Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/
wêne: Bo Göran Bodin / Sveriges Radio
wêne: Bo Göran Bodin / Sveriges Radio

پۆلیس و ناونووسیی نایاسایی ژنان

ناونووسیی نایاسایی ژنان
7:30 min

لە سەرەتای پایزی ئەمساڵدا پێشنیازی دەنگوباسێک بە ڕادیۆی سوید گەیشت. پێشنیازدەرەکە بەسەرهاتێکی سەیری بۆ گێڕانەوە پێبوو.

ئەوەی کە گرووپێکی تایبەت لە ناو پۆلیسی ستۆکهۆڵمدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەیەک لەسەر ناوی ئەو ژنانەن کە سکاڵایان لەسەر ئەوەی تێهەڵدراون لەلای پۆلیس تۆمار کردووە. پۆلیس سەرەتا نکۆڵی لەهەبوونی وەها لیستەیەک کرد بەڵام دواتر هەندێ سەرچاوە، ڕاستبوونی وەها لیستەیەکیان پشتڕاست کردەوە. ناوەرۆکی ئەم لیستەیە لە زۆر ڕەهەندەوە جێی لێڕامانە.

پۆلیسی ستۆکهۆڵم بۆ ماوەی دە ساڵان خەریکی تۆمارکردنی ناوی دوو تا سێ هەزار ژن بووە کە لەلای پۆلیس شکایەتیان تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی کەوتوونەتە بەر لێدان و ئازاردران، یا خود هەڕەشە لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە. بەشی ناوەندیی دەنگوباسی ڕادیۆی سوید ئەمڕۆ ئەم هەواڵەی لەقاوداوە. ئەم لیستە نهێنییە پڕە لە زانیاریی هەستیار و پێشداوەریی سووک و تڕۆکارانە، لەسەر ئەم ژنانە.

ئینگرید هێلمیووس (Ingrid Helmius) مامۆستای یاسای کەرتی گشتی لە زانکۆی ئوپسالای سوید دەڵێ ئامادەکردنی لیستەیەکی وەها لەلایەن پۆلیسەوە نایاساییە. ئەمەش نیشان دەدا کە ئەو کەسەی ناونووسەکەی کردوە هیچ ئاگاداری یاسا و ڕێساکانی ئەو کارە نەبووە و ئەوەی کە بە چ مەبەستێک دەکرێ.

ئەم داتابەیسە لە پاڵ ئەو سیستێمە ئاساییەی پۆلسیی ستۆکهۆڵم دانراوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و بریتییە کە چەند پەڕگەیەکی ئێکسێل‌. بەدواداچوونەکەی بەشی ناوەندیی دەنگوباسی ڕادیۆی سوید نیشان دەدات کە ئەم تۆمارەناوانە پڕن لە زانیاریی سووک و بەکەمڕوانین لە سەر ئەم ژنانە. بۆ نموونە پاشخانی نەتەوەیی ئەو ژنانە نووسراوە و ئەوەی سەر بە چ ئایینێکن. بۆ وێنە نووسراوە: "خاوەنکێشکە قەرەچییەکی لە هیچ نەگەیشتوویە و لە تێگەیشتندا کەمئەندامە. ژنە خەڵکی ئێریتێریایە و ئیماندارێکی زۆر خەستوخۆڵە. ژن و پیاوەکە موسوڵمانانی شیعە و سوننین."

بەشێکی زۆری ئەو ژنانە تووشی پێشداوەریی پۆلیسیش بوونەتەوە. پێیان دەگوترێ فێڵەباز، ئاڵۆز و تایبەت. هەروەها هەندێ لەو ژنە تووشبووانە، لێکدانەوەی دەروونیشیان لەسەر نووسراوە. بۆنموونە: "ئەو ژنە وێدەچێ کێشەی دەروونیی هەبێت". "خاوەنکێشەکە زۆر تایبەتە، وێدەچێ گومانلێکراوەکە خۆی قوربانی بێ".

پۆلیس لەسەر لینی ٢٨ ساڵە نووسراوە کە ئاڵۆزیی کەسایەتیی هەیە و نەخۆشیی دووجەمسەریی هەیە. هەروەها نووسراوە کە ئەو بە منداڵی لەلایەن منداڵبازێکەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر. لین خۆی ئەم زانیارییەی پۆلیس لەسەری نووسیوە، دەخوێنێتەوە و یەکجار زۆر توورە دەبێ. دەڵێ سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەم.

بەڵام ئەو تۆمارەناوانەی پۆلیس لە سەر چەند هەزار ژنی تێهەڵدراو ئامادەی کردوون چ ئەنجامێکی لێدەکەوێتەوە؟ ئەم ناونووسکردنەی ژنان کە هەم لێکدانەوەی دەروونپزیشکیی ژنەکانی بە بۆچوونی پۆلیس تێدایە، هەم ئۆگری و حەزی ئەو ژنانەی تۆمارکردووە، هەم ناوی خزم و کەسەکانیشی تۆمارکردوون، بە چ مەبەستێک ئامادە کراوە؟ پێشتر کاتێ دەرکەوت کە پۆلیسی هەرێمی سکۆنێ تۆمارێکی لە کەسانی قەرەج ئامادەکردووە، ئەوا گوتیان کە باشە ئەو تۆمارەناوانە هەبن، بە سویدی "bra att ha-register ".

بەڵام ئاخۆ ئەم تۆمار ئامادەکردنە چ ئەنجامێکی بەدواوە دەبێ و ڕوانگەی خەڵک لەسەر پۆلیس چۆن دەگۆڕێ؟

ڕۆڵف گرانێر توێژەری پەروەردەی پۆلیس لە ڤێکخوێ بە بەرنامەی بەیانانی ڕادیۆی سویدی گوت کە سەری سوڕماوە لەوەی کە پۆلیسی سوید چلۆن زات دەکا وەها تۆمارێکی پڕ لە سووکایەتی ئامادە بکات، ئەویش بەتایبەت پاش ئەو ئابڕووچوونەی لە سەر تۆماری ناوی قەرەجەکان بەسەری هات.

...

گرانێر دەڵێ پیاو پێیوایە پۆلیس پاش ئەم کارەساتە ئەوەی تۆماری ناو هەبووە هەمووی سڕیونەتەوە، کەچی وا نییە. بەڵام ئەوە تووشی واقوڕمانم ناکات. بەشێکی دەزگای پۆلیس کەمایەسیی لەسەر زانیارییەکانی دەورووبەری هەیە. تێگەیشتنێکی واشیان هەیە کە گوایا ئەوەی ناوخۆییە، ئەوا بۆ هەمیشە هەر ناوخۆییە.

ڕۆڵف گرانێر توێژەری پەروەردەی پۆلیس هەروەها دەڵێ ئەمە دوایین جار نییە چالاکییەکانی پۆلیس هەندێ بە بەڕەڵدایی پەلدەبزێون.

گون هەیمر پرۆفیسۆری ناوەندی نەتەوەیی ئاسوودەیی ژنان لە ئوپسالا ڕەخنەیەکی زۆری لەم کارەی پۆلیس هەیە کە بۆچوون لەسەر باری تەندروستی ژنان دەدات. بۆ نموونە ئەوەی فڵانە ژن وێدەچێ گرفتی دەروونیی هەبێ، یا نەخۆشیی درۆگوتنی هەیە، بە سویدی "میتۆمان"ە.

هەیمر دەڵێ من خۆم پزیشکم و بەلامەوە بەڕاستی سەیرە کە پۆلیسێک ئا بەمجۆرە و هەر لە خۆوە، لێکدانەوەی پزیشکی و دەروونناسانە لە سەر تاکەکەسان بدات. ئەمە زۆر ترسناکە!

هەیمر دەڵێ باشتر وابوو پۆلیس تەرکیز بکاتە سەر تاوانکاران نەک ژنانی قوربانی کە لە ژێر هەڕەشە و توندوتیژیدا دەژین. ئەمە دەتوانێ ئاستی بڕوا بە پۆلیس لەلای قوربیانییەکان و زوڵملێکراوان دابەزێنێ. وەها تۆمارئامادەکردنێک زانیاری و تێگەیشتنی ئێمە زێدەناکات.

کریستیەن ئاگدور سەرۆکپۆلیسی هەرێمی سوێدرتوێرن کە بەرپرسی ئەم تۆمارەناوانەیە دەڵێ ئەو خۆی هەرگیز ئەم تۆمارەی نەبینیوە بەڵام پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەیە. ئەو دەڵێ ئێمە ئەو ژنانەمان ناونووسکردوون تا بەڵگەی تەواو و پشتبەستوومان بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئەو ژنانە هەبێ. ئەویش بەو ئامانجەی بتوانین باشتر بیانپارێزین.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".