Paolo Macchiarini, foto: TT
1 av 2
Paolo Macchiarini, foto: TT وێنە: Lorenzo Galassi
Foto Bertil Ericson/TT.
2 av 2
Foto Bertil Ericson/TT.

ئەنجوومەنی زانست داوای لێکۆڵینەوە لە دۆزی ماکیارینی دەکات

5:06 min

دەبێت لیژنەیەکی سەربەخۆ لە هەڵوێستی ئینستیتیوتی کارۆلینسکا سەبارەت بە نەشتەرگەرییەکانی ماکیارینی بکۆڵێتەوە، ئەمە داوای دەستگەی دەوڵەتیی ئەنجومەنی زانستە (Vetenskapsrådet).

  • بۆ پاراستنی ناوبانگی ئینستیتیوتی کارۆلینسکا باشتر وایە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ سەبارەت بە دۆزی ماکیارینی ئەنجام بدرێت. ئەمە بەراورد بەوەی کە ئەگەر کارۆلینسکا خۆی ئەو لێکۆڵێنەوەیە ئەنجام بدات. سڤێن ستافستریۆم بەرپرسی گشتی لە ئەنجوومەنی زانست دەڵێت.

ستافستریۆم هەروەها دەڵێت پێم وایە دەبێت لە داهاتوودا سیستێمێکی وا دابمەزرێنین کە لێكۆڵینەوە لە ئەگەری ساختە و گومانەکان لەلایەن لیژنەیەک یاخود لایەنێکی سەربەخۆوە لێیان بکۆڵدرێتەوە، کارێکی وا بۆ ناوبانگی لێکۆڵینەوە زانستییە سویدییەکان باش دەبێت.

بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی کارۆلینسکا ئەندەرش هامستێن ئەمڕۆ  لە کەناڵی (Studio ett) لە ڕادیۆی سوید نیگەرانی و بێزاری خۆی سەبارەت بەو ڕاستییانە دەربڕی کە لە دۆکومێنتەکەی تەلەفزیۆنی سویددا سەبارەت بە ماکیارینی ئاشکرا بوون. بەتایبەت نەشتەرگەرییەکانی ماکیارینی لە ڕووسیا لەکاتێکدا ئەو پزیشکە کار و لێکۆڵینەوەکانی لە ئینستیتیوتی کارۆلینسکادا بووە.

هامستێن دەڵێت لەمەودوا لەو ڕێسایانە دەکۆڵینەوە کە تایبەتەن بە کاری لاوەکی ئەو پزیشکانەی لە کارۆلینسکادا کار دەکەن. ئەو هەروەها دەڵێت متمانەیەکی زۆر کەمم بە لێکۆڵەوەر پاولۆ ماکیارینی ماوە.  

باس لەوەشە کە ئاخۆ لە دوای دەرکەوتنی ئەم ڕاستییانە و دۆزی ماکیارینی، بەڕێوەبەری کارۆلینسکا ئەندەرش هامستێن لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە یان نا، خۆی دەڵێت تا بەرپرسان و دەوڵەت متمانەی پێم مابێت دەمێنمەوە.

جێی باسە، نەشتەرگەری ئیتالی پاولۆ ماکیارینی ساڵی 2010 لەلایەن بەشی لێکۆڵینەوەی ئینستیتیوتی کارۆلینسکاوە دامەزرا. هیوای کارۆلینسکا ئەوە بوو کە ماکیارینی لەگەڵ کارمەندانی دیکەی ئینیستیتیوتی کارۆلینسکا ئورگانی لەشی مرۆڤ لە ماددەی پلاستیک و خانەی زیندوو بەرهەم بهێنرێنن.

ئەویش بەو ئامانجەی کە بۆ چاندنی ئەندامی نوێ بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە ئورگانی نوێیە، چیتر تەنها پشت بە بەخشینی ئەندامی لەش (donation) نەبەسترێت و ئەوەشی کە ئورگانی دەستکرد هەرزانترە.  

پاش چەند مانگێک لە کارکرنی لە ئینستیتیوتی کارۆلینسکا نەشتەرگەری ئیتالی پاولۆ ماکیارینی لە ئاستی جیهاندا ناوبانگی دەرکرد، کاتێک بۆ یەکەمجار بۆریی هەناسەی دەستکردی لە لەشێ نەخۆشێکدا چاند.

بەڵام ئەو تەکنیکە نوێیە پێشتر نە لەسەر مرۆڤ نە لەسەر ئاژەڵ تاقی نەکرابۆوە. ماکیارینی سەرجەم چوار نەشتەرگەری لەو شێویەی لە سوید و چواری دیکەی لە دەرەوەی سوید ئەنجام دا.

لە سەرجەم هەشت نەخۆش کە ئەو نەشتەرگەرییەیان بۆ ئەنجام دراوە تەنها دووانیان لە ژیاندا ماون کە بەردەوام پێویستیان بە چاودێری وردە.

ساڵی 2014 چوار پزیشک لە کارۆلینسکا سکاڵایان دژ بە نەشتەرگەر ماکیارینی تۆمار کرد، تێیدا هاتبوو کە لێکۆڵینەوە و نەشتەرگەرییەکانی ماکیارینی هیچ بەڵگە و بنەمایەکی زانستی و ئەخلاقی نییە، ئەوەی کە گوایا بۆری هەناسەی دەستکرد دەتوانێت بەهۆی خانە زیندووەکانی نەخۆشەکەوە گەشە بکات و وەک بۆری هەناسەی سروشتی کار بکات.  

لە بەدواداچونێکی کەسێکی دەرەوەی کارۆلینسکادا لەلایەن پرۆفێسۆرێکەوە حەق درا بەو چوار پزیشکە بەڵام سەرباری ئەوە کارۆلینسکا ماکیارینی هێشتەوە و بەردەوام بوولە کاری لێکۆڵینەوە. بەڵگەی پارێزگاری لە ماکیارینی لەلایەن کارۆلینسکاوە ئەوە بوو کە ئەو لە ڕێسا ئەخلاقییەکانی پزیشکی لای نەداوە، بەڵکە نەشتەرگەریی بۆ چەند کەسێک ئەنجام داوە کە گەر نەشتەرگەرییەکەش نەبوایە هەر لە بەردەم مەترسی مردندا بوون.

واتا ماکیارینی هەوڵی چاکبوونەوەی داون نەک ئەوەی کە تاقیکردنەوەی زانستییان لەسەر ئەنجام بدات. 

بەڵام لەو دێکۆمێنتارەی کە تەلەفزیۆنی سوید (SVT) سەبارەت بە نەشتەرگەرییەکانی ماکیارینی ئەنجامی دا، دەرکەوت کە هەندێک لە نەخۆشەکان هەستیان کردووە هەڵخەڵەتێنراون و ڕاست و دروستیی ئەگەری دەرئەنجامەکانی ئەو نەشتەرگەرییەیان بۆ باس نەکراوە.

لە دوای پەخشکردنی ئەو دێکۆمێنتارە و دەرکەوتنی هەندێک زانیاری و ڕاستی کە گوومان دەکرێت ماکیارینی شاردبنییەوە، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی کارۆلینسکا و بەڕیوەبەرەکەی کرا.

بۆیە  ئینیستیتیوتی کارۆلینسکا بڕیاری داوە پێداچوونەوە بۆ کارەکانی ماکیارینی بکات و گەر زانیارییەکانی فیلمە دێکۆمێنتارییەکەی تەلەفزیۆمی سوید ڕاست دەر بچن ئەوا ماکیارینی لەکارەکەی دەر دەکرێت.  

جێی سەرنجە ماکیارینی لە ساڵی 2010 لە میدیا ئیتالییەکاندا بە گوومانی ساختەی زانستی لەسەری نوسرابوو، کە نەخۆشی هەڵخەڵەتاندووە و ڕاستییەکانی لێ شاردوونەتەوە. ساڵێ 2012 بەو هۆیەوە خرایە گرتووخانە و پاشان ئازاد کرا.

ئینیستیتیوتی کارۆلینسکا ئاگایان لەم راستیانە بووە کەچی لە ساڵی 2010 ەوە لە بەشی لێکۆڵینەوەکان دایانمەزراندووە.  


بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista