wêne: Drago Prvulovic/TT

مۆدێراتان دەنگی دیموکراتە سویدییەکانیان زیادکرد

لە هەڵبژاردنی مانگی سێپتەمبری ڕابردوودا زۆرێک لەوانەی پێشتر لاگری پارتی مۆدێرات بوون، دەنگیاندایە پارتی دژەبیانیی دیموکراتەکانی سوید. زانکۆی یۆتێبۆری پاش لێکدانەوەی وردی گشت دەنگەکان و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە، گەیشتۆتە ئەو ئاکامە کە لافاوی دەنگەدراوەکانی مۆدێراتان بە دیموکراتە سویدییەکان گەلێ زیاتر لەوەبوو کە هەموو پێیان وابوو.

ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات کە نزیکەی ١١ و نیو لەسەدی ئەوانەی لە هەڵبژاردنی چوار ساڵ لەوەپێشدا دەنگیان بە مۆدێراتەکان دابوو ئەمجار پارتییەکەیان گۆڕیوە و دەنگیان بە دیموکراتە سویدییەکان داوە. ئەمەش لە هەڵکشانی ڕێژەی دەنگەکانی ئەم پارتییەوە بەدیدەکرێ. پارتی دیموکراتەسویدییەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠دا، شەش لەسەدی دەنگەکانی هێنابوو کەچی ئەمساڵ ڕێژەی دەنگەکانی بوو بە زیاتر لە ١٣ لەسەد. هاوکات مۆدێراتەکانیش لە ٣٠ لەسەدەوە داکەوتنە ٢٣ لەسەد.

جێی باسە کە فرێدریک ڕاینفێڵد سەرکوەزیری ئەوکاتی سوید و ڕێبەری دەستلەکارکێشاوەی مۆدێراتەکان چەند ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردن گوتبووی کە خەڵکی سوید دەبێ دەرگای دڵ و ماڵیان لە کۆچبەرانی تازەهاتووە بکەنەوە چون تێچووی کۆچ بۆ سوید ئەوەندە ززۆرە کە بە هیچ چاکسازییەکی ئابوووری چارەی نایە. گەلێ لە کارناسان دەڵێن ئەم قسانەی ڕاینفێڵد هۆکاری سەرەکیی دەنگدانی لاگرانی بوو بە پارتی دژەبیانیی دیموکراتە سویدییەکان. لە گوێن توێژینەوەی زانکۆی یۆتێبۆری هەرچەند ئەم وتاردانە کاریگەریی خۆی هەبووە بەڵام ڕەوتی راگوازرانی لاگرانی مۆدێراتان بۆ دیموکراتەسویدییەکان پێشتر لەوانە دەستی پێکردبوو.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".