Foto: Nick Ut/AP Photo/TT

"ژیانی ڕۆژانەی میدیایی گەنجان" لە سوید تاووتوێ دەکرێ

هەفتەی زانیاری بە گەورەساڵان لەسەر بەکارهێنانی ئینترنێت لەلایەن گەنجانەوە
4:41 min

بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی میدیایی دەوڵەت کە ئەرکی لێکۆڵینەوە لە چۆنەتیی بەکارهێنانی میدیا لەلایەن منداڵان و مێرمنداڵانی بەئەستۆوەیە، هەفتەیەک بۆ بڵاکردنەوە و شرۆڤەکردنی سەرجەم ئەو ڕاپۆرتانەی لەمبارەوە نووسراون، تەرخان کراوە.

سەرۆکی ئەم پرۆژەیە مارتینا ڤاگنر دەڵێ ئێمە دەمانەوێ کەرەسەی نوێ پێشکەش بەو کەسانە بکەین کە لەگەڵ منداڵان و مێرمنداڵان و بەڕێی میدیاوە کار دەکەن.


ئەم هەفتەیە بە سویدی ناوی "هەفتەی میک"ی لێنراوە کە کورتکراوەی (media- och informationskunnighet)، بە مانای توانایی زانیاری و میدیاییە. ئامانجیش ئەو گەورەساڵانەن کە لەگەڵ منداڵان کار دەکەن. مامۆستا، کتێبدار، پەروەردەکار و دایکوباوک و بەگشتی هەموو ئەوانەی دەکرێ توانایی منداڵان و گەنجان لە بەکارهێنانی ڕۆژانەی میدیاییدا بەهێز بکەن!

مارتینا ڤاگنر دەڵێ توانایی میدیایی و زانیاریی منداڵان، زانستی دەوری میدیایە لە کۆمەڵگادا. لەپاشان باسی توانستی دۆزینەوە، شرۆڤەکردن و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی زانیارییە و ئەوەی بتوانێ خۆی دەربڕێ و لە میدیای جۆراوجۆردا شتی بەناوەرۆک دروست بکات. یان توێژینەوە لە ڕاستبوونی سەرچاوە لە سەر ئینترنێت، لێکدانەوە و نرخاندنی وێنە، سەرچاوەی جۆراوجۆر و ناوەرۆک.

هەفتەی "میک" ڕێکەوتی هەیە لەگەڵ ڕۆژی نێونەتەوەیی ئینرنێتی دڵنیاتر (Safer Internet Day) کە دەکاتە ڕۆژی ١١ی فێبرڤەریی ٢٠١٤ و هەر دوو بۆنەش، باس لە ئاسوودەیی لە سەر ئینترنێت دەکەن.

مارتینا ڤاگنر دەڵێ ئێمە دەبێ زانیاریمان هەبێ لەسەر ئەوەی چۆن شت لە کەو دەین و هەڵیبژێرین، چۆن ڕەخنەگرانە ڕەفتار بکەین، چۆن لێیبکۆڵینەوە و چۆن شرۆڤە بکەین.

ـ "یەکەم تەمەنی بەکارهێنانی ئینترنێت بۆ منداڵانی سویدی سێ ساڵییە. دیارە ئەمەش مەرج دادەنێتە سەر شانی کۆمەڵگا و تاکەکەسانیش کە لە سەر ئینترنێتن کە ڕەفتاریان هەردەم ڕەخنەگرانە بێ،لە شت بکۆڵنەوە و بڕیاری میدیایی لە ژیانی ڕۆژانەی میدیایی خۆیان بدەن."

بە بۆچوونی مارتینا ڤاگنر سەر لە ئاخریش باس لە سەر دیموکراسییە بۆیەش گرنگە کە زانیاری و کەرەسەی پێویست لە ناو هەموو گرووپەکانی کۆمەڵگادا بڵاوبێتەوە.

مارتینا دەڵێ ئێستا ئەم کەرەسانە هەن و دەرفەت و پوتانسیێلی یەکجار زۆریش لەبەردەستن، هەم بۆ کۆمەڵگا و هەمیش بۆ تاکەکەسان تا دەنگی خۆیان بە گوێدا بدەن، تا لە جڤاکدا بەشدار بن، تا ببنە هاوولاتییەکی چالاکی کۆمەڵگا. هاوکات ئێمە ئەو مەبەستەشمان هەیە کە بۆ ئەوەی کاروبارەکان بەباشی بڕۆنە پێش، ئەوا دەبێ ئێمە خۆپڕچەک بکەین تا بەکارهێنانێکی شارەزایانە بکەین.

ئەم هەفتەیە ڕۆژی هەینی ١٤ی مانگ بە تاووتوێکردنی بڵاوبوونەوەی نەفرەت و بێزاری لە سەر ئینترنێت کۆتایی پێدێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".