radio sweden på lätt svenska webbsida.
ماڵپەڕی هەواڵەکان بە سویدیی ئاسان

هەواڵەکان بە سویدیی ئاسان پەخش دەبن

هەواڵ بەسویدیی ئاسان پەخش دەکرێت
2:46 min

ئەمڕۆ بەرنامەیەکی نوێ لە ڕادیۆی سوید دەست بە پەخش دەکات، بەرنامەکە بۆ گەیاندنی هەواڵەکانی سویدە بە زمانێکی سویدیی ئاسان (lätt svenska).  

 

 

Radio Sweden på lätt svenska ناوی ئەو ماڵپەڕە نوێیەیە کە ئامانجی گەیاندنی هەوالەکانی سویدە بە سویدییەکی ئاسان. ڕاپۆرتوان و بەرپرسی ئەو بەرنامەیە ئینگرید فوشباری دەڵێت لە ڕێی ئەم بەرنامەیەوە دەمانەوێت رووداو و هەواڵەکانی ڕۆژانەی سوید بگەیەنینە ئەو گرووپەی تازە هاتوونەتە سوید واتا ئەو کەسانەی زمانی سوید باش نازانن. تا ئەوانیش ببنە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە و ئاگایان لە بەرنامەکانی ڕادیۆی سوید بێت. 

 فوشباری هەروەها دەڵێت، ناوەڕۆکی ئەو بەرنامانە بە زمانی سویدیی ئاسان بۆ ئەو کەسانەیە کە تازە هاتوونەتە سوید و ئەو کەسانەی کە خەریکی فیربوونی زمانی سویدین.

ئەو ماڵپەڕە جگە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی ڕۆژانەی سوید لە شێوەی تێکست واتا نووسین، هەموو ڕۆژێك سەعات 16 چواری دوانیوەڕۆ کورتەی هەواڵەکان بە پرۆگرامێکی دەنگیی پۆدی  5 بۆ 10 دەقیقەیی پەخش دەکات.  

لەو پرۆگرامە دەنگییەدا جەخت زیاتر لەو پرسانە دەکرێتەوە کە تایبەتن بەو کەسانەی تازە هاتوونەتە سوید، واتا ئەو هەواڵ و باسانەی بۆ ئەو کەسانە گرنگە بیزانن.

جێی باسە، جگە لەوەی کە بەرنامەکان بە زمانێکی سویدیی ئاسان پەخش دەبن، هەندێك وشە و دەستەواژەش روون دەکرێنەوە و پاشخانی ڕووداوەکان باس دەکرێن. لەبەرئەوەی کەسێکی پەنابەر کە هێندە نەژیاوە لە سویددا ڕەنگە فریای ئەوە نەکەوتبێت درێژە و پاشخانی هەواڵەکان بزانێت، یان ئەوەی کە پارتێکی سیاسی سوید لە کوێی سیاسەتی سویددایە، بەرپرسی بەرنامە ئینگرید فوشباری دەڵێت.  

Radio Sweden på lätt svenska لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت، خوێنەر یاخود گوێگر دەتوانێت پرسیار و بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە پەخش و ناوەڕۆکی بەرنامەکان بگەیەنێت.

 فۆرشباری دەڵێت ناوەڕۆکی بەرنامەکان تەنها هەواڵ و بابەتی وشک نابن بەڵكە هەواڵ و بابەتی وەرزش و فەرهەنگیشی تێدایە.

جێی ئاماژەیە، چەند ساڵێکە لە ڕادیۆی سوید بەرنامەیەک بە ناوی (Klartext) هەواڵ بە سویدییەکی ئاسان بڵاو دەکاتەوە، ئەو بەرنامەیە هەر دەمێنێت بەڵام لەمەودوا بەرنامەکانیان تایبەت بۆ ئەو کەسانەیە کە توانای تێگەشتنیان سستە (kognetiva funktionsnedsättningar).

کلیکی ئێرە بکە بۆ بینینی ماڵپەڕی هەوالەکان بە سویدیی ئاسان!

 

.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".