Soran Ismail är i karantän. Foto: JANERIK HENRIKSSON / TT. Cilla Benkö är VD för SR. Foto: HENRIK MONTGOMERY / TT
سیللا بێنکوێ و سۆران ئیسماعیل / وێنەکان: تێ‌تێ

لە بەر هەڵوێستگرتنی دژی دیموکراتەسویدییەکان ماوەیەک نابێ کاربکات

سۆران ئیسماعیل نابێ ماوەیەک کار بکات
7:51 min

سۆران ئیسماعیل کۆمێدیکاری بەدەنگوناوی کوردی نیشتەجێی سوید کە لە بەرنامەی "مۆررۆن پاسسێت"ی کەناڵی سێی ڕادیۆی سویدیشدا کار دەکا، بەپێی بڕیاری سەرۆکی رادیۆی سوید بۆی نییە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە رادیۆ کار بکات (تایم ئاوت). ئەوەش لەبەر ئەوەی سۆران لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکەکەی خۆی گوتووە کە بڕیاری داوە لە کاتی خۆئامادەکردنی وڵاتدا بۆ هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی زۆر چالاک دژی پارتی دیموکراتەکانی سویددا بوەستێتەوە چون ئەم پارتییەی پێ پارتییەکی ڕەگەزپەرستە. سۆران پیشتریش لە وتاری جۆراوجۆردا و لە سەر فەیسبووک و تویتر، دژایەتیی خۆی لەگەڵ ڕوانگەکانی ئەم پارتییە دەربڕیبوو.

ئێستا سیللا بێنکوێ (Cilla Benkö) بەڕێوەبەری گشتیی ڕادیۆی سوید بەرەوڕووی ڕەخنەی گەورە و گران بۆتەوە. ئەو لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ئێمە باسی ئەوەی کرد کە "بێت و کەسێک بە ئاشکرایی بڕوا و هەڵوێست بە سوود یا دژی پارتییەکی سیاسی بگرێ، ئەوا بێگومان نابێ هاوکات دەورێکی بەرپرسانە و بەرچاویشی لە پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی رادیۆی سویدی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هەبێ." دیارە مەبەستی بێنکوێ ئەوەیە کە ئەم هەڵسوکەوتە، دژی مەرجەکانی بێلایەنیی پابلیک سێرڤیسە.

سۆران ئیسماعیل خۆی لە وتاری دێباتی ڕۆژنامەی ئێکسپرێسسندا باسی لەوە کردووە کە ئەم بڕیارە کورتە پاوسێکە لە کارکردن لە رادیۆدا و بڕیارەکەش دوولایەنە بووە. ئەو نووسیبووی لەبەرامبەر ئەو دوو بژاردەیەدا کە ئایا لە رادیۆدا کاربکات یا خود هەروا کومیدیکارێکی چالاک بێ و پادکەستی خۆی بڵاوکاتەوە، ئەو پشووگرتنێکی کاتی لە کاری ڕادیۆیی هەڵدەبژێرێ. سۆران لەم وتارەیدا دەنووسێ: "لێرەدا مرۆڤ دەتوانێ لەخۆی بپرسێ کە ئایا ئەمە هیچ گرفتێک نانێتەوە کە لەبەرامبەر پارتییەکدا کە تەنانەت کومیتەی هەڵسەنگاندنی خودی ڕادیۆی سویدیش ـ گرانسنینگس نێمندن ـ وەک پارتییەکی دژەبیانیی بەناوی کردوون، بیلایەن بیت؟ هەر تەنیا بۆ ئەوەی لە ڕادیۆدا کارێکت بدەنێ؟"

بڕیاری پشووگرتنی سۆران ئیسماعیل ڕەخنەی زۆری بەدواوەبووە، بەتایبەت لە لاپەڕەی چەندفەرهەنگە و دێباتی ڕۆژنامەکان و چەندین کەمپەین دژی ئەم بڕیارە لە میدیاکانی کۆمەڵایەتیدا وەڕێکەوتوون.

وەک پرەنسیپ ڕادیۆی سوید بە توندی پشتگیری لە مافی یەکسانیی هەموو کەس دەکات و دژی ڕوانگەی راسیستییە. زۆر کەسیش پێی وایە کە سۆران ئیسماعیل مەبەستی هەر ئەو راسیسمەیە، نەک پارتییەکی تایبەت. بێنکوێ دەڵێ ئێمە پەرەگرافێکی دیموکراتیمان لە یاسای ڕادیۆ و تلەڤزیۆندا هەیە کە دەڵێ هات و کەسێک لە رادیۆدا ڕوانگەیەکی ڕەگەزپەرستانەی هێنایە گۆڕێ ئەوا ڕۆژنامەوان و پێشکەشکاری بەرنامەکە دەبێ دژی هەڵوێست بگرن. ئێمە هەمیشە ئەم کارە دەکەین. بەڵام لەم دیالۆگەدا کە سۆران ئیسماعیل و سەرۆکەکەی هەیانبووە، سۆران ڕایگەیاندووە کە دەیەوێ لەکاتی هەڵبژاردندا دژی پارتیەکی تایبەت چالاکی بکات. ئەمە پرسێکی دیکەیە. لەگەڵ ڕێساکانی ئێمە لە پێشکەشکردنی بەرنامەی ڕادیۆ سویددا یەکناگرێتەوە.

سیللا بێنکوێ دەڵێ سۆران ئیسماعیل پێشکەشوانی بەرنامەیە نەک میوانی خاوەن هەڵوێست. ڕادیۆ سوید دەبێ گۆڕەپانی هاتنەگۆڕی سەدان هەزار دەنگی جۆراوجۆر بێ لە کاتی هەڵبژاردندا تا خەڵک خۆیان سەر لە ئاخر هەڵوێست بگرن و دەنگی خۆیان بدەن. ئێمە ئامرازی لاگری یا دوژمنایەتی یا ڕوانگەبڵاوکردنەوە نین. پێشکەشوانی ئێمە چۆن دەبێ ڕاستەوخۆ سەر بە پرۆفایلێکی سیاسی بێ؟ ڕاگرتنی بالانسی سیاسی بەم شێوەیە زەحمەتە!

جێی سەرنجە کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە سویددا بەرنامەیەکی تایبەتی سۆران ئیسماعیل لە سەر خەباتی ئەو لە بەرامبەر دوژمنایەتی لەگەڵ بیانیان بڵاو دەبێتەوە بەڵام ئەو، خۆی وەکوو پێشکەشوانی بەرنامەی "مۆررۆن پاسسێت" بەشدار نابێ.

بەڵام گوێگرانی زایەڵە لەسەر ئەم بابەتە چی دەڵێن؟ ئایا ڕۆژنامەوانی پابلیک سێرڤیس بۆی هەیە وەها هەڵوێستێکی ئاشکرا دژی پارتییەک، کە بە شێوەی دیموکراتیک کەوتۆتە ناوپەرلەمانەوە، دەربڕێ و چالاکییان لە دژی بکات؟
ڕوانگەکانی ڕەزا ڕزگار چۆچانی، هۆمەر قەرەداخی، حەمید شەریفی، شوان ئەحمەد

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".