Foto: Sveriges Radio
Foto: Sveriges Radio

هەندێک کۆمۆن منداڵە پەنابەرەکان لە خۆیان دوور دەخەنەوە

2:52 min

ئەو منداڵە پەنابەرە بەتەنها هاتووانەی کە دەستگەی کۆچ دەیاننێرێتە هەندێک کۆمۆن، دواتر لە زڕخێزانێک (familjehem) لە کۆمۆنەکانی دیکە دەدۆزرێنەوە.

ئولێ ڕەیخەنباری مۆدێرات بەڕێوەبەری سەرۆکایەتی کۆمۆنی داندرید لەو بارەیەوە دەڵێت، کێشەکە ئەوەیە کە منداڵێکی زۆر دێنە سوید و هەموو کاتێک ئاسان نییە خیزانێکیان بۆ بدۆزرێتەوە کە لە خۆیان بگرێت، خۆزگەم دەخواست کە بمانتوانیایە زڕخێزان بۆ ئەو منداڵە پەنابەرانە دابین بکەین بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە.

دوو ساڵ لەمەوبەر دەستگەی کۆچ بە پێی یاسایەکی نوێ دەستی کرد بە ناچارکردنی کۆمۆنەکان بۆ وەرگرتنی منداڵە پەنابەرە بەتەنها هاتووەکان، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانە تەنها چەند کۆمۆنێک وەریدەگرتن، بەڵام کۆمۆنەکانی دیکە تەنها منداڵێکیشیان وەرنەدەگرت.

ئیتر کە ژمارەی منداڵە پەنابەرەکان زیادی کرد حکوومەت ناچار بوو یاسایەکەی نوێ بێنێتە کایە بۆ ئەوەی هەموو کۆمۆنەکان وەک یەک پەنابەر وەربگرن و هەمووان ئەرکی هاووگونجی ئەو منداڵە پەنابەرانە بگرنە ئەستۆ.

جێی باسە هیچ یاسایەک بەر بەوە ناگرێت کە کۆمۆنێک منداڵە پەنابەرێک بنێرێتە کۆمۆنێکی دیکە، زۆرێکیش لە کۆمۆنەکان هەر وا دەکەن، بەڵام هەندێک کۆمۆن کە ژمارەی دانیشتووانی بەڕەگەز بیانیان کەمە ژمارەیەکی زۆر لەو مندالە پەنابەرانە بەخۆ ناگرن و دەیانێرنە ئەو زڕخێزانانەی کە لەدەرەوی کۆمۆنەکەی خۆیانە.

بۆ نموونە کۆمۆنی ڤاکسهۆڵم لە ستۆکهۆڵم 23 منداڵی بەتەنها هاتووی وەرگرتووە بەڵام تەنها یەکێک لەو منداڵانە لە ناو کۆمۆنەکەدا دەژی. ئەمە ئامانجی ئێمە نەبوو سوفیا ئێڤاڵ لیندباری لە دەستگەی کۆچ دەڵێت، ئامانجی ئێمە ئەوە بوو کە یەکسانییەک لە نێوان کۆمۆنەکاندا و لە ژمارەی وەرگرتنی مندالە پەنابەرەکاندا دابهێنین.

بەڵام ئێمە ناتوانین بگەینە ئەم ئامانجە گەر کۆمۆنەکان هاوکاریی یەکتر نەکەن، بۆیە گرنگە ئەو کۆمۆنەی منداڵی پەنابەری بۆ دەنێردرێت دەبێت خۆیان کارێکی ڕێکخراو بکەن تا بتوانن سەرپەرشتی ئەو منداڵانە لە کۆمۆنەکانی خۆیاندا بکەن.


بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista