Carl Bildt - wêne: Bertl Enevåg Ericson / TT

کارل بیلدت حەوتووی داهاتو سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات

وەزیری دەرەوەی سوید کارل بیلدت دووشەممەی داهاتو ٣ی فێبرواری سەردانی ئێران دەکات. سەردانی کارل بیلدت بۆ ئێران سێ ڕۆژ دەخایێنێت و لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران دادەنیشێت. 

بە پێی قسەکانی کارل بیلدت لە کاتی سەردانکردنی بۆ ئێران گرینگی بە دوو خاڵی سەرەکی دەدات. یەکێک لەم دوو خاڵانە سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە. سەبارەت بەمە کارل بیلدت نیازی ئەوەیە لە دانیشتنەکانی لەگەل وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران  باسی ئاوەڵاتربوون و گۆڕانی خەتی سیاسی ئێران بەرامبەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بکات و لە مەبەستی ئێران بکۆڵێتەوە.

هەروەها بەشێکی زۆری باسەکانی بیلدت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران دەبێت. مانگی نۆڤێمبەری ٢٠١٣ ئێران لە ڕێککەوتنێکدا قبوڵی کرد بەرنامەی ئەتۆمی خۆی ڕاگرێت ئەگەر فشاری گەمارۆکان کەم بکرێتەوە. لەو کاتەوە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا سەردانی ئێرانی کردووە و بەڕێوەبەری سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا -  کاتێرین ئاشتۆنیش - بەتەمایە سەردانی ئێران بکات.

بەر لە سەردانی وەزیری دەرەوەی سوید بۆ ئێران ڕاگەیاندرەوە کە بیلدت لەگەڵ حەسەن ڕووهانی دانانیشێت. سەرەڕای ئەوە بیلدت بەتەمایە ڕەخنە لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بگرێت.

بیلدت دەڵێ دیالۆگێکمان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دەستپێکردووە و سوید یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە جیددی تیشک دەخاتە سەر ئەم پرسە و ئێرانش بە باشی ئاگاداری ڕەخنەی سویدە. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".