حکومەت دەیەوێ واز لە ئامانجی زێدەهەبوونی پارەی دەوڵەتی بهێنێت

5:09 min

حکومەتی سوید دەیەوێ لەوە بکۆڵێتەوە کە ئایە دەکرێت واز لە ئامانجی زێدەهەبوونی پارە بهێنن و لە جێگای ئەم ئامانجەدا ئامانجێکی هاوکێشێی ئابووری دابنێن. ئەمە سەرۆک وەزیران ستێفان لوێڤێن، وەزیری ئابووری ماگدالێنا ئاندێشۆن و  جێگری وەزیری ئابووری پێر بولووند لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی داگێنس نیهێتەر دەینووسن. وەزیری ئابووری ماگدالێنا ئاندێشۆن ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەردەمێکی نوێداین و دەبێ گۆڕانکاری بکرێت. بۆخۆی هەر لە پایزی ڕابردووەوە باسی ئەم گۆڕانکاریەی لە ئامانجی زێدەهەبوونی پارەی دەوڵەتی کردووە.

ئاندێشۆن دەڵێ بێگومان تا ئەم چوارچێوە ئابووریە بۆ سوید سودمەند بێت گرینگە کە لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی واقحەت بێتەوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەوە بە دەزگای چاودێری دۆخی بازار ڕادەسپێرین کە لەسەر کارتێکردنەکانی گۆڕینی ئامانجی زێدەهەبوونی پارە لە یەک لە سەد بۆ سفر بکۆڵێتەوە.

ئامانجی زێدەهەبوونی پارە، یا بڵێین ئامانجی پاشەکەوتی یەک لە سەدی تەواو بودجەی دەوڵەتی سوید، لەکاتی دۆخی خراپی ئابووری لە ماوەی دەیەی نەوەتدا هاتە ئارا. مەبەستی ئەم ئامانجە پاسەکەوتکردنی یەک لە سەدی پارەی سویدە، لەماوەی دۆخی خراپی ئابووری و دۆخی باشی ئابووریدا.

لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی داگێنس نیهێتەر، سەرۆک وەزیران ستێفان لوێڤێن، وەزیری ئابووری ماگدالێنا ئاندێشٶن و جێگری وەزیری ئابووری پێر بولووند دەنووسن کە ئەم پارەیە کە پاشەکەوت دەکرێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی دەوڵەتی سوید بەکاردەهێندرێت، باوەڕ بە ئابووری سوید بەهێزتر بکات، ئیمکاناتی ئابوری بۆ کاتەکانی دۆخی خراپی ئابووری و هەروەها ئامادەگی ئابووری بۆ داهاتوو، کە خەڵکی سوید تا دێ تەمەنیان درێژتر دەبێت.

هەرچەند کە ئەم ئامانجە لە ساڵەکانی دەیەی نەوەتەوە هەیە، لەحەمەلدا ئەم ئامناجە بۆ داهاتوو وەپێشخراوە. بەڵام سەرەرای ئەم ڕاستیە هەوڵ بۆ مانەوەی ئەم ئامانجە دراوە.

وتەبێژی سیاسەتی ئابووری پارتی مودێرات، ئولف کریستێرسۆن سەبارەت بە ڕاگەیاندنی حکومەت سەبارەت بە وازهێنان لە ئامانجی زێدەهەبوونی پارە، ڕەخنەگرە و ئاماژە بەوە دەکات کە چاوەڕوانی ئەمەی نەدەکرد.

کریستێرسۆن دەڵێ  چاوەڕوانی ئەمەم نەدەکرد. من لەسەر ئەو باوەڕەم کە باشترە وریا بین و واز لە ئامانجی زێدەهەبوونی پارە نەهێنین. ئەوە کە ئامانجێکی زێدەهەبوونی پارە  هەبێت  تایبەتمەندیەکی سیاسەتی ئابووری سویدە. بینیومانە کە دۆخی ئابووری دەتوانێت پڕ لە دراما بێت و لەکاتی وەهادا پێویستیمان بە هێزی ئابووری هەیە.

کریستێڕسۆن هەروەها دەڵێ  ئەم ئامانجە بۆتە مایەی ئەوەی کە سوید لەبوواری سیاسەتی ئابووریدا وڵاتێکی باوەڕپێکراوە. ئەگەر بێتو واز لەم ئامانجە بێنین کارتێکردنی لەسەر ئەم باوەڕپێکردنەش دەبێت.

لەماوەی بەهاری ڕابردوودا ئەنجومەنی سیاسەتی ئابووری پەرلەمان سەبارەت بە ئامانجی زێدەهەبوونی پارە بەوە گەیشت کە باشترە کە ئەم ئامانجە بمێنێت. هەر لەبەهاری ڕابردوودا، وەزیری ئەوکاتی ئابووری سوید، ئاندێش بۆڕی سەبارەت بەم ئامانجە گوتی ئەگەر بمانەوێ ڕیژەی بێکاری لەکاتی دۆخی خراپی ئابووریدا لە ئاستێکی کەمدا ڕاگرین، ئامانجی زێدەهەبوونی پارە گرینگترین وەسیلەی هەڵوێستگرتنە.

مەبەستێکی دیکەی ئامانجی زێدەهەبوونی پارەی دەوڵەتی ئەوە بوو کە ڕێگا لە سیاسەتوانان بگیردرێت تا نەتوانن ئەو هەڵانە دووپات بکەنەوە کە لە ساڵەکانی دەیەی نەوەت بوو بەهۆی کێشەی ئابووری. بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە دۆخی ئابووری باشتر بووە، ڕێژەیەکی زیذەتر لە کارناسانی ئابووری بەرامبەر بە ئامانجی زێدەهەبوونی ئابوری ڕەخنەگرن و ئاماژە بەوە دەکەن کە باشترە ئەم پارەیە خەرجبکرێت تا ئابووری سوید وەگەڕ بخات.

ئەوەی کە حکومەت ئیستا لەباتی ئەم ئامانجە پێشنیاری دەکات کە ئامانجی پاشەکەوتی خۆراگر هەبێت. ئەمەش لە دیدێکی درێژخایەندا ئەوە دەگەێنێت کە ئەو پارەیەی کە لەباتی پارە پاشەکەوت بکرێت، باشترە بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگا خەرج بکرێت، وەکوو دروستکردنی خانوبەرەی نوێ، لێکۆڵینەوە و پەروەردە.

بەڵام تەنانەت وەزیری ئابووری، ماگدالێنا ئاندێشٶنیش پێشتر پپشتیوانی ئامانجی زێدەهەبوونی پارەی کردووە. ئەوکات گوتی نەمگوتووە کە هەڵەیە، بەڵام دەگەڕیتەوە سەر ئەوەی کە ئابووری ئێمە چۆن پەرە دەستێنێت. وە بۆیە، تا بە ئامانجی زێدەهەبوونی پارە بگەین و بتوانین کڤالیتەی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی بەرزدا ڕاگرین، پێویستە ڕێژەیەکی زێدەتر خەڵک کار بکەن.