wêne: Hewa Abdelzadeh/Sveriges radio

تۆڕی "سوید-کوردستان" بەرپرسێکی نوێی هەیە

سوێرۆنسۆن دەیەوێ تیشک بخاتە سەر ڕەوەندی کورد لە سوید
9:31 min

هەر وەکوو کۆمەڵگای سوید، ئەندامپەرلەمانانی سوید پێکەوە ڕێکخراوی هاوڕێیەتی و تۆڕی ئاشناییبوون، کە بۆ گشت ئەندامپەرلەمانان و کارمەندانی پەرلەمان کراوەیە، پێکدێنن. لەئێستادا لە پەرلەمانی سویددا ٥٠ ڕێکخراو و تۆڕی نێونەتەوەیی هاوڕێیەتی هەن، کە هەر یەک لە ئەندامپەرلەمانان دەتوانن تێیاندا چالاک بن. 

ئەو ئەندامپەرلەمانانەی کە ئارەزووی گەرمیان بۆ وڵاتێک یان هەرێمێک هەیە، دەتوانن ڕێکخراو یان تۆڕی هاوڕێیەتی بۆ مەبەستی ئاشنابوون و زانیارییوەرگرتن سەبارەت بەم وڵاتە یان هەرێمە، پێکبێنن. ئەم ڕێکخراوانەی ناو پەرلەمان زانیاریی کۆدەکەنەوە و پەیوەندی گرینگ دەبەستن. زۆرجار ئەم ڕێکخراو و تۆڕانە سیمیناری تایبەت بە وڵات یان هەرێمی خۆیان پێکدێنن و باڵیۆز یان نوێنەری ئەم شوێنانە بانگ دەکەن.

یەکێک لەم تۆڕانە تۆڕی "سوید-کوردستان"ـە کە پێکهاتووە لەو ئەندامپەرلەمانانەی کە دەیانەوێ بە کوردستان ئاشنا بن، دۆستی کورد یان بۆخۆیان کوردن. ئەم تۆڕە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١١ پێکهات.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی نوامبەر، دوای چوار ساڵ ئەندامپەرلەمن سەر بە پارتی لیبەرالی گەل و کەسایەتییەکی ناسراو بۆ کوردەکانی سوید، فرێدریک مالم وەکوو بەرپرسی تۆڕی سوید-کوردستان نەما و ئانا-لێنا سوێرێنسۆن جێگای گرتەوە. ئەمەش بەهۆ ئەوەی کە ئەو لایەنەی سیاسی کە لە پەرلەماندا زۆرینەیە، ئەم ئەرکە وەئەستۆ درگرێت. ئێستا حیزبەکانی سوروسەوز زۆرینەن و بۆیا ئانا-لێنا سوێرێنسۆن، سەر بە پارتی سۆسیالدیموکرات، کە تاکوو ئێستا جێگری بەرپرس بووە، ئەم ئەرکەی وەئەستۆ گرتووە. فرێدریک مالمیش لەمەودوا دەبێ بە جێگری بەرپرس.

لەمپەیوەندییەدا لەگەل هەردوو ئانا-لێنا سوێرێنسۆن و فرێدریک مالم دوام. فرێدریک مالم، کە یەکێک لەو کەسانە بوو کە ئەم تۆڕەی لە پەرلەمانی سوید پێکهێنا، هاوڕیک لەم چوار ساڵەی ڕابردووی ئەم تۆڕە دەداتەوە.

مالم دەڵێ زۆر باشبووە.  بۆ ئێمەی ئەندامپەرلەمان کە بەشێک لەم تۆڕە بووینە، ماوەیەکی زۆر زانیاریدەر بووە. هەستدەکەم کە کوردەکانی سوید بە پێزانینەوە لەم تۆڕە دەڕوانن. ئەم تۆڕە لایەنێکی ڕەسمیش بە پەیوەندییەکانی نیوان سوید و کوردستان دەدات. لەکاتێکی وەکوو ئێستادا کە کوردەکان لە ئێراق خەریکی پڕۆسەی پێکهێنانی دەوڵەتێکن، زۆر گرینگە کە هاوکاریی و دروستکردنی پەیوەندی بەم شیوەیە هەبێت.

هەر وەکوو فرێدریک مالم، ئانا-لێنا سوێرێنسۆن یەکێک لەو کەسانەبوو کە لەسەرەتاوە، لە پێکهێنانی تۆڕی –سوید-کوردستان لەگەڵ بوو. 

سویێرێنسۆن دەڵێ  من لە پێکهێنانی ئەم تۆڕە، لە سەرەتای دەوری پێشووی پەرلەمان، لەگەڵ فرێدریک مالم و هاوڕێیانی دیکە لەگەڵ بووم.

هەروەها سوێرێنسۆن باسی مەبەستی پێکهێنانی ئەم تۆڕەی کرد و گوتی بنەمای پێکهێنانی ئەم تۆڕە ئەوەیە کە ڕێژەیەکی زۆر کورد لە سوید دەژین، زیاتر لە سەد هەزار کورد لە سوید دەژین کە بۆیان گرینگە پرسی کورد لە پەرلەماندا زیندووبێت. دوایەکەنەش چەندین هاوڕێمان لە پەرلەمان خۆیان کوردن و ئەنەشن کە مایەیی ئەوەن کە من سەرنجم بە پرسی کورد داوە. هەروەها کۆکردنەوەی زانیاریی و پەیوەندیبەستن گرینگە و بوونی لایەنی نێونەتەوەیی لە کوردستان پێویستە.  

لەئێستادا کە ئێراق و سووریا تووشی شەڕی ترۆریستان بوونە و لەم شەڕەدا کوردەکان ڕۆڵێێکی بەرچاویان هەیە، کۆمەڵگای نیونەتەوەیی بەشیەی جۆراوجۆر ئەم دۆخە هەڵدەسەنگێنن. بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا، وەکوو ئەڵمان، چەکیان بۆپ هەرێمی کوردستان ناردووە. لە سوید ئەم پرسە بایەخی زۆری پێدراوە. حیزبەکانی پەرلەمان بە شێوەی جیاواز ئەم دۆخە هەڵدەسەنگێنن و پێشنیاری هاوکاری جۆراوجۆر دەکەن. فرێدریک مالم و پارتی لیبەرالی گەل بۆ ئەوە هەوڵدەدەن کە سوید لە وڵاتانە بێت کە چەک بۆ هەرێمی کوردستان، لە شەڕیاندا بە دژی داعش، دەنێڕن. بەڵام پارتی سۆسیالدیموکرات لەگەڵ ئەمە هاوفکر نییە.

هەر چەند کە فرێدریک مالم و ئانا-لێنا سوێرێنسۆن سەر بە دوو حیزبی جیاوازن، جەخت دەخەنە سەر ئەوە کە تۆڕی سوید-کوردستان جێگای حیزبایەتیی نییە. لەگوێن  یانا-لێنا سوێرێنسۆن ئەم پرسە  لەم تۆڕەدا تەنانەت باسیشی لەسەر نەکراوە.

سوێرێنسۆن دەڵێ باسی لەم شێوەمان نەبووە. بێگومان حیزبەکانمان باس لەسەر ئەم پرسە دەکەن. بەڵام ئەم تۆڕە مەیدانی سیاسەتی حیزبایەتیی نییە، بەڵکوو مە پرسە دەبێ لە دیوانی پەرلەماندا لێدوانی لەسەر بکرێت. بەڵام لەم تۆڕەدا کە حەوت حیزبی تێدایە، دەڕوانینە ئەو پرسانەی کە هەموومان لەسەری هاوفکرین و دەتوانین پشتیوانی بکەین.

وەکوو نموونەیەک  ئانا-لێنا سوێرێنسۆن باسی ئەوە دەکات کە هەموو ئەوانەی کە لەم تۆڕەدا چالاکن، کە بریتیە لە نوێنەرانی حەوت حیزبی پەرلەمان، پشتیوانی ئەوە دەکەن کە کورد دەبێ مافی دیاریکردنی چارەنووسی بەدەستی خۆیەوە بێت. کە تیشک دەخەنە سەر دۆخی کوردەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تەنانەت کوردەکانی سویدیش. دواتریش هەر یەکەو لەم ئەندامپەرلەمانانە بۆخۆیان لە پەرلەماندا لەسەر پرسی کورد دەتوانن پێشنیار بنووسن. 

هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد ئەندامپەرلەمانانی حەوت حیزب لەم تۆڕەدان. لە پەرلەمانی سویددا ئێستا هەشت حیزب جێگایان گرتۆتەوە و ئە حیزبەی کە بوونی لە تۆڕی سوید-کوردستاندا نییە، پارتی دیموکراتەکانی سویدە. ئانا-لێنا سوێرێنسۆن دەڵێ ئێمە هیچ هۆیەک بۆ بوونی ئەم حیزبە لەم تۆڕەدا نابینین. هەروەها ئەمەیشی گوت کە پارتی دیموکراتەکانی سوید بۆخۆیان داوای ئەوەیان نەکردووە کە بببن بە بەشێک لەم تۆڕەدا.

 لەکۆتایدا لە هەردوو فرێدریک مالم و ئانا-لێنا سوێرێنسۆنم پرسی کە ئایە ئێوە دەتانئەوێ لەداهاتوودا تۆڕی سوید-کوردستان تیشک بخاتە سەر چی. هەردووکیان لەسەر ئەوە هاوفکر بوون کە ئەم تۆڕە دەبێ دیدی خۆی بەرینتر بکات و بڕوانێتە هەر چوار پارچەی کوردستان.

مالم دەڵێ ئێمە دەبێ خۆمان لە دۆخی هەر چوار پارچەی کوردستان ئاگادار بکەین. ئەوەی کە ئێستا لە سوریا ڕوودەدات دڵتازێنە و هاوکات لە ئێران زۆر شت ڕوودەدات کە بایەخی پێنادرێت. بۆ نموونە ئەم ئیعدامکردنانەی ئەم دواییانە. بۆیە من پێموایە کە ئێمە لەم تۆڕەدا دەبێ دیدێکی بەرینترمان هەبێت و تیشک بخەینە سەر ڕووانگەی دیکەش. ئەمە زۆر گرینگە.

ئانا-لێنا سوێرێنسۆن لەگەڵ ئەمە هاوفکرە کە ئەم تۆڕە دەبێ بڕوانێتە تەواوی کوردستان. بەڵام هاوکات ئەو باسی ڕووانگەیەکی دیکە داکت. سوێرێنسۆن دەڵێ پێشتر بەشیوەیەکی باش بۆ ئەوە کارمان کردووە کە تیشک بخەینە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان. بەڵام من دەمەوێ لە نزیکەوە سەرنج بدەمە ڕەوەندی کورد لە سوید. ئایە لە چ دۆخێکدان، چی دەکەن و چۆن بیر دەکەنەوە. لە درێژەشدا ئەم سەرنجە بە ڕەوەندی کورد لە شوێنیتریش بدرێت. ئەم شتێکە کە شەرنجی من ڕادەکێشێت. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".