Foto: Nora Lorek/TT.
Wêne: Nora Lorek/TT. وێنە: NORA LOREK / TT

یاسای نوێ دژ بە سووکایەتیی ئینتەرنێتی پێشنیاز کرا

سووکایەتی ئینتەرنێتی دەبێت بە یاسا بوەستێنرێت
3:27 min

ئەمڕۆ لێکۆڵەوەری دەوڵەتی چەند پێشنیازە یاسایەکی پێشکەش بە وەزیری داد کرد، داوا کراوە بە یاسا بەر بە دیاردەی سووکایەتی و ڕقوکینەی سەر ئینتەرنێت بگیرێت.

ئەگەر لە ئاواییەکەتان خەڵکی باست بکەن، سەرکووت بکرێیت و گێچەڵی پێ بکەن، دەتوانین ئاواییەکە جێبهێڵیت و بچیتە شوێنێکی دیکە بژیت، بەڵام ئەگەر لە ئینتەرنێت لەو جۆرە سووکایەتییانەت پێ بکرێت ڕوو لە کوێ دەکەیت، خۆ ناتوانیت لە ئینتەرنێت بگوێزیتەوە. وەزیری داد مورگان یوهانسۆن دەڵێت.

بۆ بەرگرتن بە دیاردەی سووکایەتیی لە ئینتەرنێت حوکوومەت ئەرکی لێکۆڵینەوە و گەڵالەکردنی چەند پێشنیازە یاسایەکی خستە ئەستۆی گودرون ئانتێمار، ئەمڕۆ ئانتێمار پێشنیازەکانی خستە بەردەست وەزیری داد. ئانتێمار دەڵێت یاساکان دەبێت هەموار بکرێنەوە و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمی نوێدا بگونجێنرێت.

زۆربەی ئەو یاسایانی نووسراونەتەوە و لەسەر تاوانەکانی ئینتەرنێت پەیڕەو دەکرێن هێندە کۆنن کە لە ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا نووسرانەتەوە. ئەو کاتەی کە تەلەفۆنەکانمان ئەرزیی بوون. واتا ئەو یاسایانە بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێن کە تەکنیک و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان یەکجار گەشەیان کردووە.

جێی باسە، لەو یاسایانەی ئانتێمار پێشنیازی کردوون بۆ نموونە دەبێت بە پێی یاسا سزای ئەو کەسە بدرێت کە فیلمی سێکسی لەسەر کەسێکی دیکە بڵاو دەکاتەوە یاخود کەسێک باسی نەخۆشیی کەسێكی دیکە بڵاو دەکاتەوە. ئەو کەسانەشی کە سووکایەتی بە خەڵک دەکەن. 

ئەو سزایانەی پێشنیاز کراوون بۆ تاوانی ئینتەرنێتیی بریتییە لە تاوانە و زیندانیی دوو ساڵ بۆ تاوانی ئاسایی،  بەڵام بۆ تاوانی گەورە زیندانیی شەش بۆ چوار ساڵە.

هەروەها پێشنیازی ئەوە کراوە کە یاسای تایبەت بە هەڕەشە بگۆڕدرێت بەشێوەیەک کە بێجگە لە هەڕەشەکردن لە کەسێک کە لێی دەدرێت یاخود شتوومەکی شتێک لێ بکرێت، دەبێت ئەو هەڕەشە ئینتەرنێتییانەش بگرێتەوە کە بۆ نموونە هەڕەشە لە کەسێک بکرێت کە وێنە و فیلمی سێکسی بڵاو بکرێتەوە. لێکۆڵەوەر گودرون ئانتێمار دەڵێت.

ئەو کەسەشی لە ڕێی ئینتەرنێتەوە بوختانی بۆ دەکرێت دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە قەرەبووی ماددی بکرێتەوە.   

هەروەها پێشنیازی ئەوە کراوە کە یاسای تایبەت بە سووکایەتی پێکردن دەبێت بۆ سزادانی سووکایەتی ئینتەرنێتیش بەکار بهێنرێت، بۆ نموونە کاتێک لە ڕێی ئینتەرنێتەوە قسەی ناشرین بەکەسێک دەوترێت یاخود لە کەسایەی و نرخی کەسێک کەم دەکرێتەوە.

زۆربەی ئەوانەی لە ئینتەرنێت سووکایەتییان پێ دەکرێت منداڵ و لاوانن، هەر بۆیە ئەم پێشنیازانە لە لایەن بەرپرسی گشتیی منداڵپارێزییەوە (Rädad Barnen) پێشوازیی لێ دەکرێت.

وەزیری دادیش مورگان یوهانسۆن دەڵێت لەم سەردەمەدا کە تەکنیکی نوێ بۆتە بەشێك لە ژیانی منداڵ و لاو گرنگە یاسا هەبن بۆ پاراستنیان بەتایبەت کچان کە زیاتر لە گرووپەکانی دیکە پێوە دەبن.  

جێی سەرنجە، ئەم پێشنیازە یاسایانە دەنێردرێنە دامودەستگە پەیوەندیدارەکان دواتر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، بەو پێیە چاوەڕێ دەکرێت یاسا نوێکان لە سەرەتای ساڵی نوێدا بخرێنە کار.

 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".