Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/
Katarina Bergehed, Amnesty. Foto: Jessica Gow/TT.
کاتەرینا باریەهێد ڕێکخەری پرسی سووریا لە ئامنێستی

ئامنێستی ڕەخنەی توند لە پەیەدە و یەپەگە دەگرێت

شیار عەلی: کاری لەو جۆرە قوبوڵ نییە
4:52 min

ڕێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤ ئامنێستی لە ڕاپۆرتێکیدا ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی هێزی چەکدرای یەپەگە و پارتی یەپەدە لە سوریا کردووە و بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەنجامدەری تاوانی جەنگ تاوانباریان دەکات.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی ئامنێستی کە ئەمڕۆ بڵاویان کردۆتەوە هێزی چەکداری کورد لە سوریا، یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە (YPG) چەندین دێهاتیان تێکداوە و سووتاندووە و بە هەزاران لە دانیشتووانیان بە زۆرەملێیی دەرکردووە، ڕێکخەری پرسی سووریا لە ڕێکخراوی ئامنێستی کاتارینا بارییەهێد دەڵیت یەکێک لەو دێهاتانە حوسەینیەیە کە هەموو ماڵەکان جگە لە یەک دانە نەبێت هەموو ڕوخێنرابوون.

ئامنێستی لە ڕاپۆرتەکەیاندا کە لە ماڵپەری ئینتەرنێتیی خۆیاندا بڵاویان کردۆتەوە نووسیویانە ئەو کارانە هەڵمەتێکی ڕێکخراون و بۆ سزادانی خەڵکی ئەو شوێنانەی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی هێزی توندڕەوی ئیسلامی داعشدا بوون. دانیشتووانی ئەو ناوچانەش زیاتر عەرەب و تورکمانن کە بەر ئەو هەڵمەتانە کەوتوون. هۆکاریش ئەوەیە کە گوایا یەپەگە گومانی ئەوەیان هەیە خەڵکی ئەو ناوچانە هاوسۆزییان بۆ هێزەکانی داعش هەیە و بە شێوازی جیاواز پەیوەندییان پێیانەوە هەیە.

لە یەکێک لەو ڕووداوانەی کە ئامنێستی ئاماژەی پێداوە گوایا هێزی یەپەگە بەنزینیان کردوە بە ماڵێکدا و هەڕەشەیان لە خاوەنەکەی کردووە گەر چۆڵی نەکەن دەیان سووتێنن. بە پێی شایەتحاڵێک گوایا یەپەگە هەڕەشەی ئەوەیان لە دانیشتووانی هەندێک ناوجە کردووە گەر نەڕۆن بە هێزە ئەمەریکییەکان دەڵین کە ئەمانە تیرۆریستن بۆ ئەوەی بۆمبارانیان بکەن.  

ئەم کارانە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی یەپەگە و پارتی یەکییەتیی دیموکرات پەیەدە (PYD) کە پارتی دەسەڵاتدارە لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی هێزی کوردین لە سوریا بۆ نموونە کوبانێ، لە وەستانەوەیان دژ بە هێزەکانی داعش بە هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دادەنرێت. هەرچەندە ناکرێت ئەو کارانەی یەپەگە بە هێرشەکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا و داعش بەراورد بکرێت،  بەڵام هەموو جۆرە هەڵمەتێکی لەو جۆرە کە مافی مرۆڤی تیا پێشێل دەکرێت دەبێت ئاشکرا بکرێت، یەپەگەش بەو کارانەی تاوانی جەنگی ئەنجام داوە بەڕای کاتارین بارییەهێد لە ڕێکخراوی ئامنێستییەوە.

شیار عەلی نوێنەری پەیەدە لە وڵاتانی سکەندناڤیا لە گفتوگۆیەکیدا بۆ بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید وەڵامی ئەو ڕەخنانەی ئامنیستی دەداتەوە. 

 

 

 

 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".