Foto: Virginia Mayo/TT
1 av 3
دەرەوەی میترۆ لە برۆکسل
Foto: AFP
2 av 3
فڕۆکەخانەی برۆکسل
Foto: Daniela Schwarzer/TT.
3 av 3
فڕۆکەخانەی برۆکسل

لیۆڤێن: ڕووداوەکەی برۆکسل هێرشە بۆسەر دیموکراسیی ئەورووپا

0:15 min

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەند تەقینەوەیەک لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ڕوویان دا، دوو تەقینەوە لە فڕۆکەخانەی (Zaventem) و تەقینەوەیەک لە وێستگەی شەمەندەفەری ژێرزەمینی (Maalbeek) لە برۆکسل. 

بەپێی رادیۆ و تەلەفزیۆنی گشتیی بەلجیکا تا ئێستا 34 کوژراو و 200 بریندارهەیە. 

بە پێی دەستگەکانی بەلجیکا تەقینەوەکانی نێو فڕۆکەخانەی برۆکسل بەهۆی خۆکوژەوە بووە. هەروەها سەرچاوەی هەواڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بەلجیکی (RTBF) سنووری نیوان بەلجیکا و فەڕەنسا داخراوە.

ڕێگەکانی دیکەی هاتووچۆی ئاسمانی، شەمەندەفەر و ئوتوبوس لە برۆکسل وەستاوە، هەروەها شەمەندەفەری نێوان لەندەن- برۆکسلیش وەستاوە. 

جێی باسە تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسێتی خۆی لەو رووداوانە ڕانەگەیاندووە. هاوکات کەناڵی تەلەفزیۆنیی بەلجیکی (VTM) ڕایگەیاندووە کە لە فڕۆکەخانەکەدا هەندێک کەلوپەلی وەک چەکی ئۆتۆماتیکی و پشتێنێکی خۆتەقاندنەوە دۆزراوەتەوە.  

سویدییەک بریندارە

بەپێی ڕۆژنامەی (Expressen) هاوڵاتییەکی سوید تەمەن 50 ساڵە بەهۆی تەقینەوەکانی برۆکسلەوە بە سووکی بریندار بووە. 

سێپۆ

هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکانی برۆکسلدا دەستگەی هەواڵگریی سوید سێپۆ (Säpo) ڕایانگەیاند پلەی هەڕەشەی تیرۆریستی لەسەر سوید زیاد ناکات، لە حاڵێ حازردا ئاستی مەترسی ڕووداوی تیرۆریستی لەسەر سوید بەپێی هەڵسەنگاندنی سێپۆ سێ پلەیە لە کۆی پێنج پلە. 

وەزارەتی دەرەوەی سوید

وەزارەتی دەرەوەی سوید هۆشداریی دەداتە هاوڵاتییان کە لەم کاتەدا سەفەر بۆ بەلجیکا نەکەن. 

هەروەها وەزارەتی دەرەوە ژمارە تەلەفۆنێکیان بۆ ئەو کەسانە تەرخان کردووە کە لە ستۆکهۆلم دەژین و دەیانەوێت هەواڵی کەسوکاریان لە برۆکسل بزانن:

08-4059200

فڕۆکەخانەی ئارلاندا و برۆمما لە سوید

پۆلیسی سوید ژمارەی هێزی چاودێری لە فڕۆکەخانەی ئارلاندا (Arlanda) و برۆمما (Bromma) لە ستۆکهۆلم زیاد دەکات، بە پێی ڕۆژنامەی (Dagens Nyheter).

ئەو دوو گەشتەی کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی ئارلانداوە بۆ برۆکسل دەچوو، راگیراوە. 

دەستگەی (Swedavia) ی دەوڵەتی کە بەرپرسە لە فڕۆکەخانەکانی سوید ڕایگەیاندووە کە ژمارەی کارمەندانیان بۆ زانیاریدان و ژمارەی پاسەوانەکانیان لە فڕۆکەخانەی ئارلاندا و برۆمما لە ستۆکهۆلم، لاندڤێتەر (Landvetter) لە یۆتۆبۆری زیاد کردووە.

ژمارەی پەیوەندی!

بۆ زانیاری سەبارەت بە کەسوکار و ناسیاو، فڕۆکەخانەی برۆکسل ئەم ژمارە تەلەفۆنەیان بۆ پەیوەندیی هاوڵاتییان داناوە:

0032-27537300

فەیسبووک

تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئەمڕۆ (funktion) خزمەتگوزارییەکی نوێی بۆ ئەو کەسانە خستۆتە کار کە لە برۆکسلن، بەو پێیە هەر کەس دەتوانێت لە والەکەی خۆیەوە هەواڵی سەلامەتی خۆی لە برۆکسلەوە بە نیشاندانی دێڕێک نووسراوی ئامادەکراو (من سەلامەتم!) رابگەیەنێت.

ماڵپەڕێک بۆ زانیاری لە کاتی قەیراندا

هەروەها دەستگەی پاراستنی کۆمەڵگە (MSB) ماڵپەڕێکی بۆ زانیاریی دەستگە سویدییەکان سەبارەت بە ڕووداوەکان بەم ناونیشانە تەرخان کردووە:

Krisinformation.se

لێدوانی سیاسەتمەدارانی سوید

ستێفان لێۆڤێن

سەرۆکوەزیرانی سوید ستێفان لێۆڤێن سەبارەت بە ڕووداوەکانی برۆکسل دەڵێت:

” برۆکسل بووەتە خاکی هاوبەشی وڵاتانی ئەورووپا، ئەوەی ئەمڕۆ هێرشی کرایە سەر ئەورووپایەکی دیموکراسی و یەکگرتووە، ئەوەشی کە دەبێت و دەتوانێت وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە ئەورووپایەکی یەکگرتووی دیموکراتە”.

ئەو هەروەها دەڵێت: "برۆکسل دووچاری ڕووداوەی تیرۆریستی بووە و هەرچەندە هێشتا هەموو شت روون نییە بەڵام زانیاری هەیە کە کوژراو و بریندار هەن. ئەمە هێرشە بۆسەر دیموکراسی ئەورووپا، ئێمە هەرگیز قوبووڵی ناکەین تیرۆریستەکان پەلاماری کۆمەڵگە دیموکراتییەکەمان بدەن.حوکوومەت چرکە بە چرکە بەدواداچوون بۆ بارودۆخەکە دەکات و زانیاری سەبارەت  ڕووداوەکە وەردەگرین، هەروەها لەوە دەکۆڵینەوە کە ئاخۆ ئەو ڕووداوانە کاریگەرییان لەسەر سویدییەکانی برۆکسل چی بووە."  

وەزیری ناوخۆ

وەزیری ناوخۆی سوید ئەندەرش ئیگێمان دەڵێت، دیسانەوە ئازادی و کراوەیی ئەورووپا هێرشی دەکرێتە سەر. هەرگیز نابێت مل بۆ  تیرۆر و تووندوتیژی بدەین، دڵمان لای قوربانییانە.

ئیگێمان هەروەها ڕایگەیاند کە لەحاڵێ حازردا ئەوەی کە گرنگە بە پلەی یەکەم زانیارییە لەسەر هاوڵاتییە سویدییەکانی برۆکسل و دڵنیابوون لە سەلامەتییان، دووەم کارمان لەم کاتەدا لێکۆڵینەوەیە لەوەی کە ئاخۆ هیچ پەیوەندییەکی سویدی بەو ڕووداوەی برۆکسلەوە هەیە یان نا. 

وەزیری دەرەوە

وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت ڤالستریۆم دەڵێت، دەکرێت پەیوەندییەک لە نێوان ڕووداوەکەی ئەمڕۆ و دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکانی ئەم دواییەی برۆکسلدا هەبن، هەروەها لەگەڵ ڕووداوەکانی پاریس.  

ئاننا شینێباری باترا

هەر سەبارەت بە ڕووداوەکانی برۆکسل ئاننا شیندباری باترا سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی مۆدێراتەکان لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، هێرشێکی زۆر سامناک لە برۆکسل دژ بە مرۆڤ و خێزان بەڵام هەروەها دژ بە کۆمەڵگە و کراوەیی ئەو کۆمەڵگەیە کراوە. هەموومان دەبێت دژ بە تێررۆریسم بوەستینەوە.

یوناس خۆستۆد

یوناس خۆستۆد سەرۆکی پارتی چەپ دەڵێت: ئەو هێرشە تیرۆریستییەی برۆکسل مەترسیدار و ترسنۆکانەیە. دڵم لای بەرکەوتەکانی ئەو ڕووداوەیە، دەبا پێکەوە بە دیموکراسیەت و خۆراگریی دژ بە تیرۆر بوەستینەوە.

فەرماندەی سوپا

فەرماندەی سوپای سوید میکائێل بیدێن بۆ نوسینگەی هەواڵەکانی سوید (TT) دەڵێت، لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ دەستگەکانی پۆلیس و دەستگەی پۆلیسی ئاسایش هەروەها دەستگە پەیوەندیدارەکانی دیکە، ئامادەین بۆ هاوکاری پۆلیس هەرکات پێویست بکات. دەزانم گەر پێویستیان بە هاوکاری ئێمە بێت، داوای فەرمیمان بۆ دێت.  

.........

هەر لەم پەیوەندەدا نوێنەری سەندیکای فەرمانبەران (TCO) لە ئاستی یەکیەتیی ئەورووپا،بێریڤان ئۆنگورور لەکاتی ڕووداوەکەدا لە هۆتێلێکی نزیک لەو میترۆیەی تەقینەوەکەی تێدا ڕووداوە،  بووە. بێریڤان بۆ بەشی کوردیی رادیۆی سوید سەبارەت بەو ڕووداوانە دوا.

لینکی گفتوگۆکەی هاوکارمان ڕەڤەند شێخۆ لەگەڵ بێریڤان ئونگورور لە لینکی هاوپێچی ئەم هەواڵە دەدۆزیتەوە! 



بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista