لە فەیسبووکی هەڵمەتی دە هەزار ناو وەرگیراوە

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک و هەڵمەتی مافی پەروەردە بە زمانی کوردی

"زمانی کەمەنەتەوەکان لە ئێراندا قەدەغەیە"
5:53 min

لە سەرەتای مانگی فێبروارییەوە کەمپەینێک بە پشتیوانیی بەشێکی زۆر لە کوردەکانی سوید، بۆ مافی خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایک بۆ کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکرد. ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا ئەم کەمپەینە کۆتایی پێدێ. تاکوو ئیستا بە هەزاران کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی سوید پشتیوانییان لەم هەڵمەتە کردووە. کامڕانی قازی، کە یەکێک لە دەستپێشخەرانی ئەم هەڵمەتە بووە، باسی ئەنجامەکانی دەکات. 

ساڵی ٨ـ١٨٩٧ لە لایەن یوهان فریدۆڵف هاگفۆش گۆرانیی "زمانی دایک" نووسرا. ئەم گۆرانییە وەکوو سروودی ناڕەسمی نەتەوەیی سویدییە فینلانییەکان دادەنرێت و هەموو ساڵێک ڕۆژی ٦ی نوڤێمبەر، کە لە فینلاند ڕۆژی سویدە، دەگوترێتەوە.

زمانی سویدی لە وڵاتی فینلاند بە یەکێک لە دوو زمانە نەتەوەییەکەی ئەم وڵاتە دادەنرێ. لە سویدیش، زمانی فینلەندی یەکێک لە زمانە نەتەوەییەکانە.

ساڵی ٢٠٠٩ "یاسای زمان" لە سوید پەسەند کرا. لە گوێن ئەم یاسایە، سویدی زمانی ڕەسمیی وڵاتی سوید نییە، بەڵکوو تەنیا زمانی سەرەکییە. بەو مانایە کە سویدی، زمانی هاوبەشی کۆمەڵگای سویدە کە هەموو دانیشتووانی وڵات و لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتیدا دەتوانن بەکاری بێنن. دەوڵەت و دەزگەکانی حوکوومەتیش بەرپرسیی تایبەتیان هەیە لە بەکارهێنران و گەشەیدا. 

یاسای زمان هەروەها زمانی ئیشارەی سویدی و پێنج زمانی کەمینەی نەتەوەیی وڵاتیش بە هێزەوە دەپارێزێ کە بریتین لە فینلاندی، ییدیش (زمانی جوولەکەکانی ئەشکەنازی)، مێئەنکیەلی (زمانی تایبەتی دانیشتوانی دۆڵی تۆرنێ، هاوبەش لەنێوان سوید و فینلانددا)، رۆمەنی چیب (زمانی قەرەجان) و سامەیی (ئورالی). دەوڵەتی سوید و دەزگەکانی حوکوومەتی، ئەرکی پاراستن و گەشەی ئەم زمانانەشیان وەک بەرپرسیەکی تایبەت لەسەر شانە.

هاوکات گشت ئەو کەسانەی زمانی دایکیان شتێکی جودایە لە سویدی، زمانی ئیشارەی سویدی و ئەو پێنج زمانانەی کەمەنەتەوەکان، ئەوا دەبێ دەرفەتیان بدرێتێ زمانی دایکی خۆیان پەرەپێبدەن و بەکاریشی بێنن. بەڵام لە هەموو وڵاتێک بەم شێوەیە چاو لە زمان ناکرێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پەروەردەی منداڵ بە زمانی دایک، وەک کوردی، قەدەغەیە و کامڕانی قازی دەڵێ هەر بۆیەش ئەم هەڵمەتە دەستی پێکرد.

جێی باسە کە زمانی سویدی لە ساڵانی ١٥٠٠دا زمانی ڕەسمیی ئیداری و دینیی وڵاتی سوید بووە، بەڵام بەگوێرەی "یاسای زمان" چیدی پێویست ناکا کە بە زمانی ڕەسمیی وڵاتی سوید دابنرێ و ئەم پێگە تاقانەیەی بدرێتێ. ڕێژەی ئەو کەسانەی کە زمانی ییدیش بەکار دێنن لە سوید، دەگاتە ٣ هەزار کەس. سەرەڕای ئەوە زمانەکەیان لە لایەن سویدەوە وەک زمانێکی نەتەوەیی دەناسرێت و دەبێ بپارێزرێت. ئەوەش بەرامبەر بە چەندین میلیۆن کورد لە ڕۆژهەڵاتدا، کە ناتوانن بە زمانی دایک بخوێنن.

بەڵام ئەوە تەنها کوردەکان نین لەم دۆخەدا دەژین. بەڵکوو نەتەوەکانی دیکەش لە ئێران، زمانی دایکییان قەدەخەیە. بۆ ماوەیەکی زۆرە وشیاری گشتی لەسەر گرنگێتیی زمانی دایک و پەرەپێدانی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە و کامڕانی قازی باس لەوە دەکات کە لەدوای ئەم هەڵمەتەدا بوو کە نەتەوەکانی دیکەش لە ئیراندا، ئاستی وریاییان بەرزبۆوە و ئێستا گرینگییەکی تایبەت بەم بابەتە دەدەن. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".