wêne: Gustav Sjöholm/TT

پەرلەمانی ئوکراینا یانوکۆڤیچی لە سەر پۆستی سەرۆکایەتی لابرد

یانوکۆڤیچ بە هۆی کوژتنی ٨٨ کەس لە خۆپێشاندانەکان گومانی "کۆکوژی" لەسەرە
5:01 min

ڕۆژی شەممە پەرلەمانی ئوکراینا بڕیاریدا ڤیکتور یانوکۆڤیچ لە سەر پۆستی سەرۆکایەتی لابەرێ. یانوکۆڤیج لە ڕۆژی هەینییەوە هەڵاتووە و تاکوو ئێستا بێ سەروشوێنە. ئەمڕۆ ئوکراینا ڕایگەیاند کە دەستووری گرتنی یانوکۆڤیچ، بە هۆی ئەوەی کە گومانی "کۆکوژی" لەسەرە، دراوە بە پۆلیس. هاوکات دۆخی ئابووری وڵاتەکە هەر خراپتر دەبێ و سەرۆک وەزیرانی سوید ڕاینفێلت دەڵێ ئوکراینا پێویستی بە پڕۆسەیەکی ئارام هەیە.

 

ڕاینفێلت بە کەناڵی ئێس ڤێ تێ دەڵی ساڵی 2004 ئاگامان لە شۆڕشی ئۆرانژ بوو. بەوە گەیشتووین کە ئوکراینا وڵاتێکی پڕ لە هەست و هێزی بە قووەتە. ئیشتاش گرینگە پڕۆسەی بڕیاردان بکەوێتە جێ و لە درێژەی ئەم ڕووداوەناەشدا ئوکراینا وەکوو ولات بەرامبەری هەڵبژاردنی سەخت دەبێ بۆ دیاریکردنی ڕێگایەک بۆ داهاتوو.

ڕۆژی شەممە پەرلەمانی وڵاتی ئوکڕاینا بڕیاری دا ڤیکتور یانوکۆڤیچ لە سەر پۆستی سەرۆکایەتی لابەرێ. یانوکۆڤیچ ڕۆژی هەینی، دوای پێکهاتنێک لەگەڵ ئۆپۆسیزیۆن، لە پایتەختی ئوکراینا، کیێڤی هەڵات و تا ئێستا بێ سەرو شوێنە. هاوکات لابردنی خۆی وەکوو سەرۆکی وڵاتی ئوکراینا قبووڵ نییە. بە پێی قسەکانی وەزیری دەرەوەی سوید کارل بیلت ئەمە دەتوانی کێشە دروستکات.

بیلت دەڵی ئەمە دۆخەکە ئەوەندەی دی ئاڵۆزتر دەکات. ئەگەر یانوکۆڤیچ بەردەوام خۆی وەکوو سەرۆکی ئوکراینا دەبینێ، دەبێ ئەرکەکانی خۆی بەجێ بگەیێنێ و بڕیارەکانی پەڕلەمانی ئوکراینا ئیمزا بکات. بەڵام کەچی ئەوا هەڵاتووە و ئەرکەکانی خۆی بەجێ ناگەیێنێ. بەڵام هێشتاش ڕێگا لە پڕۆسەی بڕیاردان گرتووە.

ئەمڕۆش وڵاتی ئوکراینا دەستوورێکی  بۆ گرتنی یانوکۆڤیچ پەسەند کردووە پۆلیسی ئوکراینا بەدوایدا دەگەڕێن. بە پێی قسەکانی وەزیری کاتیی نێوخۆی ئوکراینا، ئارسێن ئاڤاکۆڤ یانوکۆڤیچ گومانی "کۆکوژی" لەسەرە. لە ڕۆژی هەینیەوە یانوکۆڤیچ بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە و.

ئوکراینا هەر ئەمڕۆ داوا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات کە لە ماوەی دوو حەفتەی داهاتوودا لە ئوکراینا کۆببنەوە و لەسەر پلانێک بۆ فریاکەوتنی دۆخی ئابووری ئەم وڵاتە پێکبێن. سەرۆک وەزیرانی سوید فرێدریک ڕاینفێلت، دوێنێ لە بەرنامەی ئاگێندا لە ئێس ڤێ تێ باسی دۆخی ئابووری ئوکراینای کرد.

ڕاینفێلت دەڵی ئوکراینا وڵاتێکە کە کێشەی ئابووری هەیە کە بەپەلە دەبێ حەل بکرێن. قەرزیان لە وڵاتی ڕوسیا کردووە کە زۆر خراپە. بۆیە ڕەوایە لەگەڵ فۆندی نێونەتەوەیی پارە (ئی ئێم ئێف) و یەکیەتی ئەوروپا دانیشن تا چارەیەکی کورتخایان بۆ دۆخی ئابووریەکەیان بدۆزنەوە و هاوکات لەگەل ئەوەدا ڕیفۆرمەکانی داهاتوو نیشانە بکەن. هەروەها ڕاینفێلت گوتی گرینگە لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دانیشن. چوونکە هەموو لایەنەکانی ئۆپۆسیزیۆن هاوفکر نین.

بە پێی ڕاگەیاندنێک لە لایان وەزیری ئابووری ئوکراینا، یوری کۆلۆبۆڤ وڵاتەکەی نێزیکەی 230 میلیۆن کڕۆنی بەخێرا وەک یارمەتی ئابووری پێویستە. حکومەتی ئوکراینا ئێستا لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و ناتوانی کارەکانی خۆی بەرەو پێش بەرێ. هاوکات پەرلەمانی ئوکراینە فشاری زۆری لە سەرە تا حکومەتێکی نوێ پێکبێنێ. وەزیری دەرەوەی سویدیش کارل بیلت، لە قسەکانی لە گوتوبێژێکدا لەگەڵ رادیۆی سوید، گرینگە بەمە دەدات.

بیلت دەڵێ وادیارە حکومەتیش هەر وەکوو یانوکۆڤیچ ڕای کردووە. کەواتە ئەرکی پەرلەمانە، کە ئەکسەریەتێکی کارگێڕ و بەشێک لە پەرلەمانتاران کە پێشتر سەر بە یانوکۆڤیچ بوون هەیە، حکومەتێکی نوێ پێکبێنن.

هەروەها بیلت دەڵێ ئێستا، دوای ئەم ڕووداوانە، وڵاتی ئوکراینا دەرفەتێکی چاکی هەیە. بەڵام هاوکات دەبێ پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە هێزی کارشکێنەریش هەن. وڵاتی ئوکراینا ئیستا لە دۆخیک دایە کە بێ حکومەتە و دەزگاکانی حکومەتیی کار ناکەن. هاوکات ئابووری ئەم وڵاتە بە تەواوی تێکدراوە. بۆیە گرینگە کە بە زوترین کات حکومەتێکی نوێ پێک بێت و دەست بەکار بکەن. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".