Foto: Magnus Hjalmarson Neideman/TT

دەرئەنجامەکانی کەمبوونەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییە بچووکەکان

دیموکراسی و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی
6:08 min

لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە کۆمۆنە بچووکەکان دەتوانن ئەگەر بیانەوێ ڕێژەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییان لە ٣١ەوە بۆ ٢١ کەمکەنەوە. لێرەدا پرس ئەوەیە ئاخۆ کۆمۆنە بچووکەکان لەسەر ئەمە چۆن دەفکرن و پرسی دیموکراسی چی لێدێتەوە کاتێ کەسانێکی کەمتر لە ئەنجومەنی شارەوانیدا نوێنەرایەتیی بۆچوونەکانی تر بکەن؟  

لە گوێن یاساکانی کۆمۆن (kommunallagen) ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمۆنەکان بێت و ئاپۆرەیان لە ١٢ هەزار کەمتر بێ ئەوا دەبێ ٣١ کەس بێ و لە شارێکی گەورەی ستۆکهۆڵم ١٠١ کەس. بەڵام لەم مانگەی دادێوە ئەگەر ئاپۆرەی نیشتەجێی کۆمۆنەکە لە ٨ هەزار کەس کەمتر بێ، ئەوا ڕێژەی ئەندامانی ئەنجومەنەکەیان بۆ ٢١ کەس دادەبەزێ. ئەویش نزیکەی یەک لە سەر سێی ٢٩٠ کۆمۆنەکەی سوید دەگرێتەوە. لەمناوەدا کۆمۆنەکان خۆیانن کە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە ئاخۆ ئەم کارە بکەن یان نا.

بەڵام کاتێ ڕێژەی دانیشتووانی کۆمۆنێک کەم بێ، ئەوا سیاسەتوانی پێویستیش کە لە ئەنجومەنی شارەوانییەکەدا نوێنەرایەتیی هەموو بۆچوونێک بکات بە زەحمەت دەبینرێتەوە. هەر ئەمەش وای کرد کە ساڵی ڕابردوو توێژینەویەکی دەوڵەتی پێشنیازی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەندامانی ئەنجومەنەکەی هێنایەو گۆڕێ و دەستی ئاوەڵاکردن کە هەر خۆیان بڕیار لە کەمکردن یا نەکردنی ئەم ژمارە نوێنەرانە بکەن. پێشبینی ئەوەش دەکرێ کە حوکوومەت لە بەهاردا پێشنیازەیاسایەک لەم بارەوە پێشکەش بە پەرلەمان بکات.

ماتس ئێریک ڤێسترلوند لە پارتی دۆرۆتییا کۆمون لیستا لەو ٣١ کورسییەی ئەنجومەنی شارەوانیی کۆمۆنی دۆرۆتێیا (Dorotea)، خاوەنی حەوت کورسییە. ئەم کۆمۆنە لەلایەن سوسیالدیموکرات و چەپەکانەوە بەڕێوەدەچێ . ئەو دەڵێ کەمکردنەوەی ڕێژەی نوێنەرانی ئەنجومەن لە ٣١ەوە بۆ ٢١ کارێکی باشە و پاارتییەکەشی ئەم پێشنیارەی کردووە بەڵام بڕیاری یەکجاری لە مانگی فێبرڤەریدا دەدرێ: ئێمەی سیاسەتوانیش دەبێ بە خەڵک ڕابگەیێنین کە لە پاشکەوتکردندا بەرپرسین. ڕەنگە پارەیەکی زۆریش نەبێ بەڵام باسە سەرەکییەکە لەسەر سیاسەتە.

لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەم کۆمۆنەدا بڕێک زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس بەشدار بوون و دەنگیاندا و تەنیا بە ٥٠ دەنگەوە دەکرا خاوەن نوێنەر بیت لە ئەنجومەنی شارەوانیدا. ماتس ئێریک ڤێسترلوند دەڵێ بە کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەو ئەندامانە، دیموکراسی خەوشی پێناگا بەڵام بە زیانی پارتییە بچووکەکان دەشکێتەوە. ئەو دەڵێ ڕەنگە لەم حالەتەدا تەنیا دوو پارتی دەنگ بێننەوە و ئەوانی دی کورسییان بەرنەکەوێ، هەرچەند ئەمە شتێکی زۆر دڵخوازیش نەبێ بەڵام دەبێ تاقیی بکەینەوە.

بچووکترین کۆمۆنی سوید ناوی بیۆرهۆڵم (Bjurholm)ە و سەرۆکئەنجومەنەکەی مارییا بالنبەری یە لە پارتی سەنتەر. لەوێ دەسەڵات بە هاوپەیمانانی ڕاستە و ٢٠ کورسی لەو ٣١ کورسییەیان داگیرکردووە. لێرە هەر بە ٤٠ دەنگ دەکرا کورسییەک وەدەستبخەی. مارییا بالنبەری بە وردی بژاردوویەتی و دەزانێ کە بێت و ڕێژەی کورسییەکان لە ٣١وە بۆ ٢١ دابەزێ ئەوا دیسان هەر هاوپەیمانانی ڕاست دسەڵاتیان بەدەستەوە دەبێ بەڵام لە چاو حیزبەکانی تردا کورسییەکی زیاتریش لەدەست دەدەن. بۆیەش دەیەوێ هەر هەموو ٣١ کورسییەکە وەک خۆی بهێڵێتەوە و کەمیان نەکاتەوە.
ئەو دەڵێ بە کەمکردنەوەی ڕێژەی کورسییەکان پارتییە بچووکەکان تووشی زیان دەبن و لە ئەنجومەندا نامێنن. لە کۆمۆنێکی وەها بچووکدا هەموو بۆچوونەکان نوێنەرایەتی ناکرێن و لە ڕاستیدا کەمکردنەوەی ڕێژەی کورسییەکان بە زیانی دیموکراسی دەشکێتەوە.

نزیکەی دە ساڵ لەوەپێش کۆمۆنی بیۆرهۆلم دەیەویست ڕێژەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی کەمکاتەوە و بەتەمای پاشکەوتکردنیش بوو بەڵام لێی قەبووڵ نەکرا. مارییا بالنبەری دەڵێ ئەو کات نەکرا و گوتیان دەبێ یاسا بگۆڕدرێ، کەچی ئێستا ئەوە کراوە. بەڵام ئێستا کۆمۆنەکە نایەوێ ئەم کارە بکا چون لە ئەنجامەکانی ڕازی نییە.

بەڵام پارتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناو ئەنجومەن وەک هاوپەیمانانی ڕاست بیر ناکاتەوە و دەیەوێ ئەم ڕێژەیە کەمبێتەوە.

مارییا بالنبەری دەڵێ بە کەمکردنەوەی دە کورسی، تەنیا ٦٥ هەزار کرۆن پارە پاشکەوت دەکرێ. گرفتەکەی دیکە ئەوەیە کە بێت و ڕێژەی کورسییەکان کەمبێتەوە ئەوا ئەندامان دەبێ چەند بەرپرسیی جۆربەجۆریان بەدەستەوە بێ و ئەوەش دیسان هەر بە زیانی دیموکراسی دەشکێتەوە.  

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".