Bilradion framför växelspaken
wêne: Per Gustafsson/SR
تەکنیک

پێشنیاز: دوو ساڵی‌تر دەست بە وەشانی ڕادیۆی دیجیتاڵی بکەن

ئەمڕۆ توێژینەوەیەک لەسەر ڕادیۆی دیجیتاڵی کە بڕیارە پاش حەوت ساڵان جێی ڕادیۆی ئێف‌.ئێم لە سوید بگرێتەوە پێشکەشکرا. 

کەناڵە ریکلامەکانی ڕادیۆیی و ڕادیۆی سوید بڕیارە بۆ ئەم سێستێمە نوێیەی وەشان بگوازنەوە کە دەرفەتی بڵاوکردنەوە لەسەر کاناڵی زیاتر دەبەخشێ. کەچی ئێستا ئەم پرسە هاتۆتە گۆڕێ کە ئاخۆ حوکوومەتی نوێی سوید دەیەوێ ئەو پارەیەی بۆ ئەم مەبەستە پێویستە، لەسەر دەستپێکردنی وەشانی دیجیتاڵی دابنێ؟

ڕادیۆی دیجیتاڵی کە لە ڕێی تەکنیکی سەر زەوییەوە شەپۆلەکانی خۆی دەنێرێ بەگوتەی نینا وۆرمبس (Nina Wormbs) بەرپرسی توێژینەوە و  هاوئاهەنگیی ئەم بوارە، دەبێ دوو ساڵی دیکە لە سوید دەستبەکار بێت. بە پێی بەرنامەی داڕشتراو، ڕادیۆی سەر شەپۆلی ئێف.ئێم ساڵی ٢٠٢٢ ـ یا ئەوپەڕی ٢٠٢٤ ـ لە سوید هەڵدەگیرێ.

ئەرکی ئەم توێژینەوەیە پێشتر لەلایەن لێنا ئادێلسۆن ـ لیلیێرووت، وەزیری حوکوومەتی پێشووی فەرهەنگ سەر بە پارتی مۆدێراتەکانەوە، درابووە نینا وۆرمبس کە لەوە بکۆڵێتەوە چۆن وەشانی ئێف.‌ئێم دابکوژێتەوە و بەجێگەی لەڕێی تەکنیکی "داب پلاس"ەوە وەشانی دیجیتاڵی دەستپێبکرێ.

ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە ئێستا دەدرێتە حوکوومەتی نوێ کە دوو پارتی سوسیالدیموکرات و ژینگە بەڕێوەی دەبەن. کەچی وەزیری پێشتری فەرهەنگ سەر بە سوسیالدیموکراتان لە ساڵی ٢٠٠٥دا هیچ پشتگیرییەکی وەشانی دیجیتاڵیی نەدا و ئێستاش دیار نییە کە ئاخۆ ئەو چەند سەد میلیۆن کرۆنەی بۆ پشتگیریی ئەم پرۆژەیە پێویستە، لەلایەن حوکوومەتی ئێستاوە دەدرێ یان نا؟

کەناڵە ئەهلییەکانی ریکلام کە زوربەیان لەلایەن دوو شیرکەتی (MTG و SBS)وە بەڕێوەدەچن ئیزنی ئەوەیان وەرگرتووە کە سەرجەم ٢٠ کەناڵی رادیۆیی دیجیتاڵی بوەشێنن کە دەگاتە هەموو سوید. بەڵام ئەو شیرکەتانەی بەرپرسی ریکلامی رادیۆکانن ڕایانگەیاندووە کە جارێ تا ئەو کاتەی ڕادیۆی سوید دەستی بە ئامادەکاریی وەشان بە سیستێمی "داب پلاس" نەکردووە، ئەوانیش دەست بە وەشانی دیجیتاڵیی خۆیان ناکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی رادیۆی سوید، سیللا بێنکوێ، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەوە سیاسەتمەدارانن بڕیار لەسەر ئەم شتە دەدەن. ئەو دەڵێ رادیۆی سوید بۆ ئەوەی دەڕۆستی ئەوە بێ کە هاوکات بەرنامەی تایبەتیی وەشانی دیجیتاڵیش دروست بکات تا خەڵک هانبدرێن دەزگای ڕادیۆی داب بکڕن، ئەوا دەبێ بودجەی زیاتری بۆ تەرخان بکرێت.

چاوەڕێ دەکرێ کە توێژینەوەی نینا وۆرمبس بەرنامەیەکی بۆ ئەوە هەبێ کە شێوازی گۆڕینی وەشانی ڕادیۆیی ئانالۆگی زەوینی بۆ وەشانی ڕادیۆیی دیجیتاڵیی زەوینی چلۆن ئەنجام بدرێ. دیارە هاوکاریی نێوان دەزگای حوکوومەتیی بەرپرسی ڕادیۆ و تلەڤزیۆن، کەناڵە ڕادیۆییە ڕیکلامییەکان و ڕادیۆی سوید، دەبێ قەرزێکی دەستەبەرکراوی حوکوومەتی لەگەڵدابێ، هەروەک چۆن بۆ وەشانی تلەڤزیۆنە دیجیتالییەکانیش کرا.

وەزیری فەرهەنگی ئێستا ئالیس باهـ کونکێ لە پارتی ژینگە و حوکوومەتی سوید تا نزیکەی ساڵێکی دیکە دەرفەتی ئەوەیان هەیە کە پێشنیازێک لەسەر چۆنەتیی وەشانی دیجیتاڵیی ڕادیۆ لە سوید پێشکەش بکەن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".