Maria Persson-Löfgren, Foto: Sveriges Radio
Maria Persson-Löfgren, Foto: Sveriges Radio

پەیامنێری سوید لە ڕووسیا هێرشی کراوەتە سەر

ڕٶژنامەوانان لە ناوچە دژووارەکان پەلامار دەدرێن
2:56 min

پەیامنێری ڕادیۆی سوید لە مۆسکۆ، ماریا پارشۆن لۆفگرێن، دوێنی ئێوارە لە هەرێمی ئینگوشین لە ڕووسیا پەلامار دراوە و بە سووکی بریندار بووە.

ماریا پارشۆن لۆفگرێن لەگەڵ سێ ڕۆژنامەوانی دیکە و چوار چالاکوانێکی مافی مرۆڤ لە کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەدان، لە پاسێکدا بەڕێوەبوون بەرەو (Groznyj) کاتێک لە هەرێمی (Ingusjien) لەلایەن نزیکەی 30 کەسی دەمامکدار بە کوتەک و چەقۆوە هێرشیان کراوتە سەر. لەو هێرشەدا لە چەند ڕۆژنامەوانێک دراوە و کەلوپەلەکانیان دزراوە ، هەروەها ئوتوبوسەکەشیان سووتێنراوە.

  • ماریا دەڵێت، سەرەتا وامزانی تووشی رووداوی هاتووچۆ بووین دواتر بینیم کە چەند گەنجێک بە دەمامکەوە کەوتنە شکاندنی پەنجەرەی ئوتومبێلەکەمان و داوایان لە شۆفێرەکە کرد دەرگاکان بکاتەوە، ئینجا هاواریان ئەکرد: ئێوە تیرۆریستن ئێوە پارێزەری مافی مرۆڤ نین ئێوە هاتوون خەڵکی ئێمە بکوژن.

ئەو چوار ڕۆژنامەوانە و چالاکوانانی مافی مرۆڤ بەڕێوەبوون تا چاویان بەو کەسانە بکەوێت کە تووشی ئەشکەنجە و ڕفاندن هاتوون لە چیچان.

جێی باسە ئەو ڕۆژنامەوانانە، خەڵکی سوید، نەرویج و ڕووسیا بوون، ڕاپۆرتوانە ڕووسیەکە لە جریوەیەکی تویتەردا نووسیوویەتی پێش هێرشەکە ئەو چوار ڕۆژنامەوانە لەلایەن چەند ئوتومبێلێکەوە دوایان کەوتوون.

بەپێی پەیامنێری پێشووی رادیۆی سوید لە ڕووسیا ستێن خۆسترۆم ئەو هەرێمەی هێرشەکەی تێدا ڕووداوە کە دەکەوێتە باکووری قەوقازەوە لەماوەی ئەم 20 ساڵەی رابوردوودا یەکجار نائارام و دژووار بووە. لەم هەرێمەدا جگە لە دیاردەی تاوانکاری دیاردەی ڕاوەدوونانی سیاسیش بەربڵاوە. هەموو ئەو کەسانەی بۆ پرسی مافی مرۆڤ کار دەکەن تووشی پەلامار و ڕاوەدوونان دێن. خۆسترۆم هەروەها دەڵێت گروپی تیرۆیستیی ناسراو بە داعش لە ناوچەیەکی بچووکی ئەو هەرێمەدا چالاکن.

بەرپرسی پەیامنێران لە دەستگەی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید ئێکۆت، یینا لیندباری دەڵێت هێشتا زووە بزانین ئەو ڕووداوە چ کاریگەرییەکی لەسەر کاری داهاتووی پەیامنێری دەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە پەلاماردانی ڕۆژنامەوانان مەترسییە لە سەر ئازادی ڕادەربڕێن لیندباری دەڵێت.

هەرچی بەرپرسی ڕۆژنامەوانانی بێسنووری سویدییە، یوناتان لوندکڤیست دەڵێت بەهۆی ڕووداوی لەم جۆرەوە کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەوانان دەبێتەوە زۆربەی دەستگە مێدییاییەکانی جیهان پێداچوونەوە بە کار و ڕۆتینی گەشتی ئەو ڕۆژنامەوانانە دەکەن کە لە ناوچە مەترسیدارەکانەوە پەیامنێری دەکەن.  

 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".