1 av 2
Photo: Leif Blom / SCANPIX
2 av 2
ئولوف پالمێ . وێنە: SR Minnen/Radiofynd

نهێنییەکانی زانیاریی ستیگ لارشۆن لەسەر قاتڵی پالمێ

ستیگ لارشۆن ڕۆژنامەوان و سەرنووسەری کۆچکردووی گۆڤاری ئێکسپۆ کە لەبەر توێژینەوەکانی لەسەر توندڕەویی ڕاست و ڕاسیسم ناوودەنگی زۆری هەیە، لە پاش کوژرانی ئۆلۆف پالمێ سەرۆکوەزیری پێشووتری سوید لە ساڵی ١٩٨٦دا توێژینەوەیەکی گەلێ بەربڵاوی کرد و پاش ١١ ساڵ کاری بەردەوام، دای بە کاربەدەستانی دادی وڵات کە لە سەر فایلی ئەم قەتڵە خەریکی لێکۆڵینەوە بوون.

ڕۆژنامەی سڤێنسکا داگبلادێت لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا لە بەرەبەری ساڵهاتی ئەم قەتڵە ناوەرۆکی لێکۆڵینەوەکەی ستیگ لارشۆنی بۆ یەکەمجار بڵاوکردۆتەوە. لارشۆن لە ناو گرووپە دەستەڕاستە توندئاژۆکانی وەک ئالیانسی دیموکرات و گۆڤاری کۆنترادا لە قاتڵ دەگەڕا.

لارشۆن زۆر زوو بەیارمەتیی گۆڤاری بریتانیایی "سێرچ‌لایت" زانیاریی لەسەر بەرتیل ڤێدین وەرگرت کە کۆنەئەفسەرێک بوو، جاسووسیی بۆ ئەفریقای باشوور دەکرد و پلاندانەری نزیکی ئەم قەتڵە ناودێری کرد. بە گێڕانەوەی ڕۆژنامەی سڤێنسکا داگبلادێت، ئەو ناوەش لە ڕێی جاسووسێکی دەزگای هەواڵگریی ئێم ١٦ی بەریتانیایی کە لە ساڵی ١٩٨٦دا لە قیبرس بە هەڵکەوت چاوی بە بەرتیل ڤیدین کەوتبوو بە گۆڤاری سێرچ‌لایت گەیشتبوو.

ستێگ لارشۆن هەر لە ڕێی گۆڤاری سێرچ‌لایتەوە دەستی بە گەلێ بەڵگەنامەش گەیشت:
زانیارییەکانی سەر پەساپۆرتی ڤێدین کە لە زۆر شوێنی دنیا گەڕابوو، بۆ وێنە ئەفریقای باشوور
پێوەندییە ئابوورییەکانی و ڕادەی داهاتی
ڕاپۆرتەکانی پۆلیسی قیبرس لە سەری و چەندجار گیرانی
و داوا لە پۆلیس بۆ هەڵگرتنی چەک لە ترسی ئەو هەڕەشانەی کۆنتاکە بازرگانییەکانی لە ئەفریقای باشوور لێیان کردبوو.

ستیگ لارشۆن ئەم زانیارییانەی وەریگرتبوون لەگەڵ زانیارییەکانی خۆی لە ساڵی ١٩٨٧دا بۆ توێژەرانی پەروەندەکەی پالمێ نارد و تێیدا بەرتیل ڤێدینی وەک "چەکێک بۆ بەکرێگرتن" و کەسێکی مەترسیدار بەناوکرد. بە پێی بۆچوونی ستیگ لارشۆن ئەم کارە بەدەستووری ڕژێمی ئەفریقای باشوور و بۆ نەهێشتنی ئۆلۆف پالمێ و حوکوومەتی سوید کە دژی ئاپارتاید بوون، لە ڕێی ئەم ئەفسەرەوە ئەنجام دراوە.

یان موساندر نووسەر و ڕۆژنامەوان و هاوکاری پێشووی رادیۆی سوید کە لە ساڵانی ٨٠دا لەم گرێپووچکەیەی کۆڵیبۆوە ئەم زانیارییانەی ڕۆژنامەی سڤێنسکا داگبلادێت، بە کۆن دەزانێ و بایخێکی وەهای بۆ دانانێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".