggen #Björklundskola där elever ger sina berättelser om skolan. wêne: Bengt Hansell/Sveriges Radio.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠٠٠ بەسەرهات و وتار لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سەبارەت بە فێرگەکان بڵاوبووتەوە. لە سەر تویتتەر لە ژێر هاشتاگی #Björklundskola خویندکاران و کەسانی دیکە ڕای خۆیان لە سەر فێرگەکانی سوید دەربڕیوە. لە سەرەتاوە ئەم هاشتاگە و باسکردنی فێرگەکان لە سەر تویتەر بە وشەکانی خوێندکار ئولیڤیا ئۆنوتا دەستی پێکرد. 

ئۆنوتا دەڵێ لەسەر تویتەر ڕێک  پرسیم ئایە بیری ئێوە لە سەر فێرگەکان چیە؟ سەبارەت بە داهاتوی خۆتان چۆن بیردەکەنەو و بە گشتی بیرو ڕای ئێوە لە سەر خوێندن و تەجروبەکانتان چین؟ لە دوای ئەم پرسیارانە لە سەر تویتەر زۆر کەس وەلامی دامەوە. لە ئاکامدا ئەم جوابانە بوون بە مەیەی دەستپێکردنی هاشتاگێک لە سەر تویتەر بە ناوی #Björklundskola بۆ کۆکردنەوەی گشت وەڵامەکان و بە یەکەوەگرێدانی ڕای خوێندکاران.

ئونوتا هەروەها دەڵێ زۆربەی گەورەساڵان باسی فێرگەکان و خوێندکاران دەکەن. ىەڵام قەت لەگەڵ ئێمە قسە ناکەن. تەنها باسمان دەکەن و بۆیە بە باشم زانی لە ژێر ئەم هاشتاگە ڕای خوێندکاران بە گەورەساڵان نیشان بدەین.

لە دوای ڕاپۆرتی پیسا کە لێهاتوویی و نومرەکانی خوێندکارانی چەندین وڵات بەراورد دەکات باسکردنی فێرگەکان بەربڵاوتر بوو. ئەوەش بە هۆی ئەوەی کە خوێندکارانی سوید لە بەراوردکردنی نێونەتەوەیی نومرەکانیان خراپ دەرکەوت و سوید یەکێک لە وڵاتانی هەرە خراپ بوو.  لەو کاتەوە وەزیری پەروەردە یان بیۆرکلوند ڕەخنەیەکی زۆری لێ گیراوە و هەر بۆیە ئۆلیڤیا ئونوتا لە ژێر هاشتاگی بیۆرکلوندسکولان لە سەر تویتەر دەستی بە ڕادەڕبڕین لە سەر فێرگەکان کرد.

ئەوانەی کە لە ژێر هاشتاگی بیۆرکلوندسکولان ڕای خۆیان دەربڕیوە زۆربەیان خوێندکارن. یەکێکیان دەنوسێت – " #Björklundskola وا دادەنێت کە ئێمەی خوێندکار گێژ و تەمەڵین و پێمان خۆشنیە لە دەرسەکانمان سەرکەوتو بین." خوێندکارێکی دیکە دەنوسێت – "تەنها شتێک کە #Björklundskola فێریکردووم ئەوەیە کە من هەر چەندە هەوڵبدەم هێشتا بەس نیە".

بە پێی قسەکانی ئولیڤیا ئونوتا لە بەرنامەی پێ ئێت مۆڕگۆن لە کەناڵی یەکی ڕادیۆی سوید ناڕەزایی خوێندکاران دەگەڕێتەوە سەر ڕیفۆرمی نوێ کە بە ڕای ئولیڤیا ئونوتا ناڕوونە و هەوڵەکانم بێ مانان".

ئونوتا دەڵێ پێموایە بە هۆی ڕیفۆرمی نوێ خوێندکاران ناڕازین. لە دوای ئەم ڕیفۆرمە ناڕوونە ئایە خوێندکاران دەبێ هەوڵ بۆ چ بدەن. ئونوتا هەروەها دەڵی چاوەڕوانیەکان زۆر سەختن و هاوکات مامۆستایان بەتەواوی نازانن ئەم ڕیفۆرمە نوێیە چۆن لێکبدەنەوە.

ئەو ڕیفۆرمەی ئولیڤیا ئونوتا باسی دەکات ڕیفۆرمی نوێی نومرەکانە، کە پێشتر سێ پلە بوو و ئێستا بۆتە شەش پلە. سەبارەت بە نومرەی شەش پلە ئونوتا دەڵی لە دوای ئەم ڕیفۆرمە خوێندن سەختتربووە چونکە نازانم دەبێت چبکەم تا نومرەیەکی دیاریکراو وەبگرم.

هەروەها بە پێی قسەکای ئۆلیڤیا ئەم هاشتاگە و باسەکە مەبەستی سیاسی لەدوا نیە. تەنها بە هۆی ئەوەی کە وەزیری پەروەردە ناوی یان بیۆرکلوندە ئەم هاشتاگە بەم ناوەیە. بەڵام پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت کە حزبەکان لە ژێر ئەم هاشتاگە لە ڕێگای تویتەر سوود لە ڕەخنەی خوێندکاران وەردەگرن.

ئونوتا دەڵێ لە سەرەتاوە ئەم ڕەخنەگرتنە لە ڕێگای تویتەر لە ژێر هاشتاگی بیۆرکلوندسکولان هیچ مەبەستی سیاسی نەبوو. بەڵام هاوکات بەوە گەیشتووم کە حزبە سیاسیەکان دەتوانن سوود لەم هاشتەگە وەربگرن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بێنن. ئونوتا هەروەها دەڵێ لە سەرەتاوە مەبەستی من ئەوە بوو کە تیشک بخەمە سەر ڕای خوێندکاران و رووم لە هیچ لایەنەکی سیاسی نەبوو. بەڵام پێم باشە کە سیاسەتوانان ئاگاداری ئەم باسە و ئەم هاشتاگە بوونە.

ئەم ساڵ کە دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکیەتی ئەوروپا و هەڵبژاردنی نەتەوەیی سوید بەڕیوەدەچن پرسی فێرگەکان و لێهاتویی خوێندکاران باسێکی گەورەیە. بەڵام ئەم باسانە بێ ئیستسنا تاکوو ئێستا لە لایان گەورەساڵان بووە و تەنها باسی خوێندکاران و فێرگەکانیان کردووە. بەشێکی زۆری باسەکان ڕەخنەگرتن لە وەزیری پەروەردە یان بیۆرکلوند بووە. هاوکات ئەم باسە لە نێوان حزبەکانی هاوپەیمانی ڕاست بووە بە هۆی ناکۆکی. هەر سەبارەت بەمە ئەمڕۆ پارتی مودێڕات کامپانیەکی نوێی سەبارەت بە فێرگەکان پێشکەش کرد.

تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە ئەگەر هاوپەیمانی ڕاست لە هەڵبژاردنی نەتەوەیی سەرکەوتوبێت پۆستی وەزیری پەروەردە لەوانەیە بە کەسێکی دیکە بدرێت و یان بیۆرکلوند وەلابندرێت.

بەڵام بۆ ئۆلیڤیا ئونوتا گرینگتر ئەوەیە کە باسەکان بەردەوام بن و دەڵێ هیوادارم لە درێژەی باسەکاندا تەنها گەورەساڵان لایەنێکی باسەکە نابن و ڕای خوێندکارانیش لە بەرچاو بگرن. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".