Rosenbad. Foto: TT
بینای پەرلەمانی سوید. وێنە: تێ.تێ

ئەگەری سیخوڕی لە تەلەفۆنەکانی دەورووبەری بیناگەلی حوکوومەت

بەگوێرەی هەواڵێک کە ڕۆژنامەی داگێنزنیهێتر بڵاوی کردۆتەوە لەوانەیە دەزگایەکی سیخوڕی گوێی دابێتە تەلەفۆنی موبایلی سیاسەتمەداران و کارمەندانی ئەو هەرێمەی بیناکانی ناوەندیی حوکوومەتی سویدیی لێیە. 

ئەم ڕۆژنامەیە دەنووسێ نیشانەی وا هەن کە باس لە هەبوونی کەرەسەی جاسووسی لەو هەرێمەدا دەکەن، ئەوەی پێیدەگوترێ "ئیزگەی درۆیین" کە دەتوانێ گوێبداتە هەموو ئەو تەلەفۆنە دەستییانەی لە ناوچەکانی دەوروبەری بینای پەرلەمان و دیواخانەی حوکوومەتدا هەن. کاری ئەم ئیزگە سەرەکییە ئەوەیە کە موبایلەکانی ئەو هەرێمەی دەوروبەری هەڵدەخەڵەتێنێ و وایان لێدەکا کە پێوەی وەسڵ بن و پاش ئەو گرێدرانە، هەموو ئەو زانیارییانەی لەسەریانە دەدزرێت.

کەرەسەیەکی هەر لەم چەشنە ماوەیەک لەوەپێش لە نەرویژیش دۆزرایەوە و ڕۆژنامەی ئافتن‌پۆستن لەقاویدا کە کەرەسەیەکی جاسووسی لە چەشنی ئیزگەی سەرەکیی بەڕێکەری شەپۆلی ڕادیۆیی لە دەورووبەری هەرێمی بیناکانی حوکوومەتی و پارلەمان دانراوە کە بۆ گوێگرتن لە موبایلەکانی ئەو هەرێمە بەکاردەهێنرێ.

پێتر ڤۆلۆدارسکی سەرنووسەری ڕۆژنامەی داگێنزنیهێتر لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەرنامەی بەیانانی کەناڵی یەکی ڕادیۆی سوید دەڵێ: "هەواڵنێرێکی ئێمە لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵدا توێژینەوەیەکی بەربڵاوی لەسەر پرسی ئاسایشی ئای‌تی و زانیاریی تەکنیکی لە سویددا کرد. ئەم کارەش بە یارمەتیی دەزگایەکی تەلەفۆنی بەڕەمزکراوی پێشکەوتوو کرا کە پێشتریش ڕۆژنامەی ئافتن‌پۆستنی نەرویژی لە ئوسلۆ کردبووی و توانیبووی کەرەسەی ناودێر بە ئیزگەی درۆیینی تەلەفۆن بدۆزێتەوە. ئەم ئیزگانە لە کردەوەدا دەتوانن دەست بە سەر تەلەفۆنە دەستییەکاندا بگرن، گوێی بدەنێ، ئێس‌ئێم‌ئیسەکانی بخوێننەوە هەروەها تەلەفۆنە موبایلەکان وەک میکرۆفۆنیش بەکار بێنن و گوێ بدەنە هەر قسە و باسێکی لە دەوروبەری ئەم تەلەفۆنانەوە دەگوترێن. هەمووی ئەوانە لە ئۆسلۆ لەقاودران."

ڤۆلۆدارسکی درێژە دەدا و دەڵێ: "کاتێکیش ئێمە ئەو تاقیکارییانەمان لێرە لە ستۆکهۆڵم کرد ئەوا بۆمان دەرکەوت کە لەو هەرێمەی بینا ناوەندییەکانی حوکوومەتی سویدی لێیە کەرەسەی وا هەن کە دوور نییە لەوە بچن ئیزگەی درۆیینی ڕادیۆیی بن. دیارە ئێمە ناتوانین بە دڵنیاییەوە ئەوە بڵێن بەڵام نیشانەکان وەها بەهێز بوون کە دەستبەجێ پێوەندیمان بە پۆلیسی ئاسایشی سوید، "سێپۆ"وە گرت و لەمبارەوە پرسیارمان لێکردن. ئەوان ئەو پرسەیان بە هیند وەرگرت و داوایان لێکردین بچینە بنکەی سۆڵنایان. هاوکارە هەواڵنێرەکەمان لەگەڵ سێ کەسیان دانیشت کە لانی کەم یەکیان لە سەرۆکایەتیی بەشی عەمەلیاتی ڕێکخراوەکەدا بوو. ڕۆژی دواتری وەڵامیان داینەوە کە زانیارییەکانیان بەلاوە سەرنجراکێش بووە و ئەمە بوو بە هۆی ئەوە کە دوێنێ شەوێ دەزگای حوکوومەتیی پۆست و تەلەفۆنیش تاقیکاریی خۆیان لەمبارەوە هەر لەو شوێنە ئەنجام بدەن."

یووناس ڤێسسل (Jonas Wessel) سەرۆکبەشی ناودێر بە سپێکتروم لە دەزگای پۆست و تەلەفۆن دەڵێ: "لەسەر ئەو زانیارییانەی دەربارەی ئەگەری هەبوونی ئیزگەیەکی نایاسایی نێرەرەی شەپۆلی رادیۆیی لە هەرێمی دەورووبەری پەرلەمان و بینا ناوەندییەکانی حوکوومەت هەبوون، بڕیارمان دا کە ئێمەش بە دەستپێشخەریی خۆمان، توێژینەوەیەک بکەین. ئوتومبێلی تایبەت و کەسانی لێزانی خۆمان بردە ئەوێ و ئەندازەی شەپۆلە ڕادیۆییەکانی ناوچەکەمان گرت."

یووناس ڤێسسل دەڵێ ناتوانم جارێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی ئێمە چی بوون. دەبێ چاو لێبکەین بزانین لەو لێکۆڵینەوانەدا چیمان وەگیر کەوتووە و شیکارییەکی لەسەر بکەین!

لەسەر ئەوەی کێ یا چ دەزگایەک لەوانەیە وەها کەرەسەیەکی جاسووسی لەو هەرێمە دانابێ پێتر ڤۆڵۆدارسکی دەڵێ جارێ ڕوون نییە کە ئاخۆ هەبوونی وەها کەرەسەیەک پشتڕاست دەکرێتەوە یان نا. بەڵام ئەوەی لە ئۆسلۆ باسی لێوە دەکرێ، ئەوا وڵاتانی بیانین کە جێی شک و گومانی سەرەکین. لەوانەیە چین، یا خود ڕووسیا. ئەوەی ئێمە لە سوید دەیزانین ئەوەیە کە دیواخانەی حوکوومەت پێشتریش کەوتبووە بەر هەڵمەتی هەککاران و هەڵمەتی زێدەبار کە هەر لە دەرەوەی وڵاتەوە ئاراستەی کرابوو. نەرویژییەکان لەسەر ئەوە سوور نین کە کێ وەها کارێکی کردووە بەڵام سوورن لەسەر ئەوەی پۆلیسی ئاسایشی نەتەوەییەکەیان دەزانێ کە ئیزگەی درۆیینی شەپۆلی ڕادیۆیی هەن.

یووناس ڤێسسل (Jonas Wessel) سەرۆکبەشی ناودێر بە سپێکتروم لە دەزگای پۆست و تەلەفۆن لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگەری هەبوونی وەها کەرەسەیەکی جاسووسی چەندە بە گرنگ دەزانێ دەڵێ ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بزانین ئایا بەڕاستی کەرەسەیەکی نێرەری شەپۆلی ڕادیۆیی لەو ناوچەیەدا هەیە یان نا؟ چون بێت و هەبێ، ئەوا دەبێ ئیزنیان بۆ وەرگرتبێ. هات و ئیزننامەشی نەبوو، ئەوا دەبێ دابخرێ. ئەرکی سەرەکیی ئێمە تەنیا ئەوەیە کە نەزمێک لە فەزای ڕادیۆییدا پێکبێنین.

یووناس ڤێسسل دەڵێ لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەیان دەردەکەوێ. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".