Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/

سوید دەست بە ناردنەوەی بەکۆمەڵی پەنابەران دەکات

ژمارەیەکی زۆر پەنابەر دەنێردرێنەوە
3:50 min
Foto: TT
Foto: TT

چاوەڕی دەکرێت نزیکەی 80 هەزار پەنابەر داواکانیان ڕەت بکرێتەوە و بنێردرێنەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتوون، بەڵام ناردنەی هەندێکیان بەهۆی نەبوونی پێناسەوە زەحمەتە. 

دەستگەکانی پۆلیس و دەستگەی کۆچی سوید لەلایەن حوکوومەتەوە ڕاگەیەنراون کە خۆیان بۆ ناردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو پەنابەرانە ئامادە بکەن کە داواکانیان ڕەت کراوەتەوە و ئەوانەشی کە داواکانیان ڕەت دەکرێتەوە.

وەزیری ناوخۆی سوید ئەندەرش ئیگێمان دەڵیت ساڵی پار نزیکەی 163 هەزار کەس دوای پەنابەرییان لە سوید کردووە، نزیکەی لەسەدا 55 ی ئەو داوایانە ڕەت دەکرێنەوە، واتا نزیکەی 60 بۆ 80 هەزار کەس مافی پەنابەریی لە سوید وەرناگرن و دەنێردرێنەوە.

ئیگێمان بۆ ئێکۆت، بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید دەڵێت ئەو پەنابەرانەی داواکانیان ڕەت دەکرێتەوە، داوایان لێ دەکرێت سوید جێ بهێڵن، بۆ ئەو مەبەستەش فڕۆکەی تایبەت ئامادە دەکرێت کە بتوانرێت بە کۆمەڵ پەنابەران بنێردرێنەوە، ئەویش بۆ ئەوەی لە خەرجیی ئەو پرۆسەیە کەم بکرێتەوە.

هەوڵ دەدرێت ناردنەوەی پەنابەران بەهاوکاریی وڵاتانی دیکەی یەکییەتیی ئەورووپا دەکرێت.

بەڵام ڕێگرێک لە بەردەم پرۆسەی ناردنەوەی پەنابەراندا ئەوەیە، وەزیری ناوخۆ دەڵێت، کە ئەو وڵاتانەی پەنابەرانی لێوە هاتوون واتا وڵاتی خۆیان، ئەرکی وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانە ناگرنە ئەستۆ و ئامادەیی نیشان نادەن. لەبەرئەوەی تا ئێستا گفتوگۆمان لەگەڵ وڵاتانی باکوری ئەفەریقا و ئەفگانستان لەسەر ئەو پرسە هەبووە، بەڵام هاندانی ئەو وڵاتانە بۆ گرتنە ئەستۆی ئەو ئەرکە کارێکی ئاسان نەبووە.   

دەستگەی کۆچ لەم پەیوەندەدا و لە زاری میکایل ڕیبەنڤیک بەرپرسی کاروباری ڕۆژانە دەڵێت، یەک لەسەر سێی ئەو پەنابەرانەی داواکانیان ڕەت کراوەتەوە ناردنەوەیان زەحمەت دەبێت. لەبەرئەوەی ئەو کەسانە کە هاتوونەتە سوید بەڵگەنامەی تەواویان پێ نەبووە، هەر بۆیە پرۆسەی ناردنەوەیان ئاسان نییە.

- ریبەنڤیک دەڵێت گەر کەسێک بەڵگەنامە و ناسنامەی وڵاتەکەی خۆی نەبێت کە هاتۆتە سوید، ئەوا ناردنەوەی زەحمەتە، بەهۆی نەبونی پێناسەوە ئەو کەسانە لەلایەن وڵاتەکانی خۆیانەوە گومانیان لێ دەکرێت کە هاوڵاتی ئەوان نین و وەرناگیرێنەوە.   

ژمارەیەکی زۆر لەو پەنابەرانە لەو وڵاتانەوە هاتوون کە دەستگە دەوڵەتییەکان تێیاندا چالاک نین، واتا سوید ناتوانێت پەیوەندی بە دەستگە بەرپرسەکانی ئەو وڵاتانەوە بکات تا لەسەر ناردنەوە و وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانە ڕێک بکەون. یان ئەوەتا سوید ڕێککەتننامەی تایبەت بە پرسی پەنابەرانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا نییە. سۆماڵ، ئەفگانستان، ئێران و عێراق نموونەی ئەو وڵاتانەن. 

پاتریک ئێنگستریۆم بەرپرسی پۆلیسی سنوور دەڵێت، بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو ئەرکە، واتا ناردنەوەی پەنابەران پێویستە ژمارەی پۆلیس دووجا زیاد بکرێت، نزیکەی 1000 پۆلیسی دیکەمان پێویست دەبێت.

هەرچی بەشی گواستنەوەی دەستگەی چاودێری تاوانکارییە (Kriminalvården)، کە ئەرکی ناردنەوەی پەنابەران ئەنجام دەدەن، ڕایان گەیاندووە کە لە ئامادەباشیدان و لە ئێستاوە کارمەندی نوێیان بۆ ئەو پرسە دامەزراندووە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".