Foto:TT
Foto:TT

ماددەی زیانبەخش لە خواردەمەنیدا دۆزراوەتەوە

ڕێژەی ئەو ماددانە نەگەشتوونەتە ئاستی هۆشدارییدان
2:51 min

ژمارەیەکی زۆر لەو دەرمانە کشتوکاڵییانەی دژ بە گیانەوەرە زیانبەخشەکان بەکار دەهێنرێن و لە یەکییەتیی ئەورووپادا قەدەغەن، لە خواردندا دۆزراونەتەوە.

 

چەند جۆرێک لەو دەرمانانە بەلانسی هۆرمۆنەکانی لەش تێک دەدەن کە ئەگەر بێت و بڕێکی کەمیش لەو دەرمانانە لە ڕێی خواردنەوە بچنە لەشی مرۆڤەوە زیانی پێ دەگەیەنن.

جێی باسە بەپێی بەدواداچوونێک کە بۆ نووسینی کتێبی (Miljödieten) بەهاوکاریی دەستگەی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید (Ekot) ئەنجام دراوە و نموونەیان لە لێکۆڵینەوەکانی دەستگەی چاودێریی خواردەمەنی (Livsmedelsverket) وەرگرتووە، دەرکەوتووە کە 22 جۆر لەو دەرمانانەی بۆ بەرگرتن لە زیندەوەرە زیانبەخشەکانی کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێن و لە یەکییەتیی ئەورووپادا بەکارهێنانیان قەدەغەیە، لەو خواردنانەدا دۆزراونەتەوە کە لە بازاڕەکانی سویددا دەفرۆشرێن.

بەتایبەت لەو خواردنانەدا دۆزراونەتەوە کە لە وڵاتانی دەرەوەی یەکییەتیی ئەورووپا بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام دەستگەی چاودێریی خواردەمەنی هەندێک لەو ماددانەیان لەو خواردنانەشدا دۆزیوەتەوە کە لە وڵاتانی یەکییەتیی ئەورووپادا بەرهەم هاتوون.

  • ئەوەی من لەو خواردنانەدا دەیبینم ئەو ماددانەن کە هۆرمۆنەکانی لەشی مرۆڤ تێک دەدەن و پێش دە ساڵ قەدەغە کران. پێتەر باریکڤیست ڕێنماییکار لە دەستگەی پشکنینی ماددە کیمییاوییەکان.

بەپێی پشکنینەکانی دەستگەی چاودێریی خواردەمەنی لەو ماددە زەرەرمەندانە بۆ نموونە لە سێوی بەلجیکی، پرتەقالی ئیسپانی، ترێ و زەیتونی یۆنانی، خەیاری هۆلەندی، برنج، کشمیش هەروەها جۆرەکانی بیبەردا دۆزراونەتەوە.   

دەستگەی چاودێریی خواردەمەنی دەڵێن ئەو دەرمانانەی لە بواری کشتوکاڵدا بۆ لەناوبردن یاخود بەرگرتن بە زیندەوەرە زیانبەخشەکان بەکار دێن، بۆ ئەو مرۆڤ و گیاندارانە خراپە کە لە ناوچەی کشتوکاڵکردنەکەدان، هەروەها بۆ ئەو کەسانەش کە بەروبوومی ئەو کشتوکاڵکارییە دەخۆن.  

ئەودەرمانانە بۆ نموونە کاریگەریی خراپیان بۆ نەوەخستنەوەی مرۆڤ و زیادبوونی گیاندارەکان هەیە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی پێنج ساڵدا تا ئێستا 150 حاڵەت دۆزراوەتەوە لەوکاتەشەوە حاڵەتەکان لە کەمبوونەوەدان.

هەرچەندە ئەو ماددە زەرەرمەندانە لە خواردندا دۆزراونەتەوە بەڵام لەبەرئەوەی لە بڕی دیاریکراوی دەستگەی چاودێریی خواردەمەنی لایان نەداوە، ئەو دەستگەیە هۆشداریی سەبارەت بەکارنەهێنانی ئەو خواردەمەنییانە نادەن.  

پێتەر باریکڤیست لە دەستگەی پشکنینی مادەکیمیاوییەکان دەڵێت دەستگەی چاودێریی خواردەمەنی دەبێت بە هەڵسەنگاندنەکانیاندا بچنەوە و ڕۆتینەکانیان سەبارەت بەو ماددانە بگۆڕن، دەبێت هۆشداری سەبارەت بەو وڵاتانە بدەن کە لەو جۆرە ماددە زەرەرمەندانە بەکار دێنن.




 

 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".