Refugee Air. Bild: Aleksander Djordjevic/Sveriges Radio
Bild: Aleksander Djordjevic/Sveriges Radio
کۆچی گەورە

دەیانەوێ بە شێوەی چارتەر، پەناخوازان بێننە سوید

4:54 min

هەر ئێستا هەزاران پەناخواز بە زەحمەت و دژوارییەکی لە ڕادەبەدەر و خەرجکردنی هەزاران یۆرۆ، ڕێگەیەکی دوور و درێژ و سەخت دەبڕن تا خۆ بگەیێننە وڵاتێکی داڵدەدەری ئەورووپایی. ڕێگەیەک کە من و تۆی نیشتەجێی ئێرە بە تێچوویەکی یەکجار کەمتر و لە ماوەیەکی گەلێ کورتدا دەتوانین بیبڕین.

هەر ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی بریسکەی ئیدەی دامەزراندنی شێرکەتێک بە زەینی دوو گەنجی کارسازی ئێرانیدا بێت کە زۆر زوو ناوی Refugee Air یا خود  "فڕۆکەی کۆچ"ی بەسەردا بڕا.

عیماد زەند و سووسەن نەجەفی، ئەم دوو گەنجە بەڕەگەز ئێرانییەی نیشتەجێی ستۆکهۆڵـمن کە بناغەی دانانی ڕێکخراوی خۆبەخشی "فڕۆکەی کۆچ"یان دانا. ئەوان ویستیان نیشانی سیاسەتوانان بدەن کە دەرفەتی گەیاندنی ئەم کۆچبەرانە بۆ شوێنی ئامانجیان هەیە و هیچ پێویست ناکا کە هەزاران مرۆڤی بێتاوان، گیانیان لەسەر ڕێی هاتنە دەرەوەی وڵات و دۆزینەوەی سەرپەنایەکی دوور لە شەڕ و ئاژاوە دابنێن. هاوکارانی بەشی فارسیی ڕادیۆی سوید چاویان بە عیماد زەند کەوت!

عیماد دەڵێ کاتێ وێنەی ئەو منداڵە سێ ساڵەیە ئالان کوردیم دی، بەڕاستی پەشۆکام. ئەو مندالە بەستەزمانە دەیەویست لەگەڵ بنەماڵەی لە تورکیاوە بێن بۆ یۆنان کە لە دەریادا خنکان. من وێنەیەکی تەمەنی سێ سالەیی خۆمم هەیە کە زۆر لە ئالان دەچووم. منیش ئەگەرخەڵکی ئێران نەبام و خەڵکی سووریا بووم دوور نەبوو کە بۆ هاتنە دەرەوەی وڵات وەها چارەنووسێکم هەبا. بۆیە من و سووسەنی هاوڕێم بیرمان لەوە کردەوە کە چلۆن دەتوانین یارمەتیی ئەو کەسانە بدەین.

 

سەر لە ئاخر بەو بیرە گەیشتن کە لەڕێگەی ئامادەکردنی فڕۆکەیەکی چارتەرەوە، ئەو پەنابەرانە بێننە سوید. عیماد دەڵێ ئێمە دەمانەوێ بە سیاسەتوانان و کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان نیشان بدەین کە دەکرێ وەها کارێک بکەن.

 

بیرۆکەکە کاتێ سەری هەڵدا کە عیماد و سووسەن گوێیان دا بە قسەکانی پرۆفیسۆری تەندروستیی نێونەتەوەیی لە زانکۆی نەخۆشخانەی کارۆلینسکای ستۆکهۆڵم،هانس رۆسلینگ، کە ڕەخنەی لە یاسای ناودێر بە "بەرپرسێتی گوازەرەوە" یا خود (transportörsansvaret) دەگرت.
ئەم یاسایە دەڵێ ئەو کۆمپانیایەی خەڵکی وڵاتێکی دیکە بەبێ پەساپۆرت یا ڤیزە بێنێتە ناو سوید (چ بە گەمێ یا فڕۆکە یاخود بەبێ ئیزنی مانەوە) ئەوا دەبێ تاوانە یا خود جەریمە بدات. واتا تێچووی گەڕاندنەوەی ئەم کەسە بۆ وڵاتەکەی خۆی بداتە دەوڵەتی سوید. هەروەها تێچووی سەفەری ئەو کەسە سویدییەی کە ئەم موسافیرە قاچاغە دەگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی. یاساکە هاوکات باس لە ڕێزپەڕییەک دەکا بەو مانایە کە ئەگەر کۆمپانیای گوازەرەوە پێیوابێ کە ئەم کەسانە مافی سەفەری بۆ سویدیان هەبووە، یان لەبەر زۆریی تێچووەکە نەکرێ داوای تاوانەی لێبکرێ، ئەوا تاوانە نادەن.

 

عیماد دەڵێ ئێمە پێمان وایە کە "یاسای گوازەرەوە" بەهیچ جۆرێ پەناخوازان ناگرێتەوە، چون ئێمە لیستی ئەو کەسانەی لەگەڵ خۆمان دەیانهێنین بە تەواوی لە ڕێگەی ڕێکخراوە یارمەرتیدەرەکانەوە ـ کە بۆنموونە لە ئوردەن هەن ـ کۆنترۆڵ دەکەین تا بۆمان دەرکەوێ کە بەڕاستی پەناخوازن، بەمحاڵەوە بێت و کەسێکیشیان لەو پەناخوازانە گەڕاندەوە، ئەوا ئێمە خۆمان خەرجیان دەکێشین و پارەی گەڕاندنەوەیان دەبژێرین.


ئەو کەسانەی دەستپێشخەریی ئەم کارەیان کردووە چەند تاکەکەسن و لەم ماوە کورتەدا پێوەندیان بە چەندین باڵوێزخانەوە گرتووە، هەروەها گرووپێک لە یاسازانان و سەدان کەسی خۆبەخشی یارمەتیدەر.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista