wêne: Calle Käck/Sveriges Radio
wêne: Calle Käck/Sveriges Radio

"سوید وەک نەرویژ و دانمارکی لێنایە"

"سوید وەک نەرویژ و دانمارک ناکا"
6:17 min

لە دوو وڵاتی دراوسێ نەرویژ و دانمارکدا پارتییەکانی ڕەخنەگری سیاسەتی کۆچ و پەنابەروەرگری ماوەیەکی زۆرە لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەبوون و کارتێکەرییەکی بەرچاویشیان لەم بوارەدا هەبووە. تۆ بڵێی سویدیش بە هەبوونی پارتی دیموکراتەکانی سوید، هەر هەمان ئاراستە بگرێتە بەر؟

ئاندریاس یوانسۆن هەینوێ (Andreas Johansson Heinö) مامۆستای سیاسەتزانیی زانستگای یۆتێبۆری دەڵێ نا، مەیلی سیاسیی وا جارێ لە سویددا نییە!

ـ "دیموکراتەکانی سوید وەک پارتی، مێژوویەکی دیکەیان هەیە و لەو دوو حیزبەی‌تر جودان.  ڕیشەیان لە بزاڤی نیۆنازیستیدا هەبووە و خاوەن پاشخانی ڕاسیستین. پارتییەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەرنامەی ڕەگەزپەرستانەی هەبووە. کەچی دوو پارتییەکەی (Dansk Folkeparti و Fremskrittspartiet) لە دانمارک و نوروێژ، خاوەن پێشینەی پۆپۆلیسمی کلاسیکن و وەک دیموکراتەکانی سوید، ڕیشەی نازیستییان نییە. ئەمەش لە خۆیدا جیاوازییەکی گرنگە و بەڵگەیەکە بۆ زۆر پارتیی دیکە کە نەیانەوێ لەگەڵ پارتیی دیموکراتەکانی سویددا هاوکاری بکەن."

ئاندریاس یوانسۆن هێینوێ دەڵێ ڕاستە مێژووی ئەم پارتییانە لێکجودایە بەڵام ڕوانگە سیاسییەکەیان بەتایبەت لە پرسی کۆچ و پەنابەریدا یەکجار لە یەک نزیکە.  بۆیەش بە گشتی، زۆر لەیەک دوور نین. جیاوازییەکە زۆرتر لەوەدایە کە ڕوانگەکەیان لە سەر سیاسەتی کۆچ چۆنە و ئەم سیاسەتە لە وڵاتەکەیاندا بە چ شێوەیەک مامەڵەی لە تەکدا کراوە.

ـ "سیاسەتی حوکوومەت لە سویددا بۆ کۆچ و پەنابەروەرگری، هەستیارتر لە دوو وڵاتی نەرویژ و دانمارکە و زۆر توندڕەوانەتر لێکدەدرێتەوە. هەر بۆیەش ئەم پارتییە بە دژەبیانی ناسراوە و بڕوای بە سیاسەتێکی تری کۆچە. کەچی لە دانمارک و نەرویژ، سیاسەتی کۆچی وڵاتەکە، ئاوا توندڕەوانە هەڵناسەنگێنرێ."

ئاننا گارسدلێڤ (Anna Gaarsdlev) هەواڵنێری ئەورووپای ڕادیۆی دانمارک لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەرنامەی ئاگێندای تلەڤزیۆنی سوید، باسی لەوە کرد کە خەڵکی دانمارک لە چاو سویدییەکان بەگشتی ڕوانگەیەکی‌تریان لەسەر کۆچ و بیانیان هەیە:

ـ "ئێمەی دانمارکی هەرگیز خۆمان وەک وڵاتێک نەبینەوە کە کۆچی کرابێتێ، بەو جۆرەی ئێوە لە سوید بینیوتانە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێمە بە شێوەیەکی‌ تەواو جیاوازتر لەسەر پرسی کۆچ و پەنابەران دواوین. ئێمەی دانمارکی هەرگیز وامان بیرنەکردۆتەوە کە لەو دنیایەدا بۆ وەرگرتنی پەنابەران ئەرکمان لەسەر شانە. دانمارکییەکان وا بیرناکەنەوە. بۆیەش ئەمە دەبێتە هۆی ئەوە کە هەڵوێستمان جودا بێت. هەڵوێستی خەڵکی دانمارک لە سەر پەنابەران جیاواز بێت. زۆر جیاوازتر لە هی خەڵکی سوید."

ئاندریاس یوانسۆن هەینوێ ش هاوفکرە کە ئەم وێنەیەی خەڵکی سوید لە خۆیان هەیانە، پڕمانایە:
ـ "لە سویددا خەڵک ئەم وێنەیەیان لە خۆ هەیە کە دەبێ یارمەتیی وڵاتانی دیکە بدرێ و ئەمە وەک بایخێکی ئەخلاقی دادەنرێ کە دەبێ پابەندی بن. پێشتر سیاسەتی کۆمەکی ئابووری بە ولاتان هەبوو. دواتر سیاسەتی وەرگرتنی پەنابەر و لەم چەشنە. ئەم ڕەفتارە سیاسییەش بۆ سویدییەکان کەسایەتی دەخوڵقێنێ. بۆیەش پرسی کۆچبەران ئەوەندە هەستیار دەردەکەوێ و ئیدی لە سیاسەتێکی ئاسایی ناچێ. کەچی لە دانمارک و نەرویژ وەک هەموو بوارێکی سیاسیی دیکە، چاو لە سیاسەتی کۆچ و وەرگرتنی پەنابەر دەکرێ. لەوێ بۆچوونەکان لەوەی ئێمە زۆر جیاوازە."

حیزبی نەورویژیی "فرێمس‌کریتس پارتیێت" ساڵی ١٩٧٣ وەک حیزبێکی پۆپۆلیستی و بەدژی باجی بەرز دامەزرا بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا سیاسەتی کۆچی کردۆتە پرسی سەرەکیی خۆی. ئەم پارتییە بۆ ماوەیەکی درێژ وەک دووەم پارتی گەورەی وڵات وابووە و لە ساڵی پارەوە کەوتۆتە ناو حوکوومەتەوە و سەرۆکەکەشی ـ سیڤ یێنسێن ـ وەزیری داراییە.

لە دانمارک حیزبی "دانسک فۆلکێ‌پارتی" لەوەتەی ساڵی ١٩٩٨ەوە لە ناو حوکوومەتدایە و پێشتریش چەندین ساڵ حیزبی پشتگری حوکوومەت بوون، لەبەرامبەر ئەوەدا کە حوکوومەت سیاسەتێکی تەنگەبەرتری کۆچ بگرێتە بەر، هەر ئەمەش پرسی سەرەکیی ئەم پارتییە بووە.

کەچی ئاندریاس یوانسۆن هەینوێ وەها چاوەندازێکی لە سیاسەتی سوید نییە، وەک ئەوەی لە نەرویژ و دانمارکدا هەیە. لەبەر ئەوەی کە لە سوید پارتییەکانی‌ دیکە هێشتا ئامادەیی ئەوەیان نییە کە دەستی هاوکاری بەرەو دیموکراتە سویدییەکان راکێشن:

ـ "ئێستا ئەوە دیموکراتەکانی سوید پشتگیری لە پەسندکردنی بودجەیان خستۆتە ناو ئەو مەرجەوە کە سیاسەتی کۆچ و وەرگرتنی پەنابەریان بگۆڕن. واتا ڕێگە لە هاوکاریکردن لە بوارەکانی دیکە دەگرن. دیموکراتە سویدییەکان ئێستا دەڵێن بێت و سیاسەتی کۆچ نەگۆڕدرێ ئێمەش دەنگ بە پێشنیازەبودجەکەتان نادەین. بە واتایەکی‌تر هاوکاریکردن لەگەڵ دیموکراتەکانی سوید یانی گۆڕینی سیاسەتی کۆچ و وەرگرتنی پەنابەر. بۆیەش من پێموایە کە وەها هاوکارییەک جارێ زۆر دوورەدەست دەنوێنێ."

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".