1 av 2
wêne: Zinat Hashemî, Pejvak
2 av 2
wêne: Zinat Hashemî, Pejvak

کارل بیلد بەرپەرچی ڕەخنەکان لە سەر سەفەری بۆ ئێران دەداتەوە

وەڵامی کارل بیلد
3:54 min

ڕۆژی دووشەممە کارل بیلد وەزیری دەرەوەی سوید سەردانی ئێران دەکا و ئەمە لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٢ کە ئاننا لیند سەفەری ئێرانی کرد، یەکەمجارە کە وەزیری دەرەوەی سوید ئەم کارە دەکا. پێوەندیی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا پاش هاتنەسەرکاری حەسەن رووحانی بە سەرۆککۆمار لەچاو ڕابردوو باشتربۆتەوە. ئێستاش کارل بیلد هیوادارە بەم سەفەرەی بتوانێ لە چەند خاڵی گرنگدا سەرکەوتن بەدەست بێنێ.

کارل بیلد دەڵێ پرسەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە سەرووی هەموو بابەتەکانی دیکەوەیە بەڵام ئێمە ئەو پێویستییەشمان بەوەیە کە دیالۆگێک لە سەر هەندێ پرسی هەرێمیش دامەزرێنین. وەک ئەفغانستان و سووریا. هەروەها دیالۆگێک لەسەر مافی مرۆڤ لە نێوان ئێران و یەکێتیی ئەورووپادا. لەو بارەوە هەندێ سیگناڵی ئەرێنیمان وەرگرتووە کە هێشتا بەتەواوی نەکەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوەوە.

کەچی ڕێک ئەم پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە بووە هۆکاری خۆپێشاندانی ژمارێک خەڵکی ناڕازیی پەڕیوەی ئێرانی سەر بە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق دژی سەفەری وەزیری دەرەوەی سوید بۆ تاران. ئێران پاش وڵاتی چین زۆرترین ڕێژەی لەداردانی خەڵکی لە ئاستی جیهاندا هەیە و تەنیا لە مانگی یانیڤەریدا نزیکەی چل کەس لەداردران.


ڕۆژی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ ئەوەی وەزیری دەرەوەی سوید لە پەرلەمانی سویددا چاوی بە هەواڵنێران کەوت، لە دەرەوەش خۆپێشاندانی ئێرانییەکانی دوورخراوە بەڕێوەبوو.

بەرلەوەی کارل بیلد سەفەری ئێران بکات دەبوا مەرجی دانابایە سەر ڕژێمی ئێران کە زیندانییە سیاسییەکان بەردات، کۆتایی بە ئیعدامەکان و کاری تیرۆریستی لەدەرەوەی وڵات بێنێ.

کەچی کارل بیلد بەرپەرچی ئەو ڕەخنانە لەسەر بەرنامەی سەفەرەکەی بۆ ئێران دەداتەوە و دەڵێ من پێموانییە بە سەفەرنەکردنی من ڕەوشی ئێران باشتر بێت. ئاننا لیند ساڵی ٢٠٠٢ لەوێ بوو و ئەوکات بارودۆخی مافی مرۆڤ زۆر لەوەی ئێستاش خراپتر بوو. ئەوەی نازانم کە ئایا بەوەی لەم ماوەیەدا کەس نەچۆتە ئەوێ، وەزعی ئەم وڵاتە باشتربووە یان نا؟

پێوەندیی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا پاش ئەوەی ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنێکی نێونەتەوەیی لەسەر بەرنامەی وزەی ناوکیی ئێران کرا، گەلێ باشتر بۆتەوە. کارل بیلد لە ماوەی سێ ڕۆژ مانەوەی خۆی لە ئێراندا چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئێران محمدجواد ظریف دەکەوێ و لەوانەشە سەرکۆمار ڕووحانیش ببینێ. کارل بیلد هیوادارە بتوانێ وێنەیەک لە بەربڵاوی و قووڵایی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ئێران دەکرێن وەدەست بخات.

ئەو دەڵێ من چاوەڕوانییەکی زۆرم لەو تاکە سەفەرە نییە بەڵام هیوام ئەوەیە کە ئەو شتانەی سەرکۆمار رووحانی رایگەیاندووە کە دەیەوێ بیانکا، ئەو پشتیوانە و دەسەڵاتەشی لە سیاسەتی ئێراندا هەبێ کە جێبەجێیان بکات. بەڵام ئێمە لەو شتە دڵنیان نین.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".