Statsminister Stefan Löfven (S). Foto: SR Sameradion
wêne: SR Sameradion

حکومەت دەیەوێت لەگەڵ هاوپەیمانی ڕاست بسازێت

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆک وەزیرانی سوید ستێفان لوێڤێن ڕایگەیاند کە دەیەوێ ئەم ئێوارە لەگەڵ حیزبەکانی هاوپەیمانی ڕاستی دابنیشێت. 

لوێڤێن باسی ئەوەی کرد کە ئەگەر حیزبەکانی هاوپەیمانی ڕاست لەسەر قسەی خۆیان سورن کە ئامادە نین لەگەڵ پارتی دیموکراتەکانی سوید هاوکاری بکەن، دەبێ ئێستا نیشانی بدەن کە ئامادەن بەپێی قسەکانیان هەڵوێست بگرن. بۆیە هەر ئەم ئێوارە  بۆ دەنیشتنێک بانگیان دەکەم، تا باس لەسەر ئەوە بکەن کە چۆن دەتوانین پێکەوە بەرپرسایەتی سوید وەئەستۆ بگرین. 

لویڤێن ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەڵوێستەی دیموکراتەکانی سوید کە ڕێگا لە بوودجەی حکومەت دەگرن، نیشان دەدات کە ئامادەن ڕێگا لە هەموو حکومەتێک بگرن کە ئامادە نییە بەپێی ویستی ئەوان هەڵوێست بگرێت. 

بەرپرسی گروپی ئەندامپەرلەمانانی پارتی مودێرات، ئانا شینبەر-باترا دوای ڕاگەیاندنی دیموکراتەکانی سوید کە بوودجەی حکومەت پەسەند ناکەن، گوتی ئەوەی کە سەبارەت بە حکومەتداری دەبێ وەلام بداتەوە، ستێفان لوێڤێنە. ئەو بەرامبەر بە پێشکێشکردنی بوودجە بەرپرسیارە و هەر وەکوو سۆسیالدیموکراتەکان بۆخۆیان لەکاتی حکومەتداری ئێمەدا گوتیان، کاری ئۆپۆسیزیۆن ئەوە نییە کە هاوکاری حکومەت بکات تا لەسەر کار بمێنێتەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا سەرۆکی پارتی سەنتەر ئانی لوێف گوتی حیزبەکەی دەنگ بە بوودجەی هاوپەیمانی ڕاست دەدات و بەرپرسایەتی چارەسەرکردنی ئەم دۆخە لەسەر شانی ستێفان لوێڤێنە. هەروەها لوێف ئەوەشی گوت کە حیزبەکەی ئامادە نییە لە لێژنەی ئابووری پەرلەماندا لەسەر بوودجەیەکی نوێ بسازێت.

سەبارەت بەم هەڵومەرجەی سیاسی و دەنگدانی پەرلەمان لەسەر بوودجەی نوێ، سبەینی ڕاگەیاندنی بەشی کوردی ڕادیۆی سوید بەردەوام دەبێت. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".