Foto: Henrik Montgomery/Scanpix

سیستمی ئای‌تیی پۆلیسی سەراسەری ڕەخنەی زۆری هاتۆتەوە سەر

ئەو سیستێمە نوێیە کۆمپیوتێرییەی پۆلیسی سوید کە بۆ دۆکۆمێنتکردنی لێکۆڵینەوەکان بەکاری دێنێ لەلایەن سەندیکای پۆلیسەوە ڕەخنەی توندی لێگیراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەن. ئاراستەی ڕەخنەکان ئەوەیە کە بە بەردەوامی هەڵەی وا لەو سیستێمەدا هەیە کە کارکردن پێی، زۆر خاو و خلیچک کردووە. بۆ وێنە کردنەوەی فایلێکی ئوتومبێلئاژووتن بە سەرخۆشی، کە پێشتر بە نیو سەعات جێبەجێ دەبوو ئێستا سێ چوار سەعات دەخایێنێ.

بەرپرسی سەندیکای پۆلیس لێنا نیتز بە ڕۆژنامەی داگێنزنیهێتری گوتووە کە ئەم سیستێمە کار ناکا و چاوەڕێی ئەوەیە کە سەرۆکپۆلیسی سەراسەری هەست بە بەرپرسێتیی خۆی بکا و ئەم سیستێمە هەڵوەشێنێتەوە. ئەم سیستێمە تا ئێستا ٨٥ میلیۆن کرۆنی خەرج هەڵگرتوووە و ئێستا سەرۆکی پۆلیسی سەراسەریی سوید، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستێمە هەڵدەسەنگێنێ.

هەرچەند لە سەرەتاوە بیر لەوە دەکراوە کە ئەم سیستێمە نوێیە زانیارییەی پۆلیسی سوید، ببێتە هۆی کاراتربوونی ئەم دەزگایە و دەرفەتێکی زیاتر بخوڵقێنێ بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان کەچی وای لێنەهات و ڕێک بەۆپێچەوانە دەرچوو.

ئێستاش پاش ماوەیەکی زۆر ڕەخنەی ناوخۆیی، سەرۆکپۆلیسی سەراسەریی سوید بێنگت سڤێنسۆن داوای توێژینەوەیەکی کردووە تا بڕیارێکی یەکلاییکەرەوەی لەسەر بدا: ئایا لە سەر بەکارهێنانی ئەم سیستێمە ناکارایە بەردەوام بێ یا خود چەند میلیۆن کرۆن پارە بە قەرز وەرگرێ تا هەڵیوەشێنیتەوە.

ئەو سیستێمە نوێیەی ئای‌تیی پۆلیس کە بۆ بەدوکیۆمێنتکردن و لێکۆڵینەوە هەر لە شوێنی ڕووداو و تاوانەوە بەکار دەهێنرێ، کار ناکات. هەبوونی هەڵە و کەمایەسیی زۆر لەم سیستێمەدا لە لایەن پۆلیس لە هەموو شوێنێکی سویدەوە راپۆرت دراوە. تەنانەت لە چەند پارێزگادا گرفتی سیستێمەکە وەها بووە کە نوێنەری بواری پاراستنی کارمەندان داوای ئەوەی کردووە کە سیستێمەکە لەبەر هۆکاری زیانگەیێن بە ژینگەی کار، بەتەواوی بگۆڕدرێ.

هەرچەند ئەم هەڵانە لە مانگی سێپتێمبرەوە ڕاگەیەنراون کەچی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سەراسەری، هیچ هەوڵێکی بۆ راستکردنەوە و لابردنی ئەم هەڵانە نەداوە. ئەمەش بۆتە هۆی بێبڕوایی و نادڵنیایی هەردەم لەزیادبووندا دەرهەو بەم سیستێمە.

لە سیستێمی نوێی پۆلیسدا پاترۆلی پۆلیس کومپیوتەرێکی دەستی لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و هەر لە شوێنی ڕووداوەکەدا ڕاپۆرت لەسەر تاوانەکە دەنووسێ و دەسبەجێ و ڕاستەوخۆ بەڕێیدەکاتە لای دادستێن. بێنگت سڤێنسۆن سەرۆکپۆلیس ی سەراسەریی سوید لە پایزی ڕابردوودا بە ڕادیۆ ئەڤلێبۆریی گوتبوو کە ئەم سیستێمە نوێیە گەلێ خێرایە و لە دەرەوەی ئیزبگەی پۆلیس و بە شێوەیەکی باش و کارا، لە گەلێ تاوان دەکۆڵێتەوە و بە ئەنجامیشی دەگەیێنێ:

کەچی ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە بەجێی سیستێمی ئێستا سیستێمێکی تر لەلایەن توێژەری تەکنیکیی پۆلیسەوە پێشنیار کراوە کە شیرکەتی ئوراکڵ بەبەرهەمی هێناوە و ئەو کەسەی ئەم ڕاسپێرییەی کردووە خۆی کارمەندی شیرکەتی ئوراکڵە. ئوولا ئوێلوند بەرپرسی گەشەی تەکنیکی زانیاریی دەزگای پۆلیسی سەراسەریی سوید دەڵێ دەوری ئەو کەسە ئەوە بووە کە وڵامی پرسیاران بداتەوە و یارمەتیی ئێمە لەم پلاتفۆرمەدا بدات.
ئوێلوند هاوکات دەڵێ ئەوەی ڕاوێژدەداتە دەزگای پۆلیس و کاری توێژینەوەی بۆ دەکات خۆی کارمەندی ئۆراکڵە و ئەمە هەڵبژاردنێکی بەجێ نەبووە هەرچەند کاری لێکۆڵینەوەکە لە ئیزگەی پۆلیسەوە و لەلایەن کارمەندانی بەشی ئای‌تیی ئەم دەزگایەوە سەرۆکایەتی کراون.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista