Martin Lind (aliyê rast) û grûpa wî. wêne: Hansjörg Kissel/ Sveriges Radio
Martin Lind (aliyê rast) û grûpa wî. wêne: Hansjörg Kissel/ Sveriges Radio

بازنەی خوێندن، میراتی خەبات لەپێناو یەکسانی لە بواری خوێندندا

بازنەکانی خوێندن لەپێناو یەکسانیدا
5:08 min

هەموو ساڵێ زیاتر لە یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە سوید بەشداری بازنەی خوێندنی ناسراو بە (studiecirkel) دەبن کە شێوازێکی پەروەردەیە و زیاتر لە سەد ساڵە لە سویددا باوە. ئەم جۆرە خوێندنە ئەوکات بەو ئامانجەوە پەیدابوو کە کۆمەڵگا بەرەو دیموکراسیی زیاتر بەرێ، کاتێ لە ساڵانی ١٩٠٠دا خوێندن تەنیا بۆ دەوڵەمەندان و سامانداران بوو. کەچی ئەمڕۆش ئەم بازنانەی خوێندن، دەورێکی گرنگ دەگێڕن!

لارش هێگر سەرۆکی ڕێکخراوی پێشکەوتنی خوێندن (Studiefrämjandet) دەڵێ لە ڕاستیدا ئەم بازنانەی خوێندن جۆرێک بزووتنەوەی سیاسییە کۆمەڵایەتی بوون کە دیتییان کۆمەڵگا کەڵكی لە بەشێکی نیازی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا وەرگرتووە بەڵام هەندێ بابەت هەرگیز کەڵکیان لێوەرنەگیراوە.

لە گوێن قسەکانی لارش هێگر، ئەوە بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی بەکارنەهێنانی خواردنەوەی ئاڵکۆڵی و بزووتنەوەی نادەستبەربوونی کڵێسەکان بوون کە هەوڵی گەشەی ئەو خوێندنەیان دا. خەڵک ئیزنیان پەیداکرد کە لەدەوری یەک کۆببنەوە، پێکەوە بخوێنن، بدوێن و فێری ئەو شتە بن کە حەزی لێدەکەن. بزووتنەوەیەکی دژی ستەمکاری بوو کە ئەو کات کە کۆمۆنەکان و دەوڵەت دەیانەویست خۆ لە کار و چالاکیی خەڵکەوە وەردەن، زۆریش سویدیانە نەبوو.

لارش هێگر دەڵێ شتێکی ناسویدی و دژەسەرەڕۆییش لەم بزووتنەوەیەدا هەبوو. هەر خودی ئەو بازنەی خوێندنانەش کە لە گوێن بەرنامەکانیان بەشێوەیەکی ئازاد و دڵخوازانە بەڕێوەدەچوون، ناسویدی و دژەسەرەڕۆیی بوون. بێت و باسی شتێک بکەین کە پەروەردەی جەماوەری لە سوید ئاگاداریی لێکردووە و پاراستوویەتی، ئەوا ئەو ئازادبوون و دڵخوازانەبوونەیە. واتا هیچکەس نابێ لێبڕاو بکرێ کە بچێتە ناو بازنەیەکی خوێندن و ئێمەش وەکوو ڕێکخراوی فێرکاری نابێ لەلایەن دەوڵەت و کۆۆنەکانەوە لێبڕاوبکرێین کە هەندێ شت بکەین.

بە پێی ئەو ژمارانەی ناوەندی ئاماری سوید (Statistiska centralbyrån) بڵاوی کردوونەوە، سوید لە ناو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا لەبواری فێرکاریی گەورەساڵاندا پێشڕەوە. هەموو ساڵێ نزیکەی ٢٧٠ هەزار بازنەی خوێندن لە سوید پێکدێن کە زیاتر لە یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس تێیاندا بەشدار دەبن.

ساڵی ٢٠١٢ سەرجەم سێ میلیارد کرۆن بۆ پشتگیریی ئەم بازنەی خوێندنانە دراوە، بەشێکی لە ڕێی بەشدارانەی خودی کەسەکانەوە کە ئامادەی ئەم بازنانە دەبن، بەشی هەرەزۆر و گرنگیشی لە لایەن دەوڵەتەوە دابین کراوە.

ئامارەکان دەردەخەن کە دوو لە سەر سێی بابەتگەلی بازنەکانی خوێندن لە حاڵی حازردا هونەر، موزیک و میدیان و لەو ناوەشدا گرووپەکانی مووزیک سەردەستن. بەڵام هێشتا بازنەی خوێندنی وەهاش هەن کە لەسەر پرسی کۆمەڵایەتی و سیاسین، یا فێرکردنی زمانی نوێ، چێشتلێنان و سێرامیکسازین. یان ئەوەی کۆدەبنەوە تا لەسەر فەلسەفە و بابەتی ئایینی بدوێن.

دیارە بابەتی جیاوازیش هەن کە لە ناوەندی فێرکاریی کرێکارانی ئا.بێ.ئێف دەگێرێن و بۆ نموونە ڕێکاری خۆڕزگارکردن لە کارەساتی زیندووبوونەوە و جووڵانەوەی مردووان (zombiekatastrof)! شتی وا کە جاروباریش سەیروسەمەرە دەنوێنن ئەو پرسیارە قوتدەکەنەوە کە ئاخۆ ئەمە بەڕاستی باسی پەروەردەی گەورەساڵانە؟ مارتین لیند کە بۆ ماوەی ١٥ ساڵە خولێکی پەروەردەی مۆسیقای بە شێوەی گرووپێکی هونەری بەڕێوەدەبا دەڵێ بێگومان ئەوەش هەر پەروەردەی گەورەساڵانە.



مارتین لیند دەڵێ لەم بۆچوونە دەگەم کە دەڵێ ئەمە بە خوێندنی گەورەساڵان دانانرێ کەچی لەو جێیەوە کە من خۆم وەک بەرپرسی پرۆژە کار دەکەم و دەزانم کاتێ مرۆڤ لێبڕاو بێ ئەم بازنانەی خوێندن بەڕێوەببات و بە شێوەیەکی دیموکراتیک بیانباتە پێشەوە، ئەوا زۆر شت فێربووم. واتا بێجگە لەوەی من خەڵک فێرە مووزیک دەکەم و لە گرووپدا موسیقا دەژەنم، ئەوەش فێربووم کە ڕەوتی کاروباران بە شێوەیەکی دیموکراتیک بەڕێوەببەم. جا ئەوە هەرچەند لە ئاستێکی بەرتەسکیشدا بێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".