Zarokên Shingalê / wêne: Hogir Hirori
Zarokên Shingalê / wêne: Hogir Hirori
یاسا

ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان دەبێتە بەشێک لە یاسای نەتەوەیی وڵاتی سویدیش

ڕێککەوتننامەی مافی منداڵ دەچێتە ناو یاسای سویدەوە
5:17 min

ئەمڕۆ ڕێککەوتننامەی مافی منداڵانی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان تەمەنی دەبێتە  ٢٥ ساڵ. سوید لە ساڵی ١٩٩٠دا ئەم ڕێکەوتننامەیەی مۆر کرد و حوکوومەتی نوێش ئێستا ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕێککەوتننامەیە دەبێ ببێتە یاسای وڵاتی سویدیش.


لە منداڵانی فێرگەیەکی ستۆکهۆڵممان پرسی: دەزانن ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان چییە؟ وەڵامەکان ئەوانە بوون:
یەکسانی گشت منداڵان، هاوڕێی یەکتربوون، مافی منداڵ یانی ئەوەی چ شتێک ڕاستە یا نەڕاست، ئازادیی منداڵانی هەموو جیهان لەسەر ئەوەی چییان دەوێ بیکەن.

ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان هەڵگری ئەو کۆبڕیارانەی مافی مرۆڤە دەرهەق بە منداڵان.  لە هەندێ وڵاتدا ئەم ڕێککەوتننامەیە پاش ئەوەی پەسندکرا بووەتە یاساش بەڵام لە سوید سیستێمی یاسای دووانە هەیە و بۆ جێبەجێکرانی لە کردەوەدا دەبێ وەک یاسای وڵاتیش پەسندبکرێ. ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان هێشتا لە سوید نەبۆتە یاسا کەچی لەم پێناوەدا ئاڵوگۆڕێک بەڕێوەیە و ستێفان لوێڤێنی سەرەکوەزیر مانگی ڕابردوو لەمبارەوە قسەی کرد:

ـ "سوید دەبێ ببێتە باشترین وڵات بۆ گەشەی منداڵان. حوکوومەت دەبێ دەست بە کار بێ و ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان بکاتە بەشێک لە یاسای نەتەوەیی خۆیشی."

ئەم قسەیەی سەرەکوەزیر دڵی کریستینا هێیلبۆرنی زۆر خۆشکردووە کە سەرۆکبەرنامەی ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان، یۆنیسێف،ە. ئەو هیوادارە کە هەمان شت کە ساڵی ٢٠٠٣ لە وڵاتی نەروێژ ڕوویدا و ڕێککەوتننامەی مافی منداڵانیان وەک یاسای نەتەوەییش  پەسندکرد، لێرە لە سویدیش ڕووبدات:

ـ "ئەمە پێگەی ڕێککەوتننامەکە ئەوەندەی تریش بەهێزتر دەکات. شێوەڕەفتار و هەڵوێستی پارێزەران و بڕیاربەدەستانیش دەگۆڕدرێ کاتێ ببینن کە مافی منداڵ، بۆتە یاسای وڵات. چون تا ئەو کاتەی نەبۆتە یاسای وڵات، ئەوا دەتوانی بەرپەرچیشی دەیەوە و لەسەریشت نییە جێبەجێی بکەیت."

یۆنیسێف، ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە گەلێ ساڵە خەباتیان لەم پێناوەدا کردووە. ساڵی ٢٠١٣ حوکوومەتی ئەوکات شاندێکی ڕاسپارد تا لەوە بکۆڵنەوە کە ئاخۆ کردنە یاسای ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان، چ سوود و زیانێکی لەوانەیە بەدواوە بێت. کەچی ئۆسا رێگنێر وەزیری کاروباری منداڵان، بەساڵداچووان و ویەکسانی دەڵێ ئەم قۆناغە ئیدی بەسەرچووە:

ـ "چیدی لێکۆڵینەوە پێویست ناکا، بەڵکوو ئەم حوکوومەتە ئەم ئاڵۆگۆرەی دەوێ. ئێمە دەمانەوێ ئەو ئەرکە لەو لێکۆڵەرانە بستێنینەوە کە لە باشی و خراپییەکانی ئەم ئاڵۆگۆڕە بکۆڵنەوە بەڵكوو با ئێستا شرۆڤەی ئەوە بکەن کە چلۆن ئەم کارە بکردرێ. چ شێوازێک بۆ ئەم یاسادانانە پێشنیازدەکەن."

ئۆسا رێگنێر هیوادارە کە تا پاییزی داهاتوو ئەم پێشنیازە ئامادە و لەبەردەستان بێت. سەرەکوەزیر ستێفان لوێڤێنیش دڵی گەشە و لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی ناوەندیی دەنگوباسی رادیۆی سوید دەڵێ کە ساڵی داهاتوو دەبێ ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان بووبێتە بەشێک لە یاسای وڵاتی سویدیش.

کەچی لێرەدا ڕەخنەی ئەوە لە حوکوومەت گیراوە کە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکانی نەکرد تا ئەنجامەکەی دەرکەوێ و زووتر لەوە گوتی دەبێ ببێتە یاسای سوید. بۆنموونە ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان شێوەی جودای ئامانجدیاریکردنی تێدایە، وەک ئەوەی گەشەی ئەخلاقیی منداڵ دەبێ چلۆن بێت، کە ئەمەیان ـ لە گوێن قسەی ڕەخنەگران ـ وەک دەقی یاسا گونجاو نییە. کەچی کریستینا هێیلبۆرن سەرۆکبەرنامەی ڕێکخراوی یۆنیسێف ئەمە بە لەمپەر نابینێ:

ـ "هەندێ لەو بڕیارانەی ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان تاڕادەیەک تایبەتین کەچی ئەو بڕیارانەی گشتگرن، ئەوا ئائێستاش پارێزەران دەتوانن بەکاری بێنن چون کاتێ باس لەسەر یاسای‌تریشە دەبێ هەروا بکرێ. یاسای خزمەتەکۆمەڵایەتییەکانیش بڕیاری وای تێدایە کە پێویست بە لێکدانەوە دەکات. ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان ئەوا ٢٥ ساڵە هەیە و کاتی هاتووە کە ئیدی پێگە و ‌هەڵکەوتەیەکی یاسایی بەهێزتری بدرێتێ." 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".