Grafik: Liv Widell

خۆتێوەردانی سوید لە پرسی ڕیفراندۆمی وڵاتی سویس

بەگوێرەی لەقاودانێک کە بەشی ناوەندیی دەنگوباسی رادیۆی سویدـ ئێکۆت ـ کردوویەتی حوکوومەتی سوید پلانێکی نهێنیی هەبووە کە وا لە سویس بکات لە ریفراندۆمی ئەم وڵاتەدا لەسەر کڕین یا نەکڕینی فڕۆکەی شەڕکەری یاسی سویدی، دەنگ بە "ئا" بدرێ. ئەویش لەڕێی لۆبیکارییەوە بۆنموونە نووسینی وتاری ئەرێنی لە میدیاکاندا و بەکارهێنرانی ئەم فڕۆکەیە لەلایەن سویسییەکانەوە، هەر شەش هەفتە جارێک. بەڵام چەندین وەزیری سویدی نکۆڵی لەوە دەکەن کە ئاگایان لە هەبوونی وەها بەرنامەیەک لە لایەن حوکوومەتەکەیانەوە بووبێ.

لە پاییزی ڕابردووەوە سوید پلانێکی تایبەتی بە چالاکیی پشتگیرییەوە بۆ ئەوە دانابوو کە سویسییەکان بەرنامەی حوکوومەتەکەیان بۆ کڕینی ٢٢ فڕۆکەی شەڕکەری سویدی کە بە "یاس ـ گریپن" بەناوبانگە پەسندبکەن. ئەم ئۆپەراسیۆنە مۆری نهێنیی لێدراوە و ناوی شیرکەتی هەرەوەزیی سویدیی لیستی سەرجەم (Bruttolista AB Sverige) ی لێنراوە.

ئێڤا بیۆرلینگ وەزیری بازرگانی نکۆڵی لە ئاگاداربوونی لەم پلانە دەکا و دەڵێ ئەو شتەم نەزانیوە بەڵام خۆشحاڵم کە سویس، فڕۆکەی یاسی هەڵبژاردووە.

هەواڵنێری ئێکۆت لێیدەپرسێ: بەڵام ئاخۆ سوید پلانێکی تایبەتیی بە چالاکیی پشتگیرییەوە هەیە بۆ ئەوەی کارتێکەری لەسەر ئەنجامی ریفراندۆمەکەی سویس بکات؟ وەزیری بازرگانی دەڵێ ئەوەیان من ئاگاداری نیم. ئەم پرسە دەتوانی لە شیرکەتی ساب بپرسی یا لە دەزگای پسپۆڕانی بواری بەرگریی (fxm).

وەزیری دەرەوە کارل بیلدیش نکۆڵی لە ئاگاداربوونی دەکا و دەڵێ:
نا، لە ڕیفراندۆمدا هیچ چالاکییەکمان نابێ؟ مەبەستت ئەوەی سویسە؟ نا ئێمە کارمان پێی نەداوە.

کارل بیلدیش لەسەر هەمان پرس کە ئاخۆ پلانێکی تایبەتی سوید بە چالاکیی پشتگیرییەوە بۆ ئەوەی کارتێکەری لەسەر ئەنجامی ریفراندۆمەکەی سویس بکات، هەیە؟ وەزیری دەرەوە دەڵێ نا، ئەوەندەی من بزانم. هەواڵنێر دەڵێ بەڵام تۆ دەبوو زانیبات. کارل بیلد دەستبەجێ دەڵێ نا، نەدەبوو زانیبام!

سەرەڕای ئەم نکۆڵییانە، وەزیری بازرگانیی سوید ئێڤا بیۆرلینگ و وەزیری دەرەوەی سوید کارل بیلد و تەنانەت سەرۆکوەزیر فرێدریک ڕاینفێڵد، هەروەها گەلێ وەزیری دیکەی حوکوومەتیش ئەم نامە نهێنییەیان لەلایەن باڵوێزی سوید لە سویس، پەر توێرێسۆن، ەوە پێگەیشتووە کە پلانەکەی سویدی بەم مەبەستە تێدا ڕوونکراوەتەوە.

پەر توێرێسۆن لە نامەکەیدا کە مۆری نهێنیی لێدراوە نووسیویەتی کە وەزیری بەرگریی سویس داوای لە وڵاتی سوید لێکردووە کە بەر لە بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆمەکە لە سەر کڕین یا نەکڕینی ئەم فڕۆکەشەڕکەرانە یارمەتیی بدەن. سویدییەکان نابێ خۆیان لە کەمپەینەکەدا بەشداری بکەن بەڵام با ئەوەندەی بۆیان دەکرێ چالاکیی ئاراستەکراو و لاوکی لەم پێناوەدا ڕێکبخەن بۆ ئەوەی سویسییەکان دەنگی "ئا" بدەن. ئەمانە لە گوێن ئەو داوایەی وەزیری بەرگریی سویس.

ئوپەراسیۆنەکەی سوید لە پاییزدا وەڕێدەکەوێ. گەلێ گفتگوگۆی تەلەفۆنی و کۆبوونەوە پێکدێ کە بۆ نموونە باڵوێز خۆی، نوێنەرانی شیرکەتی ساب کە سازکەری فڕۆکەکەیە، هەروەها چەندین کارمەند لەلایەن هەردوو وڵاتەوە بەشداری دەبن. چالاکیی سویدییەکان دەبێ بگاتە هەموو سویس و گشت دەنگدەران دەبێ لە سەری ڕێککەون.

باڵوێز ئامادەکاری بۆ وتووێژەکان دەکا و هەوڵی لۆبیکردنی وتاری ئەرێنی بۆ بڵاوبوونەوە لە میدیاکانی سویسیدا دەدا. باڵوێزی سوید هەوڵدەدا لە بەرنامەی تلەڤزیۆنی سویسدا بەشدار بێ و وەزیری بەرگریی سویس چەند هەفتەیەکی‌تر بەشداری پێشبڕکێی ڕاکردنی ڤاسا لە شاری موورای سوید دەبێ. وەزیری بەرگریی سویس هەروەها بۆ ماوەی شەش هەفتە سەیری فڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکانی یاس لە خزمەت وڵاتەکەیدا بکات بۆنموونە لەکاتی کرانەوەی یارییەکانی ئیسکیی ئاڵپینی مانگی مارسدا.

سویسییەکان لە مانگی مەیدا لە ڕاپرسییەکی گشتیدا دەنگ لەسەر کڕین یا نەکڕینی فڕۆکەی شەڕکەری سویدیی یاس دەدەن. ئەنجامی ڕاپرسییەکە دەبێ لەلایەن حوکوومەتی ئەو وڵاتەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆیەش پێویستە بە گوێرەی ئەم پلانە، وێنەیەکی زۆر چاک لە سوید بەدەستەوە بدرێ. کەچی پەر توێرێسۆن دەڵێ ئەمانە هەموویان کارێکی زۆر ئاسایین کە باڵوێزخانەکان دەیکەن.

کەچی باڵوێز لە نامەکەیدا کە ڕۆژی حەوتی نۆڤەمبر بۆ ستۆکهۆڵمی ناردووە و ناونیشانی "چالاکی و سەرمایەگوزارییەکانی سوید بۆ پشتگیری" لێناوە دەنووسێ کە ئەمانە بۆ ئەوەن تا حوکوومەتی سویس لەم ڕیفراندۆمەدا سەرکەوێ. ئەو دەڵێ ئەمە دەبێ هەروەک چۆن نووسراوە، هەر ئاواش لێکبدرێتەوە. لەم ڕیفراندۆمەدا لایەنەکان تەقیبەن وەک یەک دەنگ دێننەوە و هاوکێشن، ئێمەش دەبێ بە پێی پلان و داوای خۆمان هەنگاو هەڵێنینەوە. ئەمەش هیچ شتێکی سەیری تێدا نییە.

لە ڕۆژی ١٧ی دیسەمبەریشدا پەر توێرەسۆن لە نامەیەکدا بۆ ستۆکهۆڵم دەنووسێ: ئێستاش دەبێ هەر چاوەڕێی ئەوە بین کە لە ڕیفراندۆمەکەدا بیبینەوە!

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".