wêne: Magnus Hjalmarson Neideman
wêne: Magnus Hjalmarson Neideman

” بە دیتنی منداڵانی کۆبانێ مرۆڤ لاڵ دەبێ”

منداڵە لەبیر کراوەکانی شەڕ
5:11 min

سەربەست نزارکی دانیشتووی گەڕەکی کۆرتەدالا لە یۆتێبۆری، یەکێک لەو ٦ کەسانەیە کە لە پشت پێکهێنانی شەو ئاهەنگێک یان گالایەکن بۆ پشتگیریی لە منداڵانی کۆبانێ. بۆ ئەوان گرنگ بوو کە بتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی منداڵان دابین بکەن. باشترین ڕێگاش بە بروای سەربەست موزیکە، کە سنوور ناناسێ و هەموو کەس لە زمانی موزیک تێ دەگات.

 

Krigets glömda barn منداڵە لە بیرکراوەکانی شەڕ، ناوی ئەو گالایەیە کە ڕۆژی یەکشەممە لە هۆڵی کۆنسەرتی یۆتۆبۆری Göteborgs konserthus بەڕیوە دەچێت. سەربەست و هاوڕێکانی هیوادارن کە خەڵک پێشوازیان لێ بکات، تا زیاترین پارە کۆ بکرێتەوە. هەموو بەشداربووان و ئەو کەسانەی کە کار لەگەڵ گالاکە دەکەن خۆبەخشانە کاتی خۆیان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەکەن. سەربەست دەڵیت ئێمە پارەکان دەدەین بە دەست ئەو ڕێکخراوە باوەڕپێکراوانەی کە لە کۆبانێ کار دەکەن، بۆ نموونە UNHCR کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران و هەروەها کۆمەڵەی پزیشکانی کورد لە سوید Kurdiska läkarsällskapet i Sverige .

وێنەی شارە وێرانەکەی کۆبانێ و منداڵە بێ ناز کەوتووەکان دڵی سەربەست و هاوکارەکانی دەهەژاند، ئەوەندە کە چیتر نەیانتوانی بێ دەنگ دانیشن و فکرەی ڕێکخستنی گالای منداڵە لەبیرکراوەکانی شەڕ درووست بوو. لە شەو ئاهەنگەکەدا چەندین کەسایەتی بە ناوودەنگی سویدی بەشداری دەکەن، بۆ نموونە گۆرانیبێژان کەن ڕینگ، جەنیفەر براون، دانیەل لێمما، سارا ڤاریا و چەندین گۆرانیبێژی دیکەش. هەروەها هونەرمەندانی کوردیش بۆ نموونە نزامەتین ئارچ، گۆرانیبێژ کانی، کۆمێدیکاران ئیۆز نوژەن و سۆران ئیسماعیل لەگەڵ چەند کەسایەتی دیکەی دیار بەشداریی ئەو گالایە دەکەن. هیوای سەربەست و هاوڕێکانی کۆتایی هاتنی شەڕ و ئازارەکانی منداڵانی کۆبانییە، و لە ڕیگەی ئەم گالاوە هەستی مرۆڤانەی خۆیان بەرامبەر بە مندالانی شەڕ نیشان دەدەن.

 

 

 

 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".