Revinge . Videofotograg: Fritz Schibli / TT / SCANPIX
Revinge . Videofotograg: Fritz Schibli / TT / SCANPIX
پەنابەری

خێوەتەکەمپی پەناخوازان لە لوند جارێ پێیدەچێ

ڕاپەڕاندنی کاروباری سازدانی خێوەتەکەمپەکە کات دەبات
3:08 min

هەڵدانی ئەو خێوەتەکەمپەی "دەزگای بەرگریی کۆمەڵگا و ئامادەیی وڵات" لێوەی دوابوو کە لە رێڤینگێ سەر بە کۆمۆنی لوند ساز دەکرێ زیاتر لەو ماوەیە دەخایێنێ کە پێشبینی بۆ دەکرا. دروستکرانی ئەم خێوەتگەیە پێویستیی بە مۆڵەتی شارەوانی هەیە و ئەمە چەند هەفتەیەک کات دەبات.


مالین خوێگرێن بەرپرسی میعماریی باژاروانی لوند دەڵێ بێت و داواکارییەکەمان بە تەواوی بەدەست بگات، لانی هەرەکەم دوو هەفتە دەخایێنێ تا کاروبارەکانی رادەپەڕێنین. هەمووی ئەوانە پەیوەستن بەوەوە کە دراوسێکانی ئەم کەمپە چ هەڵوێستێکیان دەبێ.
 

سیاسەتوانان لە کومیتەی شارسازیی لونددا ئەم ئەرکەیان خستۆتە سەر شانی دایرەی شازسازییەوە کە هەرچی زووتر لە داواکاریی دەزگای بەرگریی کۆمەڵگا و ئامادەیی وڵات لەسەر سازکردنی خێوەتەکەمپەکە بکۆڵنەوە و کارەکانی بکەن بەڵام ڕێساکان لەم بارەدا ئێزن نادەن کارەکان وا بە خێراییش بڕۆنەپێش.

دەزگای بەرگریی کۆمەڵگا و ئامادەیی وڵات بیری لەوە کردۆتەوە کە ٧٥ خێوەت هەر کام بە ڕووبەری ٢٥ میتری چوارگۆشە لە تەنیشت بنکەی خۆیان لە رێڤینگێ هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی لوند هەڵبدرێ کە جێ بۆ ٣٧٥ کەس دەکاتەوە. ڕووبەری سەرجەم کەمپەکە دەگاتە دوو هەزار میتر و ژووری چکۆلەی بۆ خۆشوشتن و دەستاو دەبێ. لە نزیک ئەم شوێنە، خانووبەرەی دیکەشی لێیە کە وەک دراوسێ دەبێ قسەیان لەتەکدا بکرێ. بێت و لەسەر شتێک نەسازان ئەوا دیارە کاتێکی زیاتر دەبات کە خێوەتەکەمپەکە لێبدرێ، چون بڕیارەکە ئەوکات لەدەستی کارمەنداندا نامێنێ و دەبێ کومیتەی شارسازی بڕیاری لەسەر بدات. کە ئەوانیش هەموو مانگێ جارێک کۆبوونەوە دەگرن!

مالین خوێگرێن دەڵێ دیارە حوکوومەت لە کاتی نایاساییدا بۆی هەیە ڕەچاوی هەندێ یاسا نەکات. بۆنموونە لە بارودۆخی شەڕدا. کەچی حوکوومەت وەها بڕیارێکی نەداوە و ڕێسا و یاساکان جارێ هەر وەک هەمیشە جێبەجێ دەکرێن.


ڕۆژی هەینی ڕابردوو دەزگای بەرگریی کۆمەڵگا و ئامادەیی وڵات (MSB) ڕایگەیاندبوو کە بڕیاری سازکرانی ئەم خێوەتەکەمپە دراوە و ڕۆژنامەوانان دەتوانن لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا ـ واتا ئەم هەفتەیەی ئێستا ـ چادرگەکە ببینن. دیارە ئەم بەڵێنییە هێشتا نەتەنیا وەدی نەهاتووە بەڵکوو تەنانەت داواکاری لەسەر سازکردنی خێوەتەکەمپەکەش هێشتا پێشکەشی کۆمۆنی لوند نەکراوە. ئەمە ئان ـ شارلۆت ساکریسۆن، سەرۆکبەشی دەزگای بەرگریی کۆمەڵگا و ئامادەیی وڵات (MSB)ە کە دەڵێ هەر ئەمڕۆ دەستمان بە نووسینی داوانامەکە کردووە!

هەر لەم پێوەندییەدا

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".