پرۆژەیەکی نوێ بۆ هاوکاریکردنی گەنجان. وێنە: شاهۆ موانی
پرۆژەیەکی نوێ بۆ هاوکاریکردنی گەنجان. وێنە: شاهۆ موانی
گەنجان

گەنجان بەشێوەیەکی نوێ هاوکاری دەکرێن

"گەنجان پێیان شەرمە بۆ چارەسەر سەردانی بنکەکان بکەن"
5:31 min

پرۆژەیەکی نوێ بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی خووگرتە و نەخۆشە دەروونییەکان لە باکوری شاری ستۆکهۆڵم دەست بە کار بووە.

ناوەندی یێرڤا تایبەت بەگەنجان لەبواری نەخۆشییە دەروونییەکاندا

(Järva Unge Specialistcenter ) ناوی ئەو پرۆژە نوێیەیە کە لەناوچەی یێرڤای شاری ستۆکهۆڵم لەنێوان چوار ڕێکخراوە لەو بوارەدا بۆ هاوکاریکردنی ئەو گەنجانەی خووگرتەن یان گیرۆدەی نەخۆشییە دەروونییەکانن دامەزراوە. ئەم کارە نموونە پرۆژەیەکە و یەکەمجارە لەسویدا دادەمەزرێت. بڕیارە ئەم پرۆژەیە بۆ ماوەی دوو ساڵ بەڕێوەبچێت.

گەلاوێژ نایب پزیشکی نەخۆشییە دەروونییەکان و هاوکات بەرپرسی بەشی پزیشکییە لە ناوەندی یێرڤا تایبەت بەگەنجان لەبواری نەخۆشییە دەروونییەکاندا. گەلاوێژ نایب تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ناوچەی یێرڤادا سیاسەتمەداران لایان ئاشکرا بووە کە گەنجانی ئەو ناوچەیە زیاتر پێویستیان بەهاوکاری هەیە، بۆیە ئەم پرۆژەیە دامەزراوە. هاوکات نایب باسی ئەوەشی کرد کە پرۆژەکە تایبەتە بە هاوکاریکردنی گەنجانی تەمەن ١٦ تا ٢٤ ساڵ.

جێگەی ئاماژەیە هەر کەسێک یان خێزان خوازیاری هاریکاریکردنی منداڵەکەی یان هاوڕێکەیەتی بێگومان دەتوانێت پەیوەندییان پێوە بکات. هاوکاریکردنەکە بەبێبەرامبەرە، واتە بەخۆڕاییە.

هەروەها بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە ناوەندی یێرڤا تایبەت بەگەنجانی خووگرتە و نەخۆشییە دەروونییەکان پێویستی بە ڕاسپاردەی پزیشک ناکات. بەڵکوو ئامانجی ئەو پرۆژەیە ئەوەیە کە بەشێوەیەکی بەربڵاوتر و گونجاتر، گەنجان چارەسەر وەرگرن.

جێگەی ئاماژەیە کە چوار ڕێکخراو یان لایەن، بۆ پێکانی ئەو ئامانجە لەم بواردا هاوکارن. ئەوانیش بریتین لە یێرڤا سکیاترین (Järvapsykiatrin)، کە بنکەیەکە بۆ نەخۆشییە دەروونییەکانیی پێگەیشتوو، پریما (Prima ) کە بنکەیەکە تایبەت بە منداڵانی دوچاربووی نەخۆشییە دەروونییەکان، برووێندێ سێنتروم (Beroendecentrum Stockholm)، کە بنکەیەکە تایبەت بە کەسانی پێگەیشتوو کە کێشەی خووگرتەییان هەیە، هەروەها ماریا ئوونگدوم (Maria Ungdom) کە تایبەتە بەو منداڵانەی کێشەی خووگرتەییان هەیە.  

شاهۆ موانی
shaho.mwany@sr.se


بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".