wêne: Linn Malmén/TT
wêne: Linn Malmén/TT

سوید لە ئەنجامی کۆبوونەوەی جیهانیی ژینگە ڕازییە

کۆبوونەوە جیهانییەکەی کەشوهەوا لە لیما
4:04 min

وەزیری کەش و ژینگە، ئۆسا رۆمسۆن، لە ڕێککەوتنی جیهانی لەسەر سنووردارکردنی دەردانی گازی ناودێر بە گوڵخانەیی لە لیما، زۆر ڕازییە و لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا بۆ سوید لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی سوید گوتی: هیوای ئەوە دەخوازم کە ئەم ڕێککەوتنە لە کردەوەشدا بێتە دی. 

 ـ "لەوە دڵنیا نەبووم کە ئاستی داواکارییەکان بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە ئەوەندە بەرز بێت کە لەوەش زیاتری لێبکەوێتەوە. ئەم ئەنجامە وا دەکات کە دانوستاندنەکەن بەڕاستی دەستپێبکەن!"

  

کۆمیسیۆنی ئەورووپاش بەڵگەنامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە بە هەنگاوێک دادەنێ لە پێناو کۆبوونەوەی گەورەی پاریس  کە ساڵی داهاتوو دەگیرێ. سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی موون، پیرۆزبایی ئەم ئەنجامەی کرد و بە سەرکەوتنی ناوبرد. کەچی بزاڤە جۆربەجۆرەکانی بواری ژینگە لە چوارقوڕنەی جیهاندا کەمتر دڵیان خۆشە. سڤانتێ ئاکسێل‌سۆن سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی سروشتپارێزان، ئەم بەڵگەنامەیەی کۆتایی کۆبوونەوەکەی وەها شرۆڤە کرد:

ـ "مرۆڤ هەموو جارێ کە دانوستاندنێک دەبێ، ئەوا دڵی خۆش دەبێ کەچی لەڕاستیدا هیچ ئەنجامێکی بەکردەوەی لێدەرناکەوێ کە بتوانێ باری کەشوهەوای پێ ڕاستبکرێتەوە."

هەرچەند ئەمە بەشێک لە پلانەکانی جێی گفتوگۆی بەشدارانی کۆبوونەوەی وڵاتانی جیهان لەسەر پرسەکانی ژینگە لە پێتەختی پێروو، لیمادا بوو کە چوارچێوەیەکی دیار بۆ کۆبوونەوەکەی پاریس دابنێن بەڵام لەسەری پێکنەهاتن و بەجێی لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە خشتەیەکی کات دابنێن بۆ وڵاتان کە لێبراو بکرێن تا بەر لە کۆبوونەوەکەی پاریس لە ساڵی داهاتوودا ڕاپۆرتی ئەو کارانە بدەن کە لە پێناو ڕێککەوتنەکەی ئەمجارەدا کردوویانە، هەروەها ئەو هەنگاوانەی بڕیاری هەڵێنانەوەیان لەسەر داوە.

ناکۆکییەکان لەمناوەدا لەنێوان وڵاتانی هەژار و دەوڵەمەنددا لەسەر ئەوەی کێ دەبێ تێچووی ئەم هەنگاوانە بدات کە لەپێناو بەرگری لە گەرمتربوونی هەوا بە ڕێژەی زیاتر لە دوو پلەدا هەڵدەگیرێن، زۆر بوون. سڤانتێ ئاکسێل‌سۆن لە کۆمەڵەی سروشتپارێزیی سوید دەڵێ لەمناوەدا پلانێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ئەوەی دەرکەوێ چۆن قەرەبووی وڵاتانی لەحاڵی گەشەندندا بکرێتەوە پێویستە:

ـ "ئێمە پێویستیمان بە پلانێکی دارایی هەیە، پێپیلکەیەک کە نیشانی دەدا چلۆن دەتوانین لە ئەم بڕەپارەیە لە ٢،٥ میلیارد لە ساڵەوە بگەیێنینە ١٠٠ میلیارد لە ساڵدا، ئەویش تا ساڵی ٢٠٢٠."

ئۆسا ڕۆمسۆن وەزیری کەش و ژینگە دەڵێ ئەوەندەی سوید دەگرێتەوە ئەوەیە کە بەردەوام بێت لە پلانەکەی خۆی بۆ کەمکردنەوەی دەردەی خەسارگەیێن. هەڵبەت ئەگەر بۆی بکرێ ئەوا خێراتر لە وڵاتانی تری یەکێتیی ئەورووپا:

ـ "سوید لەسەر بەرنامەکانی درێژخایەنی خۆی بۆ کەمکردنەوەی دەردە هەر بەردەوام دەبێ. یەکێتیی ئەورووپاش ئێستا بڕیاری داوە کە ڕێژەی ئەم دەردەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ لەچاو ١٩٩٠ تا ٤٠ لەسەد کەمکاتەوە. ئەم گفتگوگۆیانە لە ئاستی نێونەتەوەییدا وەڵامێکی باش بوو بەڵام ئێمە لە سوید بەشبەحاڵی خۆمان پێمانوایە کە یەکێتیی ئەورووپا دەبوا زیاتر لەوە یارمەتیی بەم ئامانجە گەیاندبایە."

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".