wêne: Drago Prvulovic och Fredrik Sandberg

کۆمۆنەکان مەجبووردەکرێن منداڵی پەناخوازی بەتەنیاهاتوو وەربگرن

لەوانەیە ساڵی داهاتوو نزیکەی ٨٠٠٠ منداڵی پەناخوازی بەتەنیاهاتوو لە سوید داوای پەنابەری بکەن. ئەمەیان بە گوێرەی ئەو بەراوردکارییە نوێیەی دەزگای کۆچی سوید کردوویەتی. وێدەچێ زوربەی ئەو منداڵانەش لە وڵاتانی ئێریتێریا، سووریا، سومالیا و ئەفغانستانەوە بێن.

ڕێژەی ئەم منداڵانە تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا دووهێندە بوون: لە ٣٨٠٠ کەسەوە بوونەتە ٧٣٠٠ کەس. لێکدانەوەکان دەڵێن ساڵی داهاتوو دیسانیش هەروا زێدەتر دەبن. واتا لە هەر دە پەناخواز، یەکیان منداڵی بەتەنیاهاتوو دەبێ.

میکاییل ڕیببن‌ڤیک سەرۆکی بەرزی دەزگای کۆچ دەڵێ هۆی ئەم زێدەبوونە، تێکچوونی باری ئاسایشی وڵاتانی جیهانە:
ـ "هەتا ئەم ناکۆکیانەی وڵاتان زیاتر بن، ئەوا ئۆگری بۆ دابینکردنی ژیانێکی باش و ئاسوودە بۆ منداڵانیش زیاتر دەبێ. بۆیەش خەڵک مندالەکانیان بە هیوای ژیانێکی باشتر دەنێرنە سوید و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا.

لەم ناوەدا بۆ دەزگای کۆچ زەحمەتە کە کۆمۆنی دڵخواز بۆ وەرگرتنی ئەم منداڵە پەناخوازانە بدۆزێتەوە کە بەبێ دایکوباوکیان دێنە سوید بۆیەش لە دەستپێکی ساڵی تازەوە هەموو کۆمۆنەکان مەجبوور دەکا کە ئەم پەناخوازانە وەربگرن.

تا ئێستا دەزگای کۆچ زیاتر لە هەزار منداڵی بەتەنیاهاتووی پەناخوازی بەبێ دڵخوازی کۆمۆنەکان، لە چەند کۆمۆندا نیشتەجێ کردووە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".