wêne: TT
پەناخوازی

گەڕاندنەوەی پەناخوازان بۆ ئیتالیا دژوارتر دەبێ

دادگای ئەورووپا لە بڕیارێکدا کە کاریگەری و دەرئەنجامی گەورەی لێدەکەوێتەوە ڕایگەیاند کە ئیتالیا سەرەتا دەبێ بتوانێ وەرگرتنی شیاوی پەناخوازانی منداڵ و بنەماڵەکان مسۆگەر بکات، بۆ ئەوەی بکەوێتە ناو ئەم ڕێساناوخۆییەی پەناخوازوەرگرتنی یەکێتیی ئەورووپاوە.

باسەکە لە سەر گونجاندنی ڕێکەتننامەی دابلینە لە سەر پەنابەری لە یەکێتیی ئەورووپادا کە تێیدا گوتراوە پەناخواز دەبێ لە یەکەمین وڵاتێکدا کە دەیگاتێ دەبێ داوای پەنابەرییەکەی پێشکەش‌بکات. کەچی گەلێ پەناخواز کە جاری یەکەم خۆدەگەیەننە ئیتالیا، لەوێوە بەرەو سوید دێن. بۆ نموونە ساڵی پار ٣٠٠٠ پەناخواز بەمجۆرە هاتنە سوید. کەچی ئێستا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە شتراسبۆرگ دەڵێ کە کەمایەسییەکانی ئیتالیا لەمبارەوە ئەوەندە زۆرن کە دەبێ بتوانێ گەرەنتیی وەرگرتنی ئەم پەناخوازانە بکات.

ئەم بڕیارە کاتێ درا کە بنەماڵەیەکی شەش کەسەی ئەفغان کە بە گەمێ هاتبوونە ئیتالیا و لەوێشەوە بۆ سویس، نەیاندەویست بگەڕێنرێنەوە ئیتالیا. بۆیە کێشەکەیان گەیشتە دادگای ئەورووپا. بە پێی ئەم بڕیارە، گەڕاندنەوەی ئەم بنەماڵە پەناخوازە بۆ ئیتالیا ـ کە ناتوانێ گەرەنتیی وەرگرتنی ئەم پەناخوازانە بکات ـ نزمکردنەوە و شکاندنی ڕێزی مرۆڤانەی پەناخوازانە و پێشێلکردنی ڕێککەوتنامەی ئەورووپاش لەمبارەوە.

وڵاتی ئیتالیا ماوەیەکی درێژە لەبەر چۆنەتیی وەرگرتنی پەناخواز و ئەو کەمایەسییانەی لەم بارەوە هەیەتی و یەکێ لەوان دابینکردنی خانووبەرە و شوێنی ژیان، رەخنەی زۆری هاتۆتەوە سەر.

وڵاتی سویدیش لەم دادگایەدا پشتیوانیی لە سویس کردووە و ڕایگەیاندووە کە کەمایەسییەکانی ئیتالیا ئەوەندە گەورە نین کە نەکرێ ئەو بنەماڵانە بگەڕێنرێنەوە ئیتالیا، کەچی بڕیاری دادگا شتێکی بەپێچەوانە بوو.

فرێدریک بیەر سەرۆکی بەشی حقووقیی دەزگایا کۆچ دەڵێ ئەم بڕیارە دەتوانێ کاری ناردنەوەی پەناخوازان بۆ ئیتالیا لە بەرپرسانی سویدی دژواربکات. ئەو دەڵێ "ئێمە پاش ئەم بڕیارە دەبێ گفتوگۆیەکی بەربڵاوتر لەگەڵ کاربەدەستانی ئیتالیایی بکەین. لەم ناوەدا هەرچەند ئەوان بشتوانن بڵێن بەداخەوە ئێمە جێی حەوانەوە و نیشتەجێبوونی پەناخوازمان نییە بەڵام دەبێ کار بۆ نەهێشتنی ئەم کەمایەسییە بکەن و جارەی ئەم گرفتەیان بکەن."

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".