Foto: Sveriges Radio
1 av 4
ڕۆژی هەینی ناوەڕاستی ستۆکهۆلم، فۆتۆ:رادیۆی سوید
Foto: Sveriges Radio
2 av 4
خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممە، فۆتۆ: رادیۆی سوید
foto: Sveriges Radio
3 av 4
خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممە، فۆتۆ: رادیۆی سوید
foto: Sveriges Radio
4 av 4
خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممە، فۆتۆ: ڕادیۆی سوید

توندوتیژی و خۆپیشاندان دژ بە پەنابەران ئەنجام درا

هێرش و خۆپیشاندان دژ بە پەنابەران ئەنجام درا
3:15 min

ڕۆژی هەینیی ڕابوردوو لە ستۆکهۆلم گرووپێکی دەمامکدار پەلاماری چەند کەسێکی بیانییان داوە و ڕۆژی دوای ئەو خۆپیشاندانێکیان دژ بە پەنابەران ئەنجام دا.

 

نزیکەی 70 کەس بە دەمامک و جلوبەرگی ڕەشەوە ئێوارەی ڕۆژی هەینی رابوردوو لە گۆڕەپانی سێرگەلستۆری لە ناوەڕاستی شاری ستۆکهۆلم کۆبوونەتەوە، ئەو گرووپە پەلاماری چەند کەسێکیان داوە کە بە ڕووخسار بیانی بوون، هەروەها بەیاننامەیان بە ناوەڕۆکی دژەبیانی و دروشمی راسیستی بڵاو کردۆتەوە.  

شایەتحاڵ دەڵێن لە شوێنی ڕووداوەکە نزیکەی 100 لە هاندەرە توندڕەوەکانی فوتوبۆڵ (hulliganer) و گرووپە ڕاسیستەکان کۆبوونەوە و هەشت ئوتوبوسی پۆلیس و چەندین ئوتومبێلی دیکە لە هێزی پۆلیسی تایبەت بە ئاژاوە و گێرەشێوێنی ئامادە بوون. 

بەپێی سەرچاوەی ڕۆژنامەی ئێوارانی ئافتۆنبلادێت (Aftonbladet)  شایەتحاڵ هەیە کە ئاگایان لە پەلاماردانی پەنابەران بووە و هەر ئەو ڕۆژنامەیە کورتە فیلمێکیشیان بڵاو کردۆتەوە کە چۆن گروپێکی بەرگڕەش بە دەمامکەوە پەلاماری چەند پاسەوانێک دەدەن.

پێش پەلاماردانی پاسەوانەکان ئەو گرووپە بەیاننامەیەن دژ بە منداڵە پەنابەرە بەتەنها هاتووەکان بڵاوکردۆتەوە تێیدا نووسراوە (ئیتر با بەس بێت!).

لێدوانی پۆلیس سەبارەت بە پەلاماردانەکانی ڕۆژی هەینی ئەوە بوو کە ژمارەیەکی بێوێنە زۆر خەڵک لە ناوەڕاستی ستۆکهۆلم بوون، بەهۆی ئەوەی کە کەشوهەوا خۆش بووە و خەڵکی مووچەیان وەرگرتووە. بەڵام دواتر گووتیان کە چەند گرووپێکی توندڕەو مەبەستیان پەلاماردانی منداڵە پەنابەرە بەتەنها هاتووەکان بووە (Ensamkommande barn).

لەهەمان کاتدا ئەوە پشت راست دەکەنەوە کە یەک کەس لە کاتی ڕووداوەکاندا بە تاوانی توندوتیژی و لێدان دەستگیر کراوە و پێنجی دیکە دوورخراونەتەوە. یەکێکیان بەهۆی پەلاماردانی کارمەندی دەوڵەتەوە (پاسەوانەکان) یەکێکی دیکە بەهۆی بەکارهێنانی چەقۆ، سیانەکەی تر بە هۆی تێکدانی ئارامییەوە.

ڕۆژی دوای ئەوە واتا ڕۆژی شەممە گرووپێكی نازیست و چەند لایەنگرێکی توندڕەوی تۆپی پێ (hulliganer) خۆپیشاندانێکیان دژ بە پەنابەران ئەنجام دا. بەو هۆیەوە پۆلیس هۆشداریی داوەتە منداڵە پەنابەرە بە تەنها هاتووەکان کە ئاگاداری خۆیان بن.

پۆلیس پێی وایە ئەو دوو رووداوە لە دوای یەکە پەیوەستن بەیەکەوە، واتا هەمان گرووپ ڕێکیان خستووە. ئەگنێتا بلوم لە لیستی سۆسیالدیموکراتەکان و بەرپرسی پێشووی گرووپی پشتگیریی کلتورێکی باشتر، ئەویش هاوڕای پۆلیسە و دەڵێت پێشتر رووداوی لەو جۆرە هەبووە کە گرووپە توندڕەوەکان یەک دەگرن.

ئەو هەروەها دەڵێت ئەم ڕووداوانە زۆر خەتەرناکن بەتایبەت کە گرووپە توندڕەوەکان یەک دەگرن، ئەوەش پرسی توندوتیژییە و دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرنووسەری گۆڤاری دژەڕاسیستی (Expo) دانیێل پوول دەڵێت گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە ئەو گرووپە توندڕەوانە هەست دەکەن لەم باردودۆخەی ئێستادا، پشتگیرییان لێ دەکرێت، ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر پشت لە یاسا و دەستگە دەوڵەتییەکان دەکەن پێیان وایە لە ڕێی توندوتیژی شەقامەکانەوە دەتوان کێشەی پەنابەران چارەسەر بکەن.

جێی باسە پۆلیس دەڵێن تا ئێستا هیچ سکاڵایەک لای پۆلیس تۆمار نەکراوە دژ بە پەلاماردان و هێرشەکانی ڕۆژی هەینی.


بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".