wêne: Zinat Hashemi/Sveriges Radio

٢٠ ساڵ هاوکاریکردنی ژنانی تووشبووی توندوتیژی

لە سەرانسەری سویددا چەندین ڕێکخراو و تۆڕی مەدەنی بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنی ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی دەبن، هەیە. یەکێک لەم ڕێکخراوانە "تۆڕی ژنان"ـە کە بەتایبەتی ڕووی لە ژنانی بیانییە و ئەم ساڵ تەمەنی ئەم ڕێکخراوە دەبێتە ٢٠ ساڵ. هاوکات بەشێکی تایبەتی ئەم ڕێکخراوە بە ناوی Linnamottagningen دەبێتە ١٠ ساڵ، کە بەتایبەتی ڕووی لە ئەو لاوانەیە کە دووچاری توندوتیژی تاوانی ناموسی بوونە. بەم بۆنەیەوە دوێنە لەسەر سەحنەی "ئونگا کلارا" لە "کولتورهوسێت" لە شاری ستۆکهۆڵم ڕیوڕەسمێک بەڕێوەچوو.  ئێلیسابێت ڤامکێن وەکوو ڕاوێژکار کار بۆ تۆڕی ژنان دەکات. 

ئێلیسابێت دەڵێ ڵەڕاستیدا داخێکە کە بوونی ئێمە پێویستە. چوونکە ئێمە زۆر شت دەکەین کە ڕاستیدا بەرپرسایەتیی سەرشانی کۆمەڵگایە. سەبارەت بە گرووپەکانی مەبەستی ئێمە کەموکورتی زانیاریی هەیە. سەبارەت بە ژنانی بیانی و ئەو کێشانەی کە تووشیان دەبن و لاوان کە دووچاری توندوتیژی ناموسی دەبن. بەردەوام لەکۆمەڵگادا ئاستی زانیاریی لەمبارەوە نزمە و ئاستی زانیاریی لەناو خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیی نایەکسانە.

تۆڕی ژنان ساڵی ١٩٩٤ لەدەوری ببەرنامەی ڕادیۆی داخیلی فارسی بە ناوی "دەنگی ژنان" دامەزرا. لەڕێگای ئەم بەرنامەیە توانیان پەیوەندی بە زۆر ژن بگرن کە پێویستیان بە هاوکاری و یارمەتی هەبوو. لەسەرەتاوە بە دیداری ناڕەسمی دەستی پێکرد و دواتر ئەمە بوو بە کاروباری هەمیشەیی بۆ هاوکاریکردن ئەو ژن و منداڵانەی کە تووشی توندوتیژی بوونە. ئێلیسابێت ڤامکێن دیسان.

ئێلیسابێت دەڵێ بەشیکی زۆر لەو پەنابەرانەی کە تازە هاتوون یان ئەوانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژە لێرابوونە و بەپەراوێزخراون، لە مافەکانی خۆیان ئاگادار نین. مەترسی ئەوەیان هەیە کە دەربکرێن چوونکە بەهۆی سنووری دووساڵی هێشتا مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەییان پێنەدراوە. ئێمە هەوڵدەدەین بۆی ئەوەی ئەم کەسانە لەگەڵ کۆمەڵگا ئاشنابن، زانیارییان سەبارەت بە یاسا و مافەکانیان پێدەدەین و لەپەیوەندیدا لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتی هاوکاریان دەکەین.

دوای دامەزراندنی تۆڕی ژنان، هەستیان بەوەکرد کە لاوانیش بەهۆی تووشبوونی تووندوتیژی و زولملێکردنی ناموسی پێویستیان بەهاوکاری هەیە. لەگوێن ئامارەکانی دەزگای دەوڵەتیی "بەڕێوەبەرایەتی لاوان" ، نزیکەی ٧٠ هەزار لاو لە سوید، لەنێوان تەمەنی ١٦ تا ٢٥ ساڵیی، هەستدەکەن کە ناتوانن بۆخۆیان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە لەگەڵ کێ هاوسەرگیری بکەن. هەست دەکەن کە بیروڕای باوکو دایکیان، دین و فەرهەنگ ڕێگریی لەوە دەکەن کە بەئازادی هاوسەرگیری بکەن.

هەربۆیەش "لینناموتتاگنینگێن" دامەزرا، کە ئەمساڵ دەبێت بە ١٠ ساڵ. ئەزام قارایی بەڕیوەبەری کاروباری "لینناموتتاگنینگێن"ـە. ئەو ساڵی ١٩٩٨ بۆ تۆڕی ژنان دەستی بەکار کرد و هەر ئەوکات دەستیان بەهاوکاریکردنی لاوانی کوڕ و کچ کرد.

ئەزام دەڵێ کوڕەکان بەشی کەمینەن، بەڵام ئێمە هەم کوڕ هەم کچان وەردەگرین.

کە لێیدەپرسرێ ئایە کێشەی کوڕان چییە، ئەزام دەڵێ کوڕان بۆ ئەوە پەروەردە دەکرێن کە ببن بە پیاو و خووشکەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن. کوڕانیش دووچاری ئەوە دەبن کە بۆخۆیان بە ئازادی نەتوانن هاوسەرگیری بکەن. دەتوانن لەلایەن بنەماڵەی کچەکە هەڕەشەیان لێبکرێت. ئەو کوڕانەی کە نایانەوێ خوشکەکانیان کۆنتڕٶڵ بکەن تووشی کێشە دەبن و دواتریش، هەر وەکوو کچان، کوڕان هەن کە هاوڕەگەزخوازن، دووڕەگەزخواز و جنسوەگۆڕن.

یەکێک لەو لاوانەی کە لەلایەن "لینناموتتاگنینگێن"ـەوە هاوکاری کراوە، فاتیمای ٢٠ساڵییە، کە لەڕاستیدا ناوێکی دیکەی هەیە. دوو ساڵ پێش ئێستا باوکی پێیزانی کە فاتیمە دۆستەکوڕێکی هەیە. هیچی نیشان نەدام بەڵام کاتێک کە پێیزانی زۆر تووڕە بوو. بە فاتیمای گوت کە سەفەر بۆ وڵاتی لەدایکبوونی و سەردانی خزم و کەسوکاریان دەکەن.

فاتیمە دەڵی زۆر خۆشحاڵ بووم، گوتم باشە دەچین و چووین. منیش ئاگام لەهیچ نەبوو. باوکم بەزۆری منی بە کوڕە خزمێکمان بەمێرد دا. من پێمخۆشنەبوو، بەڵام ئەو زۆریڵێکردم. نەمدەتوانی خۆم بگەیێننمەوە سوید و کاتێکی زۆر سەخت بوو.

سێ مانگ دواتر فاتیمە توانی خۆی بگەیێنێتەوە سوید و ئەوکات یەکەم پەیوەندی لەگەڵ تۆڕی ژنان هەبوو، کە زۆر یارمەتیان داوە. بەڵام وەکوو بۆخۆی باس دەکات لەسەرەتاوە ئەم پەیوەندییە سەخت بوو و دەڵێ ڕٶژەکانی سەرەتایی بۆمن زۆر سەخت بوون. چوونکە بەهۆی ئەوەی باوکم فریویدام هیچ باوەڕم بە کەس نەمابوو. بەڵام ئێستا هەموو شتێک بەباشی بەرەوپێش دەچێت و هاوکاریم دەکەن تا ژیانێکی باشم هەبێت. بەهەموو شێوەیەک هاوکاریم دکەن و ئەگەر پێویستیم بەقسەکردن هەبێت هەمیشە دەتوانم بیانبینم و قسەیان لەگەڵ بکەم. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".