tac2c636 Foto:Marcus Ericsson/TT
Foto:Marcus Ericsson/TT

بە یاسایی هاتن بۆ ئەورووپا لێیدەکۆڵرێتەوە

بۆ بەرگرتن لە کارەساتی کۆچ دەبێت پەنابەران بە یاسایی بێن
1:57 min

مارییا فێرم لە پارتی ژینگە بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی مافی پەنابەری بە ڕێی یاسایی، ڕادەسپێردرێت.

سبەینێ حوکوومەت بڕیار دەدات کە مارییا فێرم لە پارتی ژینگە ئەرکی ئەوەی پێ بسپێردرێت لەوە بکۆڵێتەوە ئاخۆ دەکرێت بەڕێگەی یاسایی داوای مافی پەنابەری لە سوید و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بکرێت یان نا؟

ئەم پرسە بەرەی حوکوومەت و بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە پارتە ڕاستڕەوەکان لەسەری کۆکن و داوا دەکرێت کە ئەو لێکۆڵینەوەیە پێشنیازی نوێ بێنێتە ئارا سەبارەت بەوەی کە پەنابەران چۆن بتوانن بەڕێگەی یاسایی کۆچ بکەن بۆ وڵاتانی یەکییەتیی ئەورووپا.

لە ڕێگەی وەرگرتنی ڤیزا یاخود مۆڵەتی سەفەرکردن ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە بە نیازی پەنابەرین لە وڵاتانی یەکییەتیی ئەورووپا. ئەویش بۆ ئەوەی بەر بەو کارەساتانە بگیرێت کە لە ڕێی هاتنیان بۆ ئەورووپا تووشی پەنابەران دێت. بەتایبەت ڕووداوی خنکان لە دەریاکاندا کە ساڵانە چەندەها کۆچبەر بەو هۆیەوە لەناو دەچن.

مارییا فێرم دەڵێت ئەوەی من لێی دەکۆڵمەوە ئەوەیە کە ڕێگەی یاسایی بدۆزمەوە بۆ ئەو کەسانەی بەنیازن بێنە ئەورووپا، تا بتوانن بەڕێگەی یاسایی داوای پەنابەری لە وڵاتانی یەکییەتیی ئەورووپا بکەن. فێرم دەڵێت ساڵی ڕابردوو ٣٧٠٠ کەس کە بە ڕێگەی نایاسایی، ڕێی ئەورووپایان گرتبووە بەر، گیانیان لەدەستدا و یەک لەسەر سێی ئەو قوربانییانە منداڵ بوون، ئەم بارودۆخە مەترسیدارە نابێت درێژە بکێشێت.

هەر لەو لێکۆڵێنەوەیەدا لەو هەلومەرجانە دەکۆڵرێتەوە کە هاودەنگیی وڵاتانی یەکییەتی ئەورووپا بەدەست بهێنرێت تا ئەوانیش ڕێگە بۆ هاتنی پەنابەران بە ڕێگەی یاسایی خۆش بکەن. 

ئەم لێکۆڵینەوەیە لە پرسی پەنابەری بە ڕێی یاسایی، دوای ئەو ڕێککەوتنەی نێوان حوکوومەت و پارتەکانی بەرەی ڕاستدا کە پاییزی ڕابوردوو کرا، هاتۆتە گۆڕێ.

جێی باسە مارییا فێرم لە پارتی ژینگە کە لەم پرسە دەکۆڵێتەوە سەرۆکی گرووپی پارتی ژینگەیە لە پەرلەمان.

لێکۆڵینەوە لەم پرسەش واتا پرسی بە یاسایی کۆچکردن بۆ وڵاتانی یەکییەتییی ئەورووپا ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".