flyktingar .  Foto: Anders Wiklund / TT
Foto: Anders Wiklund / TT

یاسا نوێکانی کۆچ ڕەخنەی تووندی لێگیراوە

یاسا نوێکانی پەنابەری دژەمنداڵ و ژنن
3:14 min

 

یاسا نوێکانی تایبەت بە کۆچ و پەنابەری کە حوکوومەت وەک پرسیارنامە ناردبووی بۆ دەستگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕەخنەی تووندی لێگیراوە.

سبەینێ ماوەی هەڵسەنگاندنی یاسا نوێکانی کۆچ تەواو دەبێت، ڕۆژنامەی (Dagens Nyheter) هەندێک لەو ڕەخنانەی کۆکردۆتەوە کە لەو یاسا نوێیانەی تایبەت بە پەنابەری و کۆچ کراوون.

بە پێی ئەو یاسا نوێیانەی حوکوومەت پێشنیازی کردوون بۆ نموونە سنووردارکردنی ماوەی مافی مانەوە لە سویددا، واتا مۆڵەت یاخود ئیقامەی کاتی دەدرێتە پەنابەران، بۆ ماوەی سێ ساڵ، لەدوای ئەو سێ ساڵە ئەگەری نوێکردنەوەی ئیقامەکە هەیە بەڵام دیسان کاتیی دەبێت.  مافی هێنانی خێزان و مناڵ یەکجار سنووردار بکرێت، واتا ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران بۆیان نییە خێزان و مندالەکانیان بهێننە سوید.

ئەم یاسایانە وا پێشنیاز کراوە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە 31 ی مانگی ماییەوە کاری پێ بکرێت. بەڵام لە پراکتیکدا لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردووەوە پەیڕەو کراوە و هەموو ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە کە لەماوەی پاییزی رابوردووەوە هاتوونەتە سوید.

ژمارەیەک لەو دەستگە و لایەنە پەیوەندیدارانەی کە ئەو یاسایانەیان بۆ هەڵسەنگاندن لابووە دەڵێن ئەو یاسایانە گورزێکی تووند بە تایبەت لە منداڵ دەدات، مۆڵەتی کاتیی لە بەرژەوەندی منداڵ نییە و نوێنەرایەتیی پرسی منداڵان (Barnombudsmannen) ئەو یاسایانە بە دژەمنداڵ ناو دەبات.

سەندیکای ئەکادێمییەکان رەخنەی تووند دەگرن و بەڕێوەبەری سیاسەتی کۆمەڵایەتی ئورسولا باریە دەڵێت ئەو پێشنیازەیاسایانەی حوکوومەت زۆر خراپن، مەترسی ئەوەش هەیە ئەم یاسایانە روانگە و تێگەشتنی خەڵکی بۆ سوید بگۆڕێت، کە سوید ولاتێکی کراوە و پارێزەری مافەکانی مرۆڤە و خەڵکی مافی پەنابەریی تێدا وەردەگرن، پەنابەران دەبێت کاتێک دێنە سوید هەلومەرجی گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت تا بتوانن لەو کۆمەڵگە نوێیەدا بگونجێن و ڕەگ داکووتن.

ئامنێستیش هۆشدارییان داوە کە یاسای تایبەت بە مافی کۆکردنەوەی خێزان ژن و منداڵ لێی زەرەرمەند دەبن، هەر ئەو یاسایە وا دەکات کە ژن و منداڵی ئەو پیاوانەی لە سوید ئیقامەیان وەرگرتووە ڕێگای مەترسیدار بگرنە بەر تا پێک بگەنەوە. بۆ نموونە هەندێک ژن کە ناتوانن پارەی قاچاخچی بدەن ناچار دەکرێن لەشی خۆیان بفرۆشن.

لایەنێکی دیکەی ڕەخنەگر سەندیکای کارمەندان (TCO och Saco) یە کە دەڵێن ئەو یاسا نوێیانەی پەنابەری دەبنە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی هاوگونجی و تەواو دژی ئەو لێکۆڵینەوانەن کە سەلماندوویانە چی باشە بۆ هاوگونجی و نیشتەجێبوون لە وڵاتێکی نوێدا.

بۆ نموونە کەسی تازەهاتوو بەزەحمەت دەتوانێ بخوێنێت، چونکە کاتێک دەزانن تەنها کار دەیانگەیەنێتە مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی، روو لەکاری ئاسان دەکەن دوور لە پاشخانی خوێندن و کارامەییان، بەوشێوەیە ئەوانیش فرسەتی کار لە کەسانی دیکە دەگرن.  

یاسا نوێکانی تایبەت بە کۆچ و پەنابەری ئەمانەن:

  • هەموو ئەو کەسانەی تازە داوای مافی مانەوەیان کردووە مۆڵەتی مانەوەی کاتیی وەردەگرن. تەنها ئەو پەنابەرانە نەبێت کە بە یاسای کۆتە (kvotflyktting) واتا لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە هێنراونەتە سوید.
  • مافی داواکردنی هێنانی خێزان یاخود کۆکردنەوەی لە وڵاتەی خۆتەوە بۆ سوید کاتی بۆ دادەنرێت، واتا لە ماوەیەکی دیاریکراودا هەموو پەنابەرێک دەبێت بتوانیت بژێوییان بۆ دابین بکەیت بۆ ئەوەی مافی هێنانی خێزانت هەبێت.ئەمە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی وەرگرتنی مافی پەنابەریدا داوای هێنانی خێزانەکانیان دەکەن. واتا تەنها ئەو کەسانە مەرجی دابینکردنی ماڵ و بژێوی نایانگرێتەوە. 
  • دیاریکردنی تەمەنی پەنابەرە لاوەکان دەست پێ دەکرێت، ئەوەیش لە ڕێی پشکنینی پزیشکییەوە. ئەمە ئەو خێزانانە ناگرێتەوە کە پێش ئەم بڕیارە تۆمار کراون.
  • ئەو پەنابەرانەی مۆڵەتی کاتی وەردەگرن بۆیان هەیە داوای هێنانی تەنها ئەندامانی خێزانەکەیان واتا هاوسەر و منداڵەکانیان بکەن. ئەو هاوسەرانەش تەمەنیان نابێت لە 21 ساڵ گەورەتر بێت.
  • هەموو پەنابەران مۆڵەت وەردەگرن جگە لەو پەنابەرانەی کە بەهۆکاری ژیانپارێزی دیکە (övriga skyddsbehövande) هاتوونەتە سوید مۆڵەتی مانەوە وەر ناگرن.
  • کۆنترۆڵکردن و داواکردنی پێناسە لە موسافیرەکان لە هەموو ڕێگاکانی گواستنەوە وەک شەمەندەفەر و پاس کە دێنە سوید پەیڕەو دەکرێت.

جێی ئاماژەیە حوکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئەم یاسا نوێیانە چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی مانگی ئەپریلی داهاتووەوە بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵ پەیڕەوییان لێبکرێت.

سوید تەنها لە ماوەی ئەم دوومانگەی دواییدا 80 هەزار پەنابەری وەرگرتووە. سەرەکوەزیران ستێفان لێۆڤێن سەبارەت بەو بارودۆخە دەڵێت ئەمە گەورەترین ژمارەی پەنابەرە سوید لە مێژووی سەردەمی نوێدا پێشوازیی لێ کردبێت، لەهەمانکاتدا ڕەخنەی لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپی کرد کە بە ئەرکی خۆیان هەڵناسن و پەنابەران وەرناگرن.

تێبینی!

لە ماڵپەڕی دەستگەی کۆچ سەبارەت بە (övriga skyddsbehövande) ئاوها نووسراوە:

بەپێی بەیاننامەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە کۆچ (övriga skyddsbehövande) واتا کەسانێک کە بە هۆکاری دیکە داوای مۆڵەتی مانەوە بۆ پاراستنی ژیانیان دەکەن، پێناسە گروپێک لە پەنابەرنە کە تەنها لە یاسای کۆچی سویددا کاری پێ دەکرێت. واتا لە پەیماننامە نیونەتەوەییەکان و لە یاساکانی یەکییەتی ئەرووپادا بوونی نییە.

بەپێی ئەو یاسا سویدییە ئەو گرووپە واتا کەسانێک کە بە هۆکاری دیکە داوای مۆڵەتی مانەوە بۆ پاراستنی ژیانیان دەکەن ئەو کەسانەن کە:

  • بەهۆی دژواری و ناکۆکی چەکداری ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
  • هەست بە مەترسییەکی زۆر دەکەن کە لە وڵاتی خۆیان توشی پەلاماردان ببن و دەسترێژییان بکرێتە سەر.
  • بە هۆی کارەساتی ژینگە یاخود کارەساتی سروشتییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

 ئەمەش لینکی ماڵپەڕی دەستگەی کۆچە سەبارەت بەو دەستەواژەوە و چەندین دەستەواژەی دیکە کە تایبەتن بە یاسای کۆچ. 

 http://www.migrationsverket.se/Privatpersoner/Skydd-och-asyl-i-Sverige/Asylregler.html



بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".