Foto: TT

لە ئێوارەی ئەمڕۆوە یاریزانانی سویدی خۆیان لە پێوانە دەدەنەوە

ئەم ئێوارەیە جیهان ڕوو لە رووسیا دەکا و چاوی بە ڕێوڕەسمی کرانەوەی یارییەکانی ئولەمپیکی زستانەی ٢٠١٤ لە سۆچچی دەگەشێنێتەوە. لە ماوەی دوو هەفتەدا باشترین یاریزانانی وەرزشەزستانییەکان هێزی خۆیان لەبەرامبەر یەکتردا هەڵدەسەنگێنن. سویدیش پاش دوو جار سەرکەوتنی بەرچاو لە ئۆلەمپیکی زستانەدا هیوادارە کە وا ئەمجاریش لە سوچی سەرکەوتن وەدەست بێنێ.

سەرۆکی کۆمیتەی سویدیی ئۆلەمپیک، ستێفان لیندەبەری دەڵێ ئێمە لە دوو یاریی دواییدا بەڕیز ١٤ و ١١ مەدالیامان هێنایەوە. ئەمەش گەلێ مێژوویی بوو چون بۆ جاری یەکەم بوو کە لە یارییەکی زستانەدا زیاتر لە دە مەدالیامان وەدەست دەخست. دیارە ئەم ئامارە ئێستا وەها گەش و درەوشاوە نییە بۆمان، بەمحاڵەوە دیسانیش حەز ناکەین ئاستی هیوامان دابەزێنین. ڕاگرتنی ئەم ئاستە جۆرێک سەربەرزی و شانازی لامان دەخوڵقێنێ.

ئامانجی کومیتەی سویدی ئولەمپیک، وەرگرتنی دە مەدالیایە لەم ئولەمپیکەشدا. هەرچەند ڕەنگە دە مەدالیاش زۆر نەبێ بەتایبەت کە سوید ساڵی ٢٠٠٦ لە تورین ١٤ و ساڵی ٢٠١٠ لە ڤەنکۆڤر ١١ مەدالیای بەدەست هێنا. بەڵام ئەوە تەنیا لە چوار ئولەمپیکی زستانەدا بووە کە سوید لە یارییەکدا دە مەدالیای هێناوەتەوە. ساڵی ١٩٩٨ سوید لە ئولومپیکی ناگانۆ سێ مەدالیای هێناوە و چوار ساڵ پێشتریشی لە لیللێ‌هاممار هەر چوار میدال.

بەڵام هیواگەورەکانی سوید لەم یارییانەدا کێن؟ مارتین مارلو هاوکاری ڕادیۆی وەرزش کە لە سوچییەوە راپۆرتی خۆی بۆ ڕادیۆی سوید دەنێرێ وەڵام دەداتەوە:

مارتین مارلو دەڵێ هەر دوو تیمی کورلینگی ژنان و پیاوانی سوید بەلانی زۆر مەدالیا دێننەوە. هەروەها تیپی هاکیی سەرسەهۆڵی "ترێ کروونور" کە قارەمانی جیهانە. لە یارییەکانی جیهانیی خلیسکێنی ئاڵپیش ئەم وەرزە سەرکەوتنی باشمان وەدەست هێنا. بۆیە دەتوانم بێژم کە پێنج شەش ناون کە زۆر لە وەرگرتنی میدال نزیکن.

ڕاستە کە ئیسکیبازی بەدەنگوناو ئانیا پەرشۆن کە لە سێ یاریی زستانەدا شەش مەدالیای بۆ سوید هێنابۆوە ئەمجارە لەگەڵ نییە، بەمحاڵەوە سوید گەلێ ناوی درەوشاوەی هەیە کە هیوای میدالیاوەرگرتنیان لێدەکرێ. لە ناو پیاواندا ئاندرێ میرر و ماتتیاس هارگین و بەتایبەت لە ناو ژناندا ماریا پیێ‌تێلێ ـ هۆلمنر (Maria Pietelä-Holmner) و بەر لەویش فریدا هانس‌دۆتتر. ئەو پاش ئەوەی هەشت جاران لە یارییە جیهانییەکانی ئیسکیی ئالپیدا دووەم هاتەوە، لە دوایین یاریی ئولەپیکی زستانەدا لە سلۆڤێنی یەکەمین خەڵاتی زێڕی خۆی بردەوە.

فریدا هانس‌دۆتتر لە وتووێژێکدا بە ڕادیۆی وەرزشی گوتبوو کە زۆر خۆشحاڵە و هەستێکی باشی هەیە چون دەزانێ کە دەتوانێ باشترین وەرزشوانی دنیا بێ و لە وەها حاڵەتێکدا ڕۆژی ٢١ی فێبرواری دوو یاریی خۆی دەکا و بە دڵخۆشییەوە هەوڵی بردنەوە دەدات.

ئەوەندەی یاریی هاکیی سەرسەهۆڵێش دەگرێتەوە زۆر کەس پێیان وایە کە سوید شانسی بردنەوەی یەکجار زۆرە کە جارێکی دی وەک ساڵی ٢٠٠٦ لە تورین، لە یاریی فیناڵدا لە فینلاند بباتەوە و میداڵی زێڕی ئولەمپیکەکە وەربگرێ.

مارتین مارلو لە ڕادیۆی وەرزش دەڵێ ئێستا ئەستێرە گەورەکانی سوید نێویان ئالێکساندر ستیین و هێنریک زێتربەری‌یە بەڵام ڕەنگە ئێمە هەستمان بەو ڕووناکییە گەشەیەی ئەو ئەستێرانە نەکردبێ. ئەوەش خۆی ئیمتیازێکی کلاسیکە کە ئێمە لە سوید هەمانە کە دەبێ وەک گرووپ دەرکەوین، نەک وەک ئەستێرەی تاک.

کەوابێ لە سێ یارییی کورلینگ، ئیسکیی ئاڵپی و هاکیی سەرسەهۆڵ، سوید شانسی هەرەباشی هەیە. بەڵام مارتین مارلو دەڵێ هیواکانی سوید بەوەندە تەواو نابن. چەند ناوێکیشمان لە ئیسکی دەشتپێویدا هەیە، بە سویدی (längdåkning)، هەروەها وەرزشێکی نوێش هەیە بە ناوی سلۆپ‌ستایک کە یارییەکە لە نێوان سنۆبۆرد و ئیسکیدا و زوربەمان زانیاریی باشمان لەسەری نییە بەڵام سویدییەکان لە ئاستی جیهانیدا لە پلەی هەرەژووردان.

جێی باسە کە ڕادیۆی وەرزش کە لەمڕۆوە تا ٢٣ی مانگ، هەموو ڕۆژێ و بۆ ماوەی ١٢ سەعات یارییەکانی ئولەمپیکی زستانی سۆچچی بڵاودەکاتانەوە.

ستێفان لیندەبەری سەرۆکی کومیتەی سویدی ئۆلەمپیک لەوە دەگا لە نووسینەکان لەسەر ئولومپیک پێویست ناکا هەمیشە هەر لە سەر وەرزش بێت بەڵام بۆ ئەو و کومیتەی سویدی ئولەمپیک تەرکیز جارێ هەر لە سەر ئەوەیە کە باشترین ئامادەیی بۆ یاریزانانی سویدی ئامادە بکات کە لە ئولەمپیکی زستانەی سۆچچیدا ژمارەیان ١٠٦ کەسە و خەون بە سەرکەوتنەوە دەبینن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista