Foto: Scanpix

سەفەری وەزیری دەرەوەی سوید بۆ تاران چ ئامانجێک دەپێکێ؟

سەفەری کارل بیلد بۆ تاران
9:40 min

کارل بیلد وەزیری دەرەوەی سوید ئەم دووشەممەیەی بێت، سەفەری ئێران دەکا و چاوی بە هاوتای ئێرانیی خۆی دەکەوێ. بیلد هیوادارە بتوانێ ڕەخنەکانی خۆی لە کۆماری ئیسلامی بێنێتە گۆڕێ و هاوکاتیش لێی ڕوون بێتەوە کە ئاخۆ ئێران بەڕاستی دەیەوێ کرانەوەیەک لە سیاسەتی خۆیدا پێکبێنێ؟

کارل بیلد وەزیری دەرەوەی سوید دەڵێ لە لایەن ئێرانییەکانەوە داوایەک بۆ گەشەی پێوەندییەکان و کرانەوە بەرەوڕووی جیهانی دەرەوە هەیە. ئەوان حەز دەکەن کە پەرە بە دیالۆگ بدەن و ئێمەش حەز دەکەین بزانین هۆکار و ناوەرۆکی ئەم حەزە چییە.

کارل بیلد لە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتووەوە تا پێنجشەممە لە تاران دەبێ و بەر لە هەمووشتێکیش دەیەوێ چاوی بە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی محمدجواد ظریف بکەوێ. کارل بیلد دەڵێ هەڵبەت نابێ چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە تاکە دیدارێک لەگەڵ تاکە وەزیرێکی دەرەوە هەبێ بەڵام دەکرێ ئەمە بە بەشێک لەو چاوپێکەوتنە جۆراوجۆرانە لەگەڵیان ببینرێن. ئامانجمان لەو سەفەرە ئەوەیە کە ڕەنگە بتوانین ئەوانەی دەیانەوێ ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی ئێراندا پێکبێنن هان بدەین و تەشجیعیان بکەین.

ناوەرۆکی وتووێژەکان ئەوەندەی ڕاگەیەنراوە لە پلەی یەکەمدا بەرنامەی وزەی ناوکیی ئێران دەگرێتەوە. لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ ئێران واژۆکرا کە بە پێی، دەبێ کۆماری ئیسلامی بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمییەکانی خۆی ڕاگرێ تا گەمارۆ نێونەتەوەییەکانی لەسەر سووک بکرێتەوە. بەدوای ئەم ڕێککەوتنەدا بوو کە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا سەردانی ئێرانی کرد. باس لەوەش دەکرێ کە سەرۆکی کاروبااری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کاترین ئەشتۆنیش بەمزووانە سەردانی تاران دەکات.

کارل بیلد وێدەچێ نەتوانێ چاوی بە سەرکۆمار حەسەن ڕووحانی بکەوێ بەڵام هیوای ئەوە دەخوازێ کە بتوانێ ئەو ڕەخنانەی پێشتر سوید لە ئێران هەیبوون لە چاوپێکەوتنەکانیدا بێنێتە گۆڕێ. بیلد دەڵێ ئێمە گفتوگۆیەکمان لەسەر مافی مرۆڤ دەستپێکردووە و سوید یەکێ لە دەستپێشخەرانی هێنانەگۆڕی ئەم ڕەخنانە بووە و لایەنی ئێرانیش بە جوانی ئاگادارە لەوەی ئێمە ئەم ڕەخنانە باس دەکەین.


سەفەری کارل بیلد بۆ تاران لە ناو کوردەکانی سوید و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتۆتەوە. عەلی ئاشناگەر بەتەواوی دژی هەر سەردانێکی کاربەدەستانی وڵاتانی ئەمریکایی و ئەورووپاییە لە ئێران و دەڵێ ئەمە دڵخۆشکردنێکی ساویلکانەیە بە مەیلی بەدرۆی ئێران لەسەر سیاسەتی کراوەبوونی.

کەماڵ گروێسی دەڵێ سوید دەبێ هەروەک پێشوو لەسەر ڕۆڵی خۆی بۆ هاندانی کۆماری ئیسلامی لە کراوەبوونی بەردەوام بێ. کارل بیلد دەتوانێ و دەبێ باسی ستەمی حوکومەتی ئێران بکا و ئەو هەزاران هاووڵاتییە ئێرانییەش بە نموونە بێنێتەوە کە لەبەر زوڵم و زۆری ڕژێم، وەک پەنابەر لە وڵاتەکەی خۆی دەژین.

تاهیر خالیدی سوودێکی زۆر لەو پێوەندییەی ڕۆژئاوا و کۆماری ئیسلامیدا دەبینێ. ئەم دیدارانە نایەڵێ ئێران ببێتە کۆریای باکوور. خەڵک زیاتر چاووگوێیان دەکرێتەوە و دەرفەتی خۆڕێکخستن پەیدا دەکەن و هیچ نەبێ ئەو گوشارە شانهەڵتەکێنەی گەمارۆکان خسستوویەتە سەر خەڵک کەمدەکاتەوە و ڕەنگە نەیهێڵێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".