کۆچی گەورە

پارتی گەلیش دەیەوێ کۆمۆنەکان لێبڕاو بکا پەنابەر وەرگرن

پارتی لیبراڵی گەل، فۆلک پارتییێت، بۆچوونی خۆی دەگۆڕێ و بەوە ڕازییە کە گوشار بێتە سەر کۆمۆنەکانی سوید تا مەجبوور بن بەشە پەناخوازی تازەهاتووی خۆیان وەربگرن. ئەمەش لە کردەوەدا بەو مانایەیە کە پێشنیازەیاسای حوکوومەت لەمبارەوە پشتیوانی پێویستی لە پەرلەماندا هەیە و پەسند دەکرێت.

یان بیۆرکلوند سەرۆکی ئەم پارتییە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی سوید گوتی: من پێم وایە کە ئەمە شتێکی گونجاو و مەنتیقییە کە کۆمۆنەکانی وڵات بەرپرسیی هاوبەشیان لەم پێناوەدا هەبێ، هەر بە هەمان شێوە کە ئێمە مەرجمان داناوەتە سەر وڵاتانی دیکەی ئەورووپاییش کە هەست بە بەرپرسیی هاوبەش لەبەرامبەر ئەم پەناخوازانەدا بکەن. ئەمە هیچ ئاوەزانە نییە کە هەندێ کۆمۆن لەم ناوەدا خۆ بەجارێکی بکشێننەوە و یارمەتی نەدەن.